زیرەکی دەستکرد (٢) چۆن زیرەکی دەستکرد فێردەکرێت؟

سەردەشت عەزیز

مرۆڤ لەڕێگەی تێکەڵەیەک لەپرۆسەی مەعریفی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە فێر دەبێت، بەڵام زیرەکی دەستکرد لەرێگەی راهێنان و پێدانی زانیاییەوە فێردەبێت.
بۆ ئەوەی زیرەکی دەستکرد دروستبکرێت پێویستە بڕێکی زۆر زانیاری کۆبکرێتەوەو رێکبخرێن و پاشان پێی بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە پێشبینی بکات و بریاربدات.
فێرکردنی زیرەکی دەستکرد هاوشێوەی پرۆسەی فێربونی منداڵە، منداڵ لەڕێگەی فێرکردن و سەرنجدان و ئەزمونەوە فێردەبێت، زیرەکی دەستکردیش لەڕێگەی پێدانی زانیارییەوە فێردەبێت.
بۆ نمونە کاتێک منداڵ پشیلە دەبینێت، پشیلەی گەورەو بچوک بەڕەنگ و شێوازی جیاواز دەبینێت و لەوێوە وردە وردە ئەم منداڵە تێدەگات لەخاڵی هاوبەشی هەموو ئەو پشیلانەی بینیویەتی و دەیناسێتەوە.
فێرکردنی زیرەکی دەستکردیش بەهەمان شێوازە کاتێک لەناو ملیۆنان وێنەی پشیلەدا خاڵە هاوبەشەکانیان وەردگرێت و دواتر دەتوانێت بەو خاڵانە پشیلە لەوێنەدا بناسێتەوە.
سەرەتا بۆ باشتر تێگەیشتن لەم بابەتە گرنگە بزانین ئەلگۆریزم چیە؟
ئەلگۆریزم کۆمەڵە ڕێنمایی و زانیارییەکە، کە بە کۆمپیوتەر دەڵێت چۆن کێشەیەک چارەسەر بکات یان کردارێک ئەنجامبدات. بۆ نمونە چۆن کەسێک هەنگاو بە هەنگاو ڕێنماییت دەکات بۆ فێربونی شۆفێری.
ئەلگۆریزم هەنگاو بە هەنگاو ڕێنمایی کۆمپیوتەر دەکات بۆ ئەنجامدانی کارێکی دیاریکراو،  بۆ نمونە کاتێک لەسەر گۆگڵ ماپ دەتەوێت بچیت بۆ شوێنێک، ئەلگۆریزمی ئەو نەخشەیە هەوڵدەدات کورتترین ڕێگا لەسەر نەخشەکە بدۆزێتەوە بۆ ئەو شوێنە.
قۆناغەکانی فێرکردنی زیرەکی دەستکرد:
زیرەکی دەستکرد هەروەک هەموو دروستکراوەکانی دیکەی دەستی مرۆڤ سەرەتا دەبێت دروست بکرێت پاشان بەکاربهێنرێت.
 قۆناغەکانی فێرکردنی زیرەکی دەستکرد:
یەکەم: کۆکردنەوەی زانیاری
زیرەکی دەستکرد پێویستی بەبڕێکی زۆری زانیاریی هەیە بۆ ئەوەی فێربکرێت، کە دەکرێت ئەم زانیاریانە لەڕێگەی نوسین و وێنەو ڤیدیۆو دەنگەوە کۆبکرێنەوەو پێی بدرێت، هەتا زانیاریەکان زۆرتربن ئەو زیرەکی دەستکردە بەهێزتر دەبێت. ئەم زانیاریانە سەرەتا وەک ماددەی خام (مادە خام)مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
دووەم: ئامادەکردنی زانیاریەکان
دوای ئەوەی زانیاریەکان کۆکرانەوە، جارێکیتر وردبینی دەکرێن و زانیارییە ناپێویست و دوبارەکان لادەبرێن و پاشان رێکدەخرێنەوەو دەخرێنە سەر شێوازی تایبەت بۆ ئەوەی بدرێت بەزیرەکی دەستکرد، بۆ نمونە بەو شێوازەی چۆن تۆ سەوزەیەک پێش خواردن پاکدەکەیت و ئامادەی دەکەیت.
سێیەم: شێوازەکانی فێرکردنی زیرەکی دەستکرد
زانیارییەکان ئامادەن و کاتی ئەوەیە زیرەکی دەستکرد فێربکرێت، ئەم فێرکردنە بەچەند شێوازێکە وەک:
١- فێرکردن لەژێر چاودێریدا: لەم جۆرەدا ناو بۆ زانیاریەکان دادەنرێت تا زیرەکی دەستکرد بیناسێتەوە بۆ نمونە لەوێنەی پشیلە دەنوسرێت پشیلە، ئەمە بۆ سەرجەم زانیاریەکانی دیکەش بەهەمانشێوەن، ئەم پرۆسەیە وەک ئەوە سەیربکە تۆ لەماڵەکەی خۆت هەموو کەلوپەلەکان لەزگەیەکی لێبدەیت و ناوەکەی لەسەر بنوسیت بۆ نمونە (تەلەفیزیۆن و سەلاجەو هتد).
٢- فێرکردنی بێ چاودێری: لەمجۆرەدا زانیاریەکان وەک جۆری یەکەم ناوی بۆ دانانرێت، بەڵکو دەبێت زیرەکی دەستکرد خۆی بتوانێت شیکاری بۆ بکات و جیایان بکاتەوە، ئەم جۆرەیان لەسۆشیاڵ میدیادا زۆر بەکاردەهێنرێت و کۆمپانیاکان بۆ زانینی چالاکی و هەڵسوکەتی بەکارهێنەران سود لەمجۆرە وەردەگرن.
 بۆ نمونە کۆمپانیایەک ریکلامی کردوە بۆ فرۆشتنی”بەرهەم”ێک بۆ بەکارهێنەرانی فەیسبوک لەهەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، ئەمجۆرە هەڵدەستێت بەجیاکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لەهەولێر و سلێمانین و پێشوتر چالاکییان هەبوە لەسەر ئەو بابەتانەی باسی ئەو "بەرهەم”ەی تێدابوە.
٣- فێرکردن لەرێگەی بەهێزکردنەوە:  ئەمجۆرە بەکاردەهێنرێت بۆ فێرکردنی زیرەکی دەستکرد، کە خۆی بەپێی ئەو ژینگەی تێیدایە بڕیار بدات بەبێ ئەوەی مرۆڤ تەداخول بکات و هیچ ڕێنماییەکی پێبدات، ئەمجۆرەیان لە ئۆتۆمۆبێلی بێ شۆفێرو رۆبۆت و یارییە ئەلیکترۆنیەکان بەکاردەهێنرێت. جیاوازی ئەمجۆرەیان لەجۆری دووەمی فێربون ئەوەیە کە ئەمجۆرە بەهۆی بیردۆزی(تاقیکردنەوە - هەڵە)ەوە فێردەبێت نەک لەڕێگەی پێدانی زانیاییەوە. هەروەک چۆن مرۆڤ سەرەتا ئەو شتانەی نایزانێت تاقیدەکاتەوەو هەڵەدەکات بەڵام وردە وردە فێردەبێت و هەڵەکانی نامێنێت.
چوارەم: هەڵبژاردنی ئەلگۆریزم
هەڵبژاردنی ئەلگۆریزمی گونجاو یەکێکی دیکەیە لەهەنگاوە گرنگەکانی فێرکردنی زیرەکی دەستکرد، چۆن مرۆڤ بەچەند شێوازێکی جیاواز کێشەکان چارەسەر دەکات یان فێردەبێت، زیرەکی دەستکردیش چەندین جۆری جیاواز لەچارەسەری کێشەو فێربونی هەیە. لەم قۆناغەدا زانیاری و ئەرکە جیاوازەکان دابەشدەکرێت بەسەر جۆرە جیاوازەکانی فێربون و چارەسەری کێشەدا، بۆ نمونە ئەلگۆریزمی ناسینەوەی وێنە جیاوازە لەئەلگۆریزمی پێشبینکردنی ئەنجامی یاری تۆپی پێ بۆیە لەم قۆناغەدا ئەلگۆریزمی گونجاو بۆ کێشەکە دیاریدەکرێت هەروەک چۆن کەسێک نەخۆش بێت بەپێی جۆری نەخۆشیەکەی دکتۆری بۆ دیاریدەکرێت.
پێنجەم: راهێنان
دوای ئەوەی زانیاریەکان ئامادەکران بۆ بەکارهێنان، ئەم زانیاریانە دەدرێن بە ئەلگۆریزمەکان و ئەوانیش زانیاریەکان شیکاردەکەن رێکیدەخەن.  ئەم قۆناغە دەبێتە قۆناغی پێدانی پرسیارەکان لەگەڵ وەڵامەکەی بەزیرەکی دەستکردو زیرەکی دەستکردیش لەئەنجامی پێدانی ئەو زانیارییانەوەو لەڕێگەی دزۆینەوەی پەیوەندی نێوانیانەوە دەتوانێت وەڵام و پێشبینی زیاتر بەرهەم بهێنێت.
 ئەم قۆناغەیان وەک راهێنانی رۆژانەی یاریزانێک وایە بۆ ئەوەی بەردەوام هەوڵبدات باشتربێت.
شەشەم: تاقیکردنەوە
دوای پێدانی زانیاری و فێرکردنی زیرەکی دەستکرد، ئێستا کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیە بۆ ئەوەی بزانن تا چەند زیرەکی دەستکردەکە فێربوە (هەروەک چۆن خوێندکار فێردەکرێت دواتر تاقیدەکرێتەوە). 
زیرەکی دەستکرد بەکۆمەڵێ پرسیارو داواکاریی تاقیدەکرێتەوە کەپێشوتر پێی نەدراوە بۆ ئەوەی بزانن تا چەند توانای وەڵامدانەوەی هەیە، هەروەک چۆن خوێندکار لەپۆلدا نمونەیەکی فێردەکرێت و لەتاقیکردنەوە نمونەیەکی جیاوازتری بۆ دێتەوە.
ئەگەر زیرەکی دەستکرد وەڵامەکانی هەڵەی تێدابوو یان لەتاقیکردنەوە دەرنەچوو، دوبارە راهێنانی پێدەکرێتەوە هەتا دەگاتە باشترین ئاستی خۆی (وەک فێرکردنی قوتابیەک ئاستی باش نەبێت هەتا زیرەک دەبێت).
حەوتەم: بڵاوکردنەوە
دوای ئامادەکردنی زیرەکی دەستکرد لەهەموو لایەنەکانەوە، ئەم زیرەکی دەستکرد بڵاودەکرێتەوەو بەردەست دەخرێت بۆبەکارهێنان.
هەشتەم: بەردەوامی
ئەم پرۆسانەی سەرەوە بەردەوام دەبن و قەبارەی زانیاریەکان بەردەوام زیاتر دەبن، فێرکردنەکە بەهێزتر دەکرێت و ئەنجامی باشتر بەدەستدەهێنرێت.
تێبینی: سەیربکە تەنها بۆ ناسینەوەی یەک وێنە پێویستی بەچەندین زانیاری زۆرو ورد هەیە، ئەی ئەگەر ئەم زیرەکی دەستکردە لەچەند بوارێکی جیاوازدا بێت و وەڵامی پرسیارەکانمان بداتەوە، دەبێت چەند ئاڵۆز بێت؟ بۆیە ئەم پرۆسەیە ئاسان نییەو زۆریش قورسە، تێچووی کۆکردنەوەی زانیاری و هەڵگرتنیان و بەکارهێنانی کۆمپیوتەری ئاست بەرز  بۆ بەرهەمهێنانی زیرەکی دەستکرد ملیارەها دۆلارە.

10/08/2024



وتارەکانی تری نوسەر