حکوومەت و نیشتمان تێکەڵ مەکە"*.. چەمکی حکوومەت و نیشتمان لە نیشتمانی عەرەب

وەرگێڕان

ڕۆبەرت فیسک لە بەناوبانگترین ڕۆژنامەنووسانی جیهان و لەوانە بوو کە باش تەبیعەتی عەرەبیان دەناسی، سی ساڵ لە و اڵتانی عەرەبی ژیا و لە شاری بەیرووت دادەنیشت. پەیامنێری "ئیندپێندنت"ی بریتانیا بوو لە ڕۆ ژهەاڵتی ناوەڕاست و لە ڕۆژنامەنووسە ڕۆژاوایییە دەگمەنەکان بوو و بە ڕۆژنامەنووسێکی دژی سیاسەتی ئەمریکا و بریتانیای واڵتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرا.

 ڕۆبەرت فیسک دەڵێ:  دەزانن بۆچی ماڵە عەرەبەکان ئەو پەڕی خاوێنن، لە کاتێک دا شەقامەکانیان بەپێچەوانەوەن؟ هۆیەکەی ئەوەیە کە عەرەب وا هەست دەکەن خۆیان خاوەنی ماڵەکانیانن، بەڵام هەست ناکەن خاوەنی نیشتمانی خۆیان بن. ڕاست وایە، شەقامەکانمان پیس و بۆگەنن، چونکە هەست دەکەین ئێمە خاوەنی نیشتمانەکانمان نین. هۆیەکەیی دەستنیشان کردووە، کە دوو شتە: 

یەکەم: ئێمە چەمکی نیشتمان و چەمکی حکوومەت تێکەڵ دەکەین و بە یەک‌شتیان دەزانین، ئەمەیش -بەش بەخۆی- نەهامەتییە. حکوومەت بەڕێوەبردنێکی سیا سییە بۆ ماوەێکی کورتی تەمەنی نیشتمان و هیچ حکوومەتێکیش تاسەر نامێنێ، لە کاتێک‌دا نیشتمان مێژوو و جوگرافیا و ئەو خاکەیە کە ئێسک وپرووسکی باپیرانی لەخۆگرتووە و ئەو درەختەیە کە ئارەقی ناوچاوانیانی خواردووەتەوە و بیر و کتێب و داب و نەریت و .. . لەبەر ئەوە مافی هەموو مرۆڤێکە ڕقی لە حکوومەت بێ، بەڵام مافی ئەوەی نییە ڕقی لە نیشتمان بێ. نەهامەتیی گەورە تێکەڵکردنی حکوومەت و نیشتمانە؛ ئیمە پێمان وایە ئەگەر نیشتمان لەناوببەین، تۆڵە لە حکوومەت دەکەینەوە!! وەک بڵێی نیشتمان هیی حکوومەتە، نەک هیی ئێمەیە. پێوەندیی حکوومەت چییە بەو شەقامە کە من و تۆی پێدا دەڕۆین، بەو زانکۆیەوە کە کوڕی من و کوڕی تۆی تێدا دەخوێنن و بەو نەخۆشخانەیەوە کە هاوسەری من و هاوسەری تۆی تێدا چارەسەردەکرێ؟!  شتەکان موڵکی ئەوانە نین کە بەڕێوەیان دەبەن، بەڵکوو موڵکی ئەوانەن کە بەکاریاندەهێنن. ئیمە -ئەوەی ڕاستی بێ- تۆڵە لە نیشتمان دەکەینەوە، نەک لە حکوومەت. ئەگەر ئێمە بەڕاستی نیشتمانمان خۆش بوێ، حکوومەتان بە شێوەیێکی‌تر سزادەدەین. 

دووەم: ڕۆشنبیریی موڵکایەتیی گشتی لای ئێمە نییە، تەنانەت وا دەردەکەوێ کە گیرۆدەی جۆرە دابڕانێکین. ئەوەی پارێزگاریی ئاودەستخانەی ماڵەکەی دەکا، هەمان کەسە کە ئاودەستخانەی گشتی پیس دەکا؛ ئەوەی پارێزگاریی مێزی ماڵەکەی خۆی دەکا، هەمان کەسە کە ناوی خۆی لەسەر مێزی قوتابخانە و زانکۆ هەڵدەكۆڵێ. ئەو باوکەی کە دەیەوێ کوڕەکەی ڕێکوپێکیی ناوماڵ بپارێزێ، هەر ئەو خۆیەتی نایەوێ لە ڕیزدا بوەستێ تا نۆرەی دێ؛ ئەو دایکەیش کە ڕازی نییە کچەکەی دەرسێک لەکیس خۆی بدا، خۆیەتی کە لە دەوام هەڵدێ.  پوختەی قسە ئەوەیە: بمانەوێ و نەمانەوێ، حکوومەت نیشتمان نییە و کێشەکانیشمان لەگەڵ حکوومەت، تێکدانی نیشتمان چارەسەری ناکا. ئەو گەلەی کە تۆڵە لە نیشتمان دەکاتەوە، چونکە حکوومەتەکەی خراپە، شایستەی حکوومەتێکی باش نییە. پێشکەوتنمان بە پاک‌وخاوێنیی باخچەی ماڵەکەمان ناپێورێ، بەڵکوو بە پاک وخاوێنیی باخی گشتی، پاش ئەوەی تێیدا دادەنیشین. ئەگەر لە حاڵ وباری خۆمان وردببینەوە، دەبینین ئێمە دوژمنی خۆمانین و کەس ئەوەندەی ئێمە خراپەکاری بەرامبەر بە نیشتمانمان ناکا. ڕاستیان گوتووە: مرۆڤ پێویستی بە شەقامی خاوێنە، تا ڕێزلێگیراو بێ. بەڵام شەقامەکانیش پێویستیان بە مرۆڤی بەڕێز هەیە تا پاک وخاوێن بن.

* وتاری نووسەری کۆچکردووی بریتانیا، ڕۆبەرت فیسک. سدیق ساڵح کردوویە بە کوردی.


19/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر