ئەرێ پاسکیلەکە کۆنەکەت ماوە جەنابی پارێزگار؟

سان ساراڤان

وەڵامێک بۆ پارێزگاری سلێمانی لەژێر ڕۆشنایی چاوپێکەوتنەکەی لە کەناڵی زووم و داکۆکیکردنی لەسەر گۆڕینی ناوچەی گۆیژە

سەرەتا کە بەرێز هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری سلێمانی هەلبژێردرا بە پاسکیلێکەوە دەرکەوت و وێنەی ژینگەپارێزێکی پیشانی هاولاتییە دەدا بەبەردەوامی بانگەشەی ژینگەپارێزی دەکرد، بەڵام لە دوای ٦ ساڵ مانەوەی لە پۆستەکەی ئەو وێنەیە گۆڕا، پارێزگاری شار بووە بە داکۆکیکارێکی سەرسەختی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونەکان لە هەستەوەرترین شوێنی سلێمانی ئەویش ناوچەی گۆیژەیە، کە ئەم ناوچەیە بەشێکی گەورەیە لە ڕاگرتنی پایە ژینگەییەکانی شاری سلێمانی و ناوچەکە. بەڕوونی لە کۆتا چاوپێکەتن دەڵێت " پێمخۆشە پرۆژەکانی ناوچەی گۆیژە بەزووترین تەواو بن چونکە هیچ کاریگەرییەکی ژینگەیی لەم ناوچەیەدا دروست ناکات"

پێمخۆشە لە دیدیێکی ژینگەییەوە چەند سەرنجێکی کوورت بخەمە ڕوو:

بەداخەوە کە پارێزگار پێمان دەڵێت ''کە بچینە سەربان و سەیری شاری سلێمانی بکەین بزانین ئەوە گۆیژەیە یان نا'' لەڕاستیدا ئارگومێنتکردن لەسەر ناوی ئەو ناوچەیە جۆرێکە لە بەلاڕێدان لە بابەتە گەوەرەکە، گەر ئەوە جادەیەی ئێستا نەبوایە کە درێژ دەبێتەوە بۆ تونێلی پێشڕەو هەمووی یەک زنجیرە دەبوون، ناوەکەی گرنگ نییە سەربێژن بێت یا گویژە،گرنگە بزانین کە ناوچەی گۆیژەو ئەزمەڕ لە ڕووی جیۆلۆجییەوە لە چەند چینێکی ژێر زەوی پێکهاتوون و چینەکان درێژ دەبنەوە بۆ ناو شار و دەروەی شار. چینی '' کۆمیتان'' گرنگترین چینە کە پێکهاتەی سەرەکی ناوچەی گۆیژەیە، ئەم پێکهاتەیە سەرچاوەی دەستەکەوتنی ئاوی پاکژی ژێر زەوەی بۆ ناوچەی سلیمانی و هەموو سەرچاوە ئاوییەکانی وەک سەرچنار و بێستانسسورو سەراوی سوبحان ئاغا و تابینیش لە ڕووکاری ناوەوەی شاری سلێمانی، کە لە ڕێگەی بەفرو بارانەوە ئەو ئاوانە کۆدەبێتەوە و سەرچاویەکی ئاوی ژێرزەوی پاکژمان دەستدەکەوێت.

ئەی لە خۆتان نەپرسییوە بە دروستکردنی ئەم پرۆژەی بیناسازییە چۆن ئاوی ڕۆژانەی خەڵک دابیندەکەن؟ کە بەداخەوە تا ئێستا ٢٠ گەرەکێک لەشاری سلێمانی تا ئەم کاتە هەر بە تەنکەر ئاوی رۆژانەیەن بۆ دەچێت.

چەند بیری تر دەخەنە سەر ئەو ١٠ هەزار بیرەی کە لەناوچەی سلێمانی بوونیان هەیە؟ گەر دەرفەتی خوێندنەوەت هەبێت، ئارەزوو دەکەم ئەم بابەتە بخوێنیتەوە لەسەر پرۆژەی بیناسازی ناوچەی گۆیژە و کاریگەری بۆ سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی ((https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=15238

جەنابی پارێزگار، کێشە ژینگەییەکان و مەترسییەکانی وێرانکردن و گۆڕینی سیستمی خاک و لە ناوبردنی فرەجۆری (بایۆدایڤێرستی) و زیندەوەرانو ڕاگرتنی ڕێژەی شێ بەهۆی بەزاییەکانی ناوچەی گۆیژە هەرگیز لە سەربانەوە نابینرێن.

بە لەدەستدانی ئەو ناوچە سروشتییە فرەجۆری (بایۆدایڤێرستی) و زیندەوەران دەکەونە ژێر مەترسی لە ناوچوون، کە ئاشکرایە ژیانی ئێمەی مرۆڤ پابەندە بە بوونی هەموو ئەو زیندەوارە ئەندامی و نائەندامیانەی کەلەناوچەکەمان بوونی هەیە وهاوسەنگی ژینگەو تەندروستیمان دەپارێزن.

لەژینگەدا هیچ زاراوەیەک نییە ناوی (ناقس ژینگە و زائد ژینگە) بێت، بەداخەوە ئەمانە هەمووی جۆرێکە لە چەواشەکردن و تێنەگەیشتن لە ژینگە. هەموو پێکهاتە سروشتییەکان گرنگن بۆ هەسارەکەمان.

لە چاوپێکەوتنی پێشوو لە کاناڵکی تری تەلەفزیۆنی بانگەشەی رووتەنی ئەم ناوچەیە دەکەن و دەڵێن ٥ سانتیمەتر خۆڵی بەسەروە نییە ئیتر کەڵکی چی هەیە، گەر بەناوچەی قەرەداغدا تێەڕ بوو بێتی دەبینیت لە نزیک دارە ڕەش (بوورجەکەی قەرەداغ) خۆ هەر هاوشێوەی گۆیژەیە کە بۆتە دارستانێکی خۆڕسک.

گەر ئەو خاکەی بانگەشەی ڕووتەن بوونی بۆ دەکەن بگۆڕێت بۆ بیناسازی ئەوا مەترسی دروستبوونی لافاو چەندەها جار زیاد دەکات، دڵنیام ئەم مەترسییە بە هزری دەستەلاتداران و داکۆکیکاران لە پرۆژەیە هەرگیز گوزەری نەکردووە.

بچوکترین گۆرانکاری لە بەردەوام بوونی ئەم پرۆژانەدا بریتیە لە بە کۆنکرێتکردنی شار و گەرمبوونی زیاتری شاری سلێمانی، کە بەداخەوە بینای بەرزو تەلارسازی بۆتە وەهمی پێشکەوتن و گەشەی شار لەلای سەرجەم دەستەلاتداران و وەبەرهێنەرەکانیان.

دیزاینی کۆمەڵایەتی پایەیەکی گرنگی ژینگەیە، کە بریتییە لەبەرچاوگرتنی دیدگا و پێداویستییەکانی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەیەک لە ڕووی ئاو هەواو سەوزای و خاشاکەوە ، ئامانجی دیزاینی کۆمەڵایەتی دڵنیابوونە لەوەی کە هەموو کەسێک دەتوانێت بە ئاسانی و دادپەروەرانە دەستی بەو سەرچاوانە بگات کە پێویستیانە بۆ ژیانێکی تەندروست.

کە سیستمی خاکمان گۆڕی بۆ بیناسازی و ئەپارتمانت، سەوزایی و ئاو و ئیکۆلۆژیاو هەوا دەخەینە بەر مەترسیی ئەو گۆڕانانەی کە ئێمەو جیهان پێوەی دەناڵێنین.


باشە شاری سلێمانی لەرابردوودا پاکژ تر بوو یان ئێستا کە یەکپارچە بۆتە بیناسازی ستوونی؟ ئەوەی ئێوە جەختی لێدەکەنەوە ئەوەیە کە شار پێویستی بە یەکەی نیشتەجێبوونی زیاترە، لە ڕاستیدا ئەوەی شاری سلێمانی پێویستیەتی دادپەروەری کۆمەلایەتی و تاڵان نەکردنی مولکی گشتی و ژینگەیەکی تەندروستە.


٣٠ ساڵە خەلکی هەرێم وشاری سلێمانی بەدەست کێشەی نەبونی ووزەی کارەباوە دەناڵێنێنن، ئایا لە خۆتان پرسییوە چۆن ووزەی کارەبا دابین دەکەنبۆ ئەو هەموو پرۆژەی نیشتەجێبوونە؟ ژمارەی موەلیدەکان دەکەن بە چەند ئەوەندە؟ کە بوونەتە سەرچاوەیەکی گەوەرە بۆ پیسبوونی ژینگە.

پێم سەیرە پارێزگاری شارێک ڕای ٤٠٠ هەزار کەس بە هەند وەرنەگرێت کە دژی پرۆژەکەن، کە بەشێکی زۆری ئەم هاولاتیانە خەڵکانی پسپۆرو شارەزای کایە جیاوازەکانی شارستانیەت و ژینگەن. ڕەنگە کاتی خۆی جەنابت بەدەنگی ئەم کەسانە هەڵبژێردرابیت.

بەرێز پارێزگاری سلێمانی، بانگەشەی ئارامی چی دەکەیت لە شارەدا، کاتێک کە کۆمەڵێک هاولاتی لە گەنجان و خەلکانی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ بۆ بەرگری لە سروشتی ئەم شارە لە ١٣ ی مانگی ٦ زۆر شارستانیانە چوونە ناوچەی گۆیژە بۆ ووتنی سروودی'' شاخی ڕەنگاوڕەنگی گۆیژە'' بەلام بە هێزێکی گەورەتر لە ژمارەی داکۆکیکەران، هێزی دەمامکدار و چەکدار ڕووبەرویان بوونەوە و بە ناشریتریین شێوە پەلاماریاندان و تەنانەت ئازاری جەستەیش دران.

لە چاوپێکەوتنەکەدا پارێزگار دەڵێت ''ئێمەوەک پارێزگا ناتوانین قەورەبووی کۆمپانیاکە بکەینەوە''لەراستیدا ئەم موڵکانەی ناوجەی گۆیژە بە فەرمی موڵکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و قەرەبووکردنەوەی موڵکێکی وەزارەتی دارایی لە ئەستۆی پارێزگاری شاردا نییە بەڵکو لەئەستۆی وەزارەتە.


ماوەتەوە بڵێم، ئارامی شار بە تەنها بە هێرشی ڕاستەخۆی چەکداری بۆسەر ژیانی خەڵک پێوەر ناکرێت، بەلکو تەندروستی و سەلامەتی ژینگە، گەورەترین پێوەری ئارامییە بۆشارێک.

جەنابی پارێزگار داواکارم تەنها بۆ یەک کاتژمێر بچیتەوە سەر پاسکیلەکەت بە شاردا گووزەر بکەیت و بزانە چیتر بەرگەی ئەم هەموو دوکەڵ و کاربۆنی ئوتومبێل و کارگەو مولیدانە دەگریت؟


18/08/2024



وتارەکانی تری نوسەر