بەڕێوەبردن و سیاسەت

رەفیق ساڵح

مخابن لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە تا دوا هەڵبژاردن، لە بەرنامەی هیچ قەوارە و حیزبێکی ئەم هەرێمی کوردستانەدا وەکوو پێویست ئاماژە بە چاکسازی ئیداری نەکراوە؛ ئەگەر باسیش کرابێ، لەم ساڵانەی دوایی‌دا باسی گەندەڵیی ئیدرای و دارایی کراوە، کە ئەوەیش دەرهاوێشتە و سەرەنجامی خراپی و سستی و بێ‌هێزیی ئیدارییە لە هەرێم‌.

لە دنیای ئەمڕۆی ئێمەدا، بەڕێوەبردن بەپێی ئەزموون و لێکۆلێنەوە زانستییەکان، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەسەندن و پێشکەوتنی هەموو جومگەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی... کۆمەڵ‌دا هەیە. خۆشیی ژیانی خەڵک و تاکی کۆمەڵ، بەندە بە ئاست و توانایییی دەزگاکانی بەڕێوەبردن لەو وڵاتە. شکستی دەزگاکانی بەڕێوەبردن لەم هەرێمەی ئێمە، بەهۆی کەمیی سەروەت و سامانی سروشتی، ماددی، مرۆیییەوە نییە، بەڵکوو لەبەر خراپی و بێ‌هێزیی دەزگاکانی بەڕێوەبردنمانە کە لە ئاستی داواکاری و پێداویستییەکانی خەڵکی هەرێمەکەمان‌دا نین.

یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو لاوازی و شکستە، تێکەڵبوونی ئیدارە و سیاسەتە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حیزبەکانی هەرێم دوای ڕاپەڕین و کشانەوەی دام‌ودەزگانی بەعس، بە حوکمی شەرعییەتیی شۆڕشگێڕی، بە ماف و حەقی خۆیان زانی دەست بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵات و حکوومەت‌دا بگرن، دامەزراندن و پێدانی پۆستە ئیدارییەکان قۆرخ‌بکەن بۆ  ئەندامان و هەوادارنی خۆیان. ئەمەیش بووە مایەی ئەوەی کە کەسانێک،  کە کەم نین، لە کاسەلێس و ماستاوچی و بێ‌بار و خۆپەرست و چاوچنۆک، خۆیان بە حیزبەکان‌دا، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەڵبژاردن‌دا دەرچوون، هەڵواسن بۆ سوودوەرگرتن لە دەسکەوت و ئیمتیازەکانی ئیدارە، چونکە دەزانن بەم ڕێگایەوە نەبێ نە دادەمەزرێن  و نە پۆستی ئیداری لە وەزارەت و فەرمانگاکانی حکوومەت‌ وەردەگرن. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە کەسانی ناتوانا و بێ‌ئەزموون ئەو پۆستانە داگیربکەن و تەنیا بیر و هۆشیان دادۆشینی حکوومەت و بەکارهێنانی بێ بۆ قازانجی کەسیی خۆیان و نەتوانن ئەرکە ئیدارەییەکانی خۆیان کە خزمەتی خەڵک و جێ‌بەجێ‌کردنی بەرنامەی حیزبەکەیانە، بە ئەنجام بگەیێنن، لە کاتێک‌دا ئیدارە ئەمڕۆ زانستە و قانوون و ڕێسا و پرنسیپی تایبەت بە خۆی هەیە و لە وڵاتە پێشکەوتووەکان‌دا لە ئاستێکی باڵادا دەخوێندرێ و بایەخێکی زۆری پێ‌دەدرێ.

ئیدارە و سیاسەت، گەرچی پێوەندییەکی توند و قووڵیان بەیەکەوە هەیە، بەڵام دوو شتی زۆر جیاوازن. ئیدارە سەرباری ئەوەی زانستە، دەخوازێ لەوەی وا کاری تێدا دەکا، خاوەنی بەهرە و سەلیقە و تین‌وتوانێکی زۆری بێ،  تا بتوانێ ئەو توانایییە مرۆیی و ماددیی و دارایییەی بەردەستی‌ بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو بە باشترین شێوە بەکاربهێنێ بۆ خزمەتی گەشەپێدان و پێشخستنی کۆمەڵ. 

پۆستە ئیدراییەکان دەبێ کراوەبن بۆ کەسانی پسپۆڕ و شارەزای ئەو بوارە و بۆ هەر هاووڵاتییەک کە شیاوی بێ، نابێ قۆرخ‌بکرێن بۆ دەستە و لایەنی سیاسی، با لە هەڵبژاردنیش‌دا دەرچووبن و سەرکەوتووبووبن، چونکە ئەگەر ئەوە ڕووی‌دا، دەبێتە هۆی ئیفلیجیی و لاوازی و گەندەڵیی هەر دوو پرۆسەی سیاسی و ئیداری.

حیزبە سیاسییەکان لەم حاڵەتەدا لەبریی  پێشبڕكێی پێشکەشکردنی باشترین بەرنامە بۆ خزمەتی خەڵک، دەکەونە کۆکردنەوەی زۆرترین خەڵك و لەخشتەبردنیان بە پارە و پووڵ. بەمەیش هەم سیاسەت تووشی قەیران دەبێ،  هەم ئیدارەیش شکست‌دەهێنێ و ناتوانی بەرنامە و سیاسەتی حیزب بۆ خزمەتی خەڵک جێ‌بەجێ‌بکا؛ بە پێچەوانەوە، دەبێتە مایەی بەرزبوونەوەی سکاڵا و گلەیی و دابڕانی خەڵک لە دەسەڵات و نامۆبوونیان بە ئیدارەی وڵاتەکەی خۆیان. بۆیە یەکەم هەنگاوی چاکسازی دەبێ بڕینی دەستی حیزب بێ لە ئیدارە و دواتر هەوڵدان بۆ چاکسازیی دەزگاکانی بەڕێوەبردن، کە ئەمەیش ڕێ‌وشوێنی تایبەتی خۆی هەیە.


19/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر