سەبارەت بە (پڕۆژەی ٢٠٢٥) و (دۆناڵد ترەمپ)ەوە

شکار کاوە محەمەد

ماوەی چەند مانگێکە دوابەدوای خۆ کاندیدکردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ناونیشانێکی سەمەرە لەنێو مژاری گەرمی شەقامی ئەمریکیدا تا دێ تاو دەسەنێ بەناوی "پڕۆژەی ٢٠٢٥” "Project 2025”

- پڕۆژەی ٢٠٢٥ چییە؟

پڕۆژەی گواستنەوەی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٥، نوسراوێکی تێرو تەسەلی ڕێکخراوی کەلەپوور (The Heritage Foundation)ە کە پێکهاتووە لە سەروو ٩٠٠ لاپەڕە. لە دوو توێیدا بە وردی و دووربینانە کۆمەڵێکی زۆر لە پڕۆژەیاسای تەنفیزی و سیاسی لەباڵاترین ئاستە یاساییەکاندا داڕێژراون و ئامادەکراون بۆ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا ئیمزایان بکا و بیانخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە هەمانکاتدا، پڕۆژەکە بەکاردێت وەکو ڕێبەرێک بۆ ڕاهێنانی تێکڕای ستافی سەرۆکایەتی لە کۆشکی سپی لەسەر چۆنیەتی پەیڕەوکردنی هەموو هەنگاوێکی پێویست بە هەموو ئاڕاستەیەک کە وابکا ئەجێنداکانی پڕۆژەکە بگەیەننە ئامانج یاخود لانیکەم ڕێگا خۆشکەن. (پڕۆژەی ٢٠٢٥) لەلایەن تۆڕێکی بەرفراوان لە کەسایەتییە دیار و کاریگەرەکانی بزووتنەوەی توندڕەوی پارێزگارانی ئەمریکا کەوا نزیکەی سەرلەبەری ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە پێکدەهێنن، ئەندازەکراون. بەشی هەرە بەرچاو و کاریگەری ئەو کەسایەتییانە لە ڕاستیدا لە ڕاوێژکارە باڵاکان و ستافی سەرۆکایەتیی خولی پێشتر و ئێستای (تڕەمپ)ن لە نموونەی (کێڤن دی ڕۆبێرتس) کە سەرۆکی ئێستای ڕێکخراوی کەلەپوورە و (پۆڵ دانس) کە بەڕێوەبەری (پڕۆژەی ٢٠٢٥)ە.

 ئامانجی دوور و بنەڕەتی و کۆتایی ئەم پڕۆژەیە بریتییە:

١- بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدڕاڵیی ئەمریکا لە ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی کۆمەڵێک دامەزراوەی بنەڕەتی وەکو دیپاڕتمێنتی پەروەردە و فێرکردن (Department of Education) و دەرکردنی فەرمانبەرە بێلایەنەکانیان و جێگرتنەوەیان تەنها بە کەسایەتیە سیاسییە دڵسۆز و وەلائییەکانی پارێزگارەکان لە لایەک و لە دیوێکی دیکەش، شیتەڵکردنی دامەزراوەی وەکو دیپارتمێنتی ئاسایشی نەتەوەیی (Department of Homeland Security) و مەکتەبی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی (Federal Bureau of Investigation - FBI) و زۆرێک لە دامەزراوەکانی تایبەت بە کۆچ و تێکهەڵکێشکردنیان بۆ پێکهێنانی مەنزومەیەکی یەکجار زەبەلاحتر بۆ چاودێریکردنی چڕی سنوورەکان و ناوخۆ.

٢- لە هەمان ئەوکاتەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدڕاڵی کورت و بە حیزبی دەکرێن، دەسەڵاتەکانی سەرۆک ڕادیکاڵانە فراوان دەکرێن بە شێوەیەک کە زۆرینەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدڕاڵی دەخرێنە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆک کە وا زۆر نزیک دەبێ لە دەسەڵاتی ڕەها.
بە نموونە، بەپێی ئەم پڕۆژەیە سەرۆک دەتوانێ دەسەڵاتی تەواو بداتە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە کۆچ و کۆچبەران کە بێ لەبەرچاوگرتنی باری مرۆییی، دەستبکەن بە دیپۆڕتکردنەوەی بەلێشاو و بە بەکارهێنانی هێزی پۆلیسی و تەنانەت سەربازیش لە دەستگیرکردنی ئەو کۆچبەرانەی هێشتا دۆسیەکانیان لەلایەن دادگا یەکلایی نەکراوەتەوە، تەنانەت لە شوێنی هەستیاری وەکو قوتابخانە و خەستەخانە و پەرستگا ئاینییەکانیش. لەم سیناریۆیەدا خەمڵێندراوە کە (١٥-٢٠ ملیۆن) پەنابەر کە زۆرینەیان چەندەها ساڵە لە چاوەڕوانیی چارەنووسێکی ئارامدا بە هەڵواسراوی دەژین بەبێ ئاگادارکردنەوەیەکی ئەوتۆ و پێدانی کاتی پێویست لەزۆر حاڵەتدا لە منداڵەکانیان جیادەکرێنەوە و دەنێردرێنەوە ئەو شوێنانەی هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە.

ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا بە مەترسییەکی وجودی لەسەر تێکڕای پێکهاتەی دامەزراوەیی ئەمریکا و دیموکراسی تێیدا دادەنرێ نەک تەنها لە دیدگای دیموکراتەکان، بەڵکو تەنانەت لەنێو باسوخواسی هەندێک لە کۆمارییەکان و بەشێکی بەرچاوی ئەو پارێزگارانەش کە میانڕەوترن.
ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەک توندڕەوانە داڕؽژراوە کە وای لە تەنانەت (تڕەمپ) خۆیشی کرد ڕایبگەیەنێت کە ئەو بە هیچ جۆرێک پەیوەندی نە لەگەڵ پڕۆژەکە و نە لەگەڵ ڕێکخراوی کەلەپوور نییە، لە کاتێکدا نزیکترین کەسەکانی دەوروبەری خۆی، داڕێژەر و سەرکردایەتیی پڕۆژەکە دەکەن. لێرەدا بەشێوەیەکی یەکجار ناماقوڵ و تەنانەت پێکەنیناویش دووڕوویی و نیفاقی کەسایەتیی (تڕەمپ) دەردەکەوێ.

هەڵبەت ئەگەرچی دوابەدوای کشانەوەی (بایدن) لە ململانێی هەڵبژاردن و بەرزبوونەوەی ئەگەری کاندیدکردنی (کامەڵا هارس) وەکو یەکەمین سەرۆکی هەم ژن و هەم ڕەنگپێست، چانسی دیموکراتەکان بۆ بردنەوە بەهێزتربووە، وەلی خۆی لە خۆیدا سەرهەڵدانەوەی بیری توندڕەوی چەشنی کەسانی پشت دامەزراوەی کەلەپوور، زەنگێکی مەترسیدارە و لە ئەگەری گەیشتنیان بە هەر ئامانجێک لە ناوخۆدا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕەنگدانەوەی ئەو ئامانجانە لە زۆر ڕووەوە دەنوێنێتەوە و کاریگەرییەکەی لە دنیادا زۆر بە ڕوونی هەستپێکراو دەبن. لە ڕاستیدا، ئەگەر بڕوانینە لێکەوتەکانی سەرهڵدانەوەی بەرچاوی ئاڕاستەی ڕاستڕەوی توندڕەو لە ئەمریکا و گەیشتنی کەسایەتییەکی پۆپۆلیست و پڕ لە تراویلکەی سیاسی وەکو (تڕەمپ) بە ئۆفیسی هێلکەیی کۆشکی سپی لە خولی یەکەمیدا، دەبینین کەوا چۆن هەمان شەپۆل لە بزاوتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە چەند شوێنێکی تری جیهان وەکو بەڕیتانیا و وا ئێستاش فەڕەنسا لە ئەمریکاوە گوڕ و تینیان وەرگرتووە.

ئەوەشی کە ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەم چەشنە لە مێنتاڵێتی تاکڕەوانە چیتر پێناچێ تەنانەت بە بردنەوەی دیموکراتەکانیش کاڵ ببنەوە و بە پێچەوانەوە تادێ کەلێنی نێوان چەپڕەو و ڕاستڕەوەکان فراوانتر دەبێ و ڕەنگە ئەمریکا بەرەو هەڵدێرێکی وەها ببەن کە بۆ هەمیشە ئاسەوارە نەرێنییەکانی نەخشیان بەسەر خودی ڕۆحیەت و کلتووری ئەمریکاوە هەبێت .

24/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر