کاتێک دەمانەوێ درەختێک ببڕینەوە!

مەعروف مەجید
کاتێک ئێمە باسی مەترسی دار و درەخت بۆ نەوەکانمان دەکەین:

ڕۆڵەکانم، باش بزانن، دار و درەخت دوژمنی مرۆڤایەتین. تکایە ئەوەی دەیبینن و ناوی درەختە، لە هەر شوێنێک بوو، بیبڕنەوە. یان بیسوتێنن. یان لە ڕەگەوە دەری بهێنن.

ئەوەیش بزانن، بەری درەخت بوو باوە گەورەمان ئادەمی لە بەهەشت وەدەرنا.

ئەوەیش بزانن، کە دار بۆچی باشە! تەنیا سێبەرەکەی لە هاویناندا ئۆتۆمبێلی لەژێردا ڕابگرین، یان لە وەرزی سەرما و سۆڵەدا بۆ بڕینەوە و پاشان سووتاندن.

سودێکی تر کە  دەیبڕینەوە، وەکو کورسی لەسەری دادەنیشین و، وەکوو ئەوەی تا ئێستە بەکارتان هێناوە.

ئاخر پێم ناڵێن، سوودی درەخت چییە! بەتایبەتی وەرینی گەڵاکەی، ئەو قیر و کۆنکرێتە جوانەمان لێ تێک دەدا و دیمەنە جوانەکەی ناهێڵێت. بۆیە باشترین کار ئەوەیە لە ناو کۆڵان و ماڵاندا، بیانبڕینەوە.

ئێوە دەزانن، ئێمەی مرۆڤ گۆشتخۆرین، ئەی ئەگەر دار و درەخت نەبڕینەوە، گۆشت و ماسی بە چی ببرژێنین؟
 ئەزانی ئەو دارانە چەند جوانن کە دەیان بڕینەوە و دەیانکەین بە خەڵووز! بڕواتان هەبێ چایەک بە خەڵووز بکوڵێنرێ، تامی سەت چایی تری هەیە. ئەو هەموو دارە هەیە گوناح نییە نەوت و غاز و کارەبا بەکاربهێنین؟

لە لایەکی دیکەوە، خۆتان دەزانن، ئێمە وڵاتێکی هەژارین. حکومەتیش کارئاسانی بۆمان کردووە، بۆچی نەوت بە دووسەت هەزار بکڕین! ئەو هەموو درەختە جوان و بەتەمەنانە هەن، کە بۆ پێش سەدان ساڵ دەگەڕێنەوە، بڕواتان هەبێ، بەس ئاگریان بەربکەوێ، ڕێک گڕ دەگرن. هەروەک خۆتان دەزانن، لە ڕووی تەندرووستیشەوە لە سووتاندنی نەوت باشترە. کەستان بینیوە بە دووکەڵی دار بخنکێ؟ کەچی ساڵانە چەندین کەس بە دووکەڵی زۆپا و غاز دەخنکێن. حکومەت ئاگای لێ نییە، ئیتر بۆ ئێمەیش ئەو کارە نەکەین.

باووباپیرانمان دەگێڕنەوە، چەندین ساڵ پێش ئێستا، کەسێک چووەتە سەر درەختێک و کەوتۆتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە. کەسێک لقێک دار چووە بە چاویدا کوێری کردووە. کۆتەرەدارێک چووە بە قاچی کەسێکدا و قاچی بڕیوە. ئاخر ئەگەر ئەوان شەڕ بە ئێمە نەفرۆشن، کوا ئێمەی مرۆڤ هیچ هەڵەیەک دەکەین! بەڕاستی دار و درەختەکانن بوونەتە هۆکاری لەناو دچوونی مرۆڤایەتی. بزانن لە دوای هابیل و قابیل مرۆڤێکتان دیوە بە دەستی مرۆڤێکی تر  کوژرابێ؟
ئەوەندەی درەخت زیانی بۆ ئێمە هەبووە، ئێمە نیو هێندە زیانمان بۆ ئەوان نەبووە.

ئەگەر دار و درەخت نەبێ، ئاگریش ناکەوێتەوە. خۆتان دەزانن، هەر خۆشیانن کاتێ تووڕە دەبن و دڵی یەکتر دەڕەنجێنن ئاگر لە خۆیان بەردەدەن. ئیتر کاتێ ئەو کارە دەکەن، مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤە بێزیانەکانیش درووست دەبێت.  دوکەڵێکی زۆر درووست دەبێت و چەندین خانوو و شوێنی حەوانەوەمان دەسوتێن. بەهۆی دووکەڵەکەیانەوە سیمای ئاسمانیش تێکدەچێت.

زیانێکی تر، هەمووان خاوەنی منداڵی وردین، منداڵانی ئێمەیش زۆر دڵناسک و سۆزدارن، ناکرێ لە لە کاتی هەڵکردنی بادا، منداڵەکانمان بەو دەنگە بترسێن و دواتر نەخۆش بکەون. کەواتە بڕینەوە یا ووشککردنیان باشترین ڕێگەیە، تا گوێمان لە دەنگی هاژە هاژیان نەبێت.

زیانێکی تری دار و درەختەکان، هەمووان دەزانین ساڵانە بە هەزاران مرۆڤ گیان لە دەستدەدەن، بە هۆی ئاژەڵ و باڵندە و خشۆکەکانەوە. ئەگەر ئەم دارانە نەبن، ئەوا ئەوانیش هیچ شوێنێکیان نامێنێ و کۆتاییان پێ دێت. بەس پێم بڵێن: سوودی ئاژەڵەکان چین؟ سوودی باڵندەکان چین؟ بۆیە ئەگەر دەتانەوێ ئێوەی مرۆڤ لەناو نەچن بە دەست ئاژەڵەکان، باشترین کار نەهێشتنی درەختەکانە. 

زیانێکی تری زۆربوونی درەختەکان،  ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئێمەی مرۆڤ زیاد دەکەین، ئەوانیش زیاد دەکەن، کەواتە ئەوها بڕوات، جێگەی ئێمە لەم زەوییە فراوانەدا نابێتەوە. ئەی باڵەخانەی سەدان نهۆمی و ڤێللای دەیان دۆنمی و کارگەی زەبەللاح و شەقامی فراوان و فڕۆکەخانە و بازاڕی هاوچەرخ لە کوێ درووست بکەین! کەواتە جێگەی دەستخۆشییە، ئێستا لەلای خۆمان دەستیانکردووە بە بڕینەوەی درەختەکان. لەناو شار و چواردەوری شار و تەنانەت شاخەکانیش. بۆ ئەوەی ئەو پیلانە نەگریسەی درەختەکان سەرنەگرێ و ڕۆژێک بێت زاڵ بن بەسەرماندا.

خۆتان دەزانن، وڵاتی خۆمان کوێستانە و ساڵانە بەفری لێ دەبارێت، بوونی درەختیش لە زستاندا دەبێتە هۆی وەرگرتنی پلەی گەرمی، کەواتە گەرمی ئێمەیش بۆخۆیان دەبەن. حا باشترین کار بڕینەوەیانە بۆ ئەوەی ئێمە بێبەش نەبین لە گەرما لە زستاندا.

دیمەنێکی تری ناشیرینی درەخت، ئێوە لە هاوین و پایز سەیری گەڵای ئەو دارانە بکەن، بزانن چی تۆز و خۆڵێک لە خۆیان دەگرن، دیمەنی شاریان تێکداوە، ئەگەر ئەوان نەبن ئەو تۆز و خۆڵە جوانە بەناوماندا بڵاو دەبنەوە، کەواتە بۆ ئەم کارەش بڕینەوەیان، باشترین چارەسەرە.

تێبینی: ئەمەی من نووسیومە، پێچەوانەی ڕاست و درووستە.

02/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر