تورکیا بەئاشکرا شتێکی دەوێت و بەنهێنی شتێکی دی!

بەهرۆز حاجی
ڕەجەب تەییب ئەردۆگان،سەرۆکی تورکیا و یەشار گویلەری وەزیری بەرگری تورکیا و فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کە نوێنەرەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەبەغداد،دواین لێدوانەکانیان لەبارەی لەشکرکێشی و داگیرکارییەکەی تورکیا،بۆ چل کیلۆمەتری قوڵایی نێوخاکی هەرێمی کوردستان هاوپێچی یەک ئەجێندایە،ئەویش ئامانجی یەکەم پەکەکە نییە بەڵکو هێڵێکی سورە بۆ دەسەڵاتە خۆجێییەکەی قەوارەی هەرێم.

پەیماننامەی میساقی میللی کە خواست و ئامانجی فراوانکردنی دەسەڵات و فراونکردنی جوگرافیایە بۆ دەرەوەی سنوری دانپێدانراوی نێودەوڵەتی ئیستای تورکیا،  لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە،هەرچۆنێک بێت،ڕەنگڕێژ بکرێت و هەنگاوی یەکەمی بۆبنرێت،ئەمەش تاڕادەیەک هەنگاوەکە نراوەو سود لەلاوازی پێگەی عێراق و سوریا وەرگیراوە،بەگڵۆپی سەوزی هەرێمی و بەشێک لەزلهێزانی دونیا بەتایبەت ئەمێریکا،بەچاوپۆشی و داننەنانی فەرمیدا، گەیشتۆتە شوێنی خۆی.

ئێران ئەم لەشکرکێشییەی تورکیای بە بێدەنگی قبوڵکردووە، لەبەرامبەر باڵادەستی زیاتر لەناوچەو جێ نفوزی دەسەڵاتی یەکێتیدا بۆخۆی،واتە دابەشکارییەکی نوێ لەدایک بووە بەسەر ناوچەی کوردستانی عێراقدا لەنێوان هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیادا.

سەرۆکی تورکیا کاتێک دەڵێت قوفڵ لە ئۆپراسیۆنی چنگ دەدەین،ڕون و ڕاشکاو پشتڕاستکردنەوەی ئەوە ڕاستییەکە کە چیتر لەوناچانەی داگیرمان کردوە و بۆی هاتوین،کەس چاوڕێی کشانەوە نەکات و ئەوەی لەم کاتەدا هەوڵمان بۆیدا کەخۆی لە داگیرکاریی چل کیلۆمەترە بۆقوڵایی نێو خاکی کوردستانی عێراقە بە هەماهەنگی دەسەڵاتدارانی هەولێر،هاتۆتە دی و لەوێشەوە زۆر بەئاسانی دەسەڵات و هەژمونی سیاسیان بەسەر کەرکوک و ناوچەی موسڵدا دەبێت ،هەروەک چۆن ئێستا بەشێکن لەململانێی نێوان پێکهاتەو پارتە خاوەن نفوزەکانی ئەو ناوچانە لەوشارانەدا.

وەزیری دەرەوەی عێراقیش کاتێک دەستدرێژی و داگیرکاریی و بۆردمانە بەردەوامەکانی تورکیا بچوک دەکاتەوە بۆ جموجوڵی سەربازی،بەشێکە لەنهێنی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەپشتی پەردەو دوور لەچاوی شەقامی عێراقیەوە کراوە،لەنێوان بەغدادو هەولێر و ئەنقەرە و ڕەزامەندی ئێران.

لــێ کۆی ڕوداوەکان ئەوەمان پێدەڵێت تورکیا بەبێ ڕێککەوتن و ڕاوێژ ئەم هەنگاوە نوێیەی نەناوە و ئەوەی دەمێنێ تەنها پەلاماردانی چیای گارەیە لەسنوری دهۆک و تورکیاش ئەو پەلامارە بەتەنها پێناچێت ئەنجام بدات و زۆر بە لەسەرخۆیی هەنگاوی بۆدەنێت چونکە دەزانێت زیانی گیانی بۆسوپاکەی و ئەرکێکی قورسی تێچوی ئابوریش دەکەوێتە سەری، لەگەڵ ئەوەشدا دوایین لێدوانی بەرپرسە باڵاکانی تورکیا،ئەوەمان پێدەڵێت کە هەڕەشەی تازە بۆسەر سلێمانی و یەکێتیی نییە و تەنها ئەبدەیتی کردنەوەیەک بوو،چونکە کاتێک سەرۆکی تورکیا دەڵێت تۆپەکە لەگۆڕەپانی ئیدارەی سلێمانییە کەواتە کۆی پرۆسەکە بەرەو خاڵی کۆتایی دەچێت و ئامانجی کۆتایی ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا،بە سەفقەیەکی بازنەیی نێوخۆی هەرێمی و چاودێری بەشێکی زلهێزان هەتا ئێرە مەبەست بوو لەئێستادا.

14/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر