پاسەوانی کام سنور؟

زاگرۆس هیوا

لە بەهاری ئەمساڵدا، مەسەلەی پاسەوانی سنور، بە تایبەت، جێگیرکردنی ئەم هێزانە لە سنوری نێوان تورکیا و عێراق بوو بە ڕۆژەڤ و بە تایبەت دوای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغداد و هەولێر هێزێکی پاسەوانی سنور لە دەڤەری بادینان جێگیر کرا. ئەم هێزە هەموویان لە چەکدارەکانی پارتی بارزانی پێک دێن و وەک لە راگەیاندنەکاندا بینرا بۆ پاراستنی سنور چەند کۆبوونەوەیەکیان لە گەڵ فەرماندەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا ئەنجام دا.

ئەم پرۆپاگەندانەی بەرپرسانی پارتی بارزانی و حکومەتی عێراق بۆ ئەوە بوو قەناعەتێکی وەها دروست بکات کە ئەم هێزە دەچێت لە سنووری نێوان عێراق و تورکیا جێگیر دەبێت، سەروەری خاکی عێراق و باشوری کوردستان دەپارێزێت و لەو شوێنانەی کە پاسەوانی سنور هەیە ئاسایش و ئەمنییەت بەرقەرارە و ئێدی سوپای تورکیا بۆی نییە لەوێ جێگیر بێت. پێویست بوو هەر وەهاش بێت. ئەرکی پاسەوانی سنوور ئەوەیە.

بەڵام ئەگەر سەیری رووداوەکانی ئەم دواییەی گوندی گوهەرزی و ڕێگای ئاسفاڵتی نێوان باتیفا و بامەرنێ و قادیشە و دێرەلوک و شێلادزی بکەین، شتێکی بە تەواوی پێچەوانەی ئەم بانگەشانە دەبینین. لە بەرچاوی پاسەوانی سنوورەوە تانک و تۆپ و زرێپۆش و حەفارەی سوپای تورکیا لە سەر ئەم ڕێگایە تەراتێن دەکەن، درۆن و فڕۆکە و هلیکۆپتەری سوپای داگیرکاری تورکیا بە بەردوامی هەموو شوێنێکی دەڤەرەکە بە بێ جیاوازی بۆردمان دەکەن و تا ئێستا بە سەدان گوند چۆڵ کراون و بە هەزاران دۆنم لە دارستان و زەوی و رەز و باخ و بێستان سوتاون، پاسەوانی سنوریش تەنیا سەیر دەکات و مێش مێوانی نییە. هەندێک لەم شوێنانە ٣٠ کم لە ناوەوەی خاکی عێراق و باشوری کوردستانن و هەندێکیشان ٤٠ کیلۆمەترە. ئەی پاسەوانی سنوور ئەگەر سنوور ناپارێزێت بۆ چی لێرەیە؟ ئەرکی چییە؟ دەوری چییە؟ با لە وەڵامی ئەم پرسیارانە بگەڕێین.

ئەرکی یەکەمی پاسەوانی سنوور عێراقە شاردنەوەی ئەو ڕاستییەیە ئێدی لە کردەوەدا سنورێک بە ناوی سنوری تورکیا و عێراق نەماوە. سنورەکە فرۆشراوە و تورکیا تا ٤٠ کم هاتۆتە ناوەوە. هەربۆیە سنورێک نەماوە کە پاسەوانی سنور پاسەوانی لێ بکات. لە ڕاستیدا ئەم سنوورە لە مێژە نەماوە. هاتنی پاسەوانی سنوور ڕەوایەتیدانێکی سیاسییە بەو دیاردەیەی کە ساڵانە لە سەر ئەرزی واقیع هەیە. ئێدی سنوری نێوان تورکیا و عێراق گۆڕاوە. پارتی بارزانی و هەندێک هێز و کەسایەتی ناو حکومەتی سودانی خاکی عێراق و باشوری کوردستانیان بە تورکیا فرۆشتووە و هێزی پاسەوانی سنووریش بۆ ئەوە هاتووە ئەم سنوورە کەگەریلائ ئازادی کوردستان لە بەرامبەر ئەم سەودا و مامەڵەدا ئاستەنگی بۆ کڕیار و فرۆشیار و دەڵالەکان دروست نەکات.

ئەی باشە، پاسەوانی سنوور پاسەوانی لەوێ چی دەکات؟ ئەگەر ئاوڕێک لە راستییەکانی مەیدانی شەڕ بدەین زۆر بە روونی دەیبینین کە پاسەوانی سنوور لە بنەڕەتدا پاسەوانی سوپای داگیرکەری تورکیایە. ئەرکی پاسەوانی سنور، گەمارۆدانی گەریلا و لە هەمانکاتیشدا ڕێگە خۆشکردن بۆ سوپای داگیرکەری تورکیایە. پاسەوانی سنوور ئەرکی ئەوەیە هەموو تەگبیرێک بگرێت کە گەریلا نەتوانێت لە دژی سوپای داگیرکەری تورکیا شەڕ بکات. بە ئاڵای عێراقەوە بەڵام بە توجیهاتێکی تورکییەوە، ئەم بەناو پاسەوانانە هەموو ئەو ڕیگایانە دادەخەن کە گەریلا تیایدا هاتووچوو دەکات و هەموو ئەو ڕیگایانە دەکەنەوە کە تورکیا دەیەوێت تیایدا هاتووچوو بکات. ئەگەر بزانن کە گەریلا لە شوێنێکەوە دەیەوێت بریندارێک بگوازێتەوە، یان خواردن و چەک و جەبەخانە بۆ خۆی دابین بکات، دەمدەست دەڕۆن لەوێ بازگەیەک دادەنێن و هەر گەریلایەک کە ببینن، بەپەلە سوپای تورکیای لێی ئاگادار دەکەنەوە و فڕۆکە و هەلیکۆپتەر و درۆن دێننە سەری. ئەوەی کە شوێنی بەجێبوونی پاسەوانی سنور لەو دەڤەرە دیاری دەکات، نە پارتی بارزانیە و نە حکومەتی سودانیشە، سوپای داگیرکەری تورکیایە. لە هەر شوێنێک کە سوپای داگیرکەری تورکیا لە بەرامبەر گەریلا تووشی زۆری و زەحمەتی ببێت، نەتوانێت هاتوچۆ بکات، نەتوانێت چەک و جەبەخانە بگوازێتەوە، نەتوانێت بریندارەکانی رزگار بکات، پاسەوانی سنوری عێراقی بە پەلە بە هانایەوە دەچێت و هەموو ئاسانکارییەکی بۆ دەکات. ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیع روو دەدات ئەوەیە کە پاسەوانی سنووری عێراقی ‌هاوکار و تەواوکەری سوپای داگیرکەری تورکیایە. بە بێ رەزامەندی سوپای داگیرکەری تورکیا پاسەوانی سنووری عێراق بۆی نییە جۆڵە بکات. دەست گەیاندنە ئاوە و رەفعی حاجەتێکیش لە ژێر چاودێری سوپای داگیرکەری تورکیادایە. ئەگەر بابەتەکە پاراستنی سیادە و سەروەری عێراق و باشوری کوردستان بێت، پاسەوانی سنوور ئێستا لە بادینان وەکداوەڵی ناو بێستانێکی بێ پەرچینە.

پارتی بارزانی و هەندێک ‌‌هێز و لایەنی ناو حکومەتی عێراقی بۆ بەم شێوەیە، بە بێ هیچ سڵ کردنەوەیەک سەودا و مامەڵە لە سەر سەروەری نیشتمان دەکەن؟ مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم هێزانە لە دونیابینی خۆیاندا خۆیان بە خاون و شوانی ئەم ئاو و خاکە و ئەم میللەتە دەزانن و بۆ خۆیان بە ڕەوا دەزانن کە چ سەودا و مامەڵەیەک لەگەڵیان بکەن. هەر بۆیە بە بێباکانە، لە بەرامبەر وەرگرتنی چەند ملیۆن دۆلارێک، یان وەرگرتنی پاسپۆرتی دیپلۆماتی تورکی، یان وەرگرتنی چەند ڤێلا و شوقەیەک لە ئەستەمبۆڵ و ئزمیر و ئانتالیا، بە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر بەهەشتی عێراق و باشوری کوردستان کە رووبەرەەکەی لە غەززە و لە لوبنان گەورەترە بە ئەردۆغان و ‌هاکان فیدانیان فرۆشتووە. ئەگەر بێین و لە پەنجەرەی دونیابینییەکەی ئەوانەوە سەیری مەسەلە بکەین و گوتنی پێشینیانمان بە بنەما بگرین دەتوانین بڵێین کە شوان و سەگی شوان لەگەڵ گورگە بۆرەکەی ئەنکارا ژێربەژێر ڕێککەوتوون. ئەمانە نە ئینتمای نیشتمانییان هەیە و نە سەروەری و سیادە بۆیان گرنگە. ئەمانە دەڵاڵ و تاجیری سیاسین و تیجارەت بە گەل و نیشتمان و سەروەرییەکەیەوە دەکەن. ئەوانەی کە بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان وەک ڕێکخستنێکی قەدەخەکراو بەناو دەکەن، لە کاتی پەلامارەکانی داعشدا، یان هاوپەیمانی ژێربەژێری داعش بوون، یان لە بەر داعش هەڵدەهاتن. بەڵام گەریلا کە لەو کاتەدا بە گەواهی مێژوو لە بەرەی پێشەوەی شەڕی داعشدا بوو و سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق لە بەر ئەوەی کە "گەریلا شەرەفی عێراق و عێراقییەکانی لە بەرامبەر هێرشی داعشدا پاراستووە" سپاسی کردن، ئێستا بۆتە مەترسی بۆ سەروەری عێراق و هەر جارێک و تۆمەتێکی بۆ هەڵدەواسن. ئەو ئەردۆغانەی کە لە کاتی پەلامارەکانی داعشدا، کۆنسۆڵی خۆی لە مۆسڵ لای داعش هێشتەوە و هیچ هاوکارییەکی عێراق و هەرێمی کوردستانی نەکرد، ئێستا بۆتە هاوپەیمانی بارزانی و سودانی.

ڕاستییەکە نە پاسەوانی سنوورە و نە سەروەری نیشتمان. ڕاستییەکە ئەوەیە پارتی بارزانی وەک دەڵاڵێکی سیاسی و بەکرێگیراوێکی تورکیا لە ڕێگەی فواد حسێنەوە حکومەتی عێراقی پەلکێشی ناو هاوپەیمانییەک لە گەڵ ئەردۆغان کردووە و ئەم هاوپەیمانییە سێ قۆڵییە ئێستا لە کردەوەدا پێک دێت. تورکیا خاکی باشوری کوردستان و عێراق داگیر دەکات، حکومەتی عێراق و بەناو پاسەوانانی سنور وپارتی بارزانی ڕەهەندە مەترسیدارەکانی ئەم داگیرکارییە دەشارنەوە، ڕەوایەتی پێ دەدەن و ئاسانکاری بۆ دەکەن.

لێرەدا ئەو قسەیەی شەهیدی نەمر ڕیزان جاوید دێتەوە بیر کە ئەم ڕۆژانە دووهەمین ساڵرۆژی شەهید بوونیەتی. شەهید ڕێزان جاوید دەڵێت "پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی چییان وت، پێچەوانەکەی راستە". کاتێک کە باسی نیشتمانپەروەرییان کرد، وابزانن کە نیشتمان دەفرۆشن. کاتێک کە باسی نەتەوایەتییان کرد وابزانن کە نەتەوە دەفرۆشن.


09/08/2024



وتارەکانی تری نوسەر