کەس ڕازی نیە و کەسایەتی کورد شیزۆفرینیە !!

محەمەد خۆشناو
کۆمەڵگەی کوردستانی لە هاودژیەکی سەیردا دەژێت ، هەندێکیان بە هیچ  شتێک ڕازی نیە و هەر پرتە و بۆڵە و سکاڵای هەیە ، سەیرەکە لەوەدایە هەندێکی تر هەن کە سوودمەند بووە لە دەسەڵات و دەوڵەمەند بووە کەچی گللەیی دەکات و ڕازی نیە و تێر نەبووە !!

هەندێک کەسانی تر لە نوسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیر و  مامۆستای ئایینی و کەسانی تر ، داوای یەکسانی ژن و پیاو و ڕۆشنگەری و دیموکراسیەت و کرانەوە و ڕای  ئەوەی تر دەکەن و هەمیشە ناڕازین هەندێکیان سوودمەند بوونە لەگەڵ دەسەڵات خۆیان لەبەرەی ناڕازیەکان دادەنێن و خۆیان وا پێشان دەدەن کە دڵیان و عەقلیان جێگەی هەمووانی لێدەبێتەوە ، بەڵام کاتێک لێیان نزیک دەبیتەوە خۆزگەت دەخواست کە نەتناسیبا ن و هاودژیەکی زۆر لەنێوان بەرهەم و قسە و کردارەکەیەیاندا  بەدیدەکەیت یان کە ڕەخنەیەکی لێدەگریت بۆ هەندێک لە هەڵسوکەوتیان سەد و هەشتا پلە دەگۆڕێن و دەبنە دکتاتۆر و ستەمکار ، بۆیە کەسایەتی کوردی تووشی شیزۆفرینا و دوفاقی بووە کە ئەم سیفەتانە شوناسە هاودژیەکەمان ڕەسم دەکات. 

وتارەکەم زیاتر لەسەر  هاودژی ئەو ناڕازی ڕاستەقینەی ئەو خەڵکانەیە  کە بەهۆی گووشاری دەروونی و هەستکردن بە خەم و نوشووستی کە لە ژیانی ڕۆژانەیدا دووچاری دەبێت کە هەمیشە تووڕە و دوودڵ و نیگەرانە و دووچاری خەمۆکی بووە ، کە هەندێکیان کەسانی شیزۆفرینان دەسەڵات لە بەشیتانکردن دەکەنە تەقدیسکردن و پێچەوانەش ، ئەوەی جێگەی تۆقێنەرە کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان قەبارەیەکی زۆر لە خەم و تووڕەیی و بێئومێدی و بێزاری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە ،

ڕاستە تەکنۆلۆژیای نوێ هۆکارێکە بۆ تووڕەیی و ناڕازیان  ، بەڵام گووشاری ژیان هۆکارێکی سەرەکیە و خەڵک لە داهاتوی خۆیان سەریان لێشواوە و دەترسن ، وایلێهاتووە تاکی کورد زوو توڕەدەبێت و بەشەڕ دێت ، کە بەشەقامدا دەڕۆیت هاتوهاوار و قسەی نەشیاوت گوێلێدەبێت و ، لەسەر شتێکی بچووک تاوانی گەورە ئەنجامدەدرێت ، هەموو ڕایەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە دیاردەی هەڵچوونی خێرا  و ناڕازی تووند بۆ ئەنجامی ئەو گووشارانە دەگەڕێتەوە  کە کەڵەکە دەبێتە سەر هاوڵاتی لە نەبوونی و گرانیی و بێخانوویی و بێخزمەتگوزاریی ، هاوڵاتی بەیانیان کە چاو دەکاتەوە ئاو نیە لە ماڵەکەی ، بۆیە نەفرەت لە هەموو شتێک دەکات و لەگەڵ ژنەکەی بەشەڕ دێت و ، بەتووڕەییەوە دەچێتە بازاڕ و بای ئەوەندە ئیش ناکات کە ڕۆژانەی منداڵەکانی پێبدات ، بەتایبەتی کە جیهانی ئێستامان پڕە لە حەزی وروژێنەر کە حەز و هەستەکان دەجوولێنێت بەتایبەتی بۆ گەنجان ، بۆیە هەندێک جار گوێبیستی ئەوە دەبین کە کۆمەڵە گەنجێک سەری خۆیان هەڵگرت و ڕۆییشتن یان گەنجێک خۆی کوشت ، ئەمە دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە خێزانەکەی سەرقاڵە و ئاگایان لەخۆ نیە ،

یان گەنجەکە تووشی مادەی هۆشبەر بووە یان خۆیکوشتووە لەبەر گووشاری خێزانەکەی لەپێناو هێنانی پلەی بەرزی خوێندن یان گەنجەکە خۆیکوشتووە کە دەبینیت گەنجی خێزانە دەوڵەمەندەکان لەبوونی خانوو و جلوبەرگی جوان و ئۆتۆمبێل و یانە و چوونە دەرەوەی نیشتیمان بێبەشنین و ئەو هیچی نیە ، لەسەردەمێکدا دەژین چیتر خێزان ناتوانێت پەروەردەیەکی  دەروونی ئارامکەرەوە لەنێو ئەو تەحەدیاتە زۆرانەی کە بەروەڕووی هەرزەکاران دەبێتەوە پێشکەشبکات ، دۆخی دارایی گەنج ئازارەکانی دووبەرابەر کردووە ، لەکاتێکدا بەچاوی خۆیان خەڵکانی تر دەبینن چی دەکەن !! بەداخەوە هەندێکی تر هەن تەسلیمی بێئومێدی بوونە و  گۆشەگیریان وەک ئەو ناڕازییەی هەیانە  هەڵبژاردووە و وای دەبینن کە کۆتایی جیهان نزیک بۆتەوە !!

سەرەڕای هەموو ئەمانە دەبێت ئەو بڕوایەشمان هەبێت کە دوای هەموو ئاوابونێک هەڵاتن دێت و ، دوای تاریکی سپێدە لەدایک دەبێیت و ، دەبێت دەسەڵات ئەو دۆخەی ئێستای هاوڵاتی  لەو گووشارانەی ژیان کە لەسەریەتی بەجدی و هەند وەربگرێت و بایەخێکی زۆر بداتە گەنج لە دەسەتەبەرکردنی هەلی کار و جێبەجێکردنی زیاتری خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان ، نەتەوەی پێشکەوتوو هەر تەنها بە توانای سوپاکەی و شاری نوێی گەورە و هێزی ئابووری ناپێورێت ، بەڵکە بەخۆشگوزەرانی کۆمەڵگە و ئاستی تەندروستی و تەعلیمی و ، توانایی لە بەشداریکردن ئەو بڕیارانەی کە کاریگەری لەسەر ژیانی خێزان دەبێت لە باوەشکردن بۆ گەنجان و چاودێریکردنی جەستەیی و دەروونی منداڵان و پاراستنیان و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی هاوڵاتیان دەپێورێت .

27/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر