نانەواو قەساب نەبیت سەركەوتنەكان بەدی نایەت

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)
زۆرجار لەپرۆسەی سیاسی و كاری ڕێكخراوەی و، ئیداری و بەڕێوەبردن و هەر پلە وپۆستێکی هەستیارو ناوەندێکی بڕیاردا دەستەواژەی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو بەکارهاتوە و بوەتە نۆرم و بابەتێکی باوو بەردەوام قسەی لەسەر دەکرێت ، لە كۆمەڵگای كوردستانیشدا نان بۆ نانەواو گۆشت بۆ قەساب بەكار دەھێنرێ و هاوتایە لەگەڵ ئەو دەستەواژەیەی سەرەوە و لەزۆر بواریشدا وەک نموونەی هەنگاوێکی نادروست بۆ کارێکی دروست خراوەتە ڕوو ، واتا دانانی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو پەیوەستە بە شارەزای و پسپۆڕی و لێهاتووی تاکەوەو  بنەمایەکە بۆ  سەركەوتنی مرۆڤ و ئاستی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگاو ئەو بوارەی کە کەسی شیاوی بۆ تەرخان دەکرێ ، دیارە لە سیاسەت و ئیدارەدانی کۆمەڵگاشدا ئەم بابەتە خاڵێکی گرنگ و کاریگەرەو پێویستە هەمیشە و بەردەوام لە بەرچاوبێت ، چونکە ئەوە لە زۆر حاڵەتدا جۆرێکە لە چارەسەری دۆخی ناهاوسەنگ و ناتەندروست و چەقبەستووی سیاسی و ئیداری  و ڕێگریشە لە بڕیاری تاکلایەنە و خۆسەپاندن و هەر جۆرە گەندەڵی و گزیەک کە لەو ڕووەوە سەر هەڵدەدەن ، لەگەڵ ئەوەشدا پێشكەوتنی سیستەمی ئابوری و ئیدارەدانی کۆمەڵگە ، پەیوەستە بە تواناو لێوەشاوەیی کەسی شیاوەوە و حەقیقەتی سەرکەوتنیش لێرەوە سەرچاوەدەگرێ و هۆکارێکیشە بۆ پێناسەی گشتی کۆمەڵگە ، چونكە لە ڕاستیدا وەرگرتنی ئەرك و بەرپرسیارێتی بەرلەوەی حاڵەتێکی ویژدانی و ئیداری و بەرپرسیارێتی بێت بنەمایەکی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی یە و دەبێ ئەو کەسانە خەسڵەتەكانی سەركردایەتیان تێدا بێت و خاوەنی کەسایەتی و شارەزای و بیركردنەوەی فراوان بێت و لە هیچ کاتێکدا نەكەوێتە ژێرکاریگەری بەرژەوەندیە تایبەتەکان و هەمیشە ڕەچاوی بەرژەوەندی گشتیەکان بکات و لە خۆیدا كەسێكی سادەو خاكی بێت ، و پلەوپۆست نەبێتە هۆکاری لوتبەرزی و خۆبەزلزانی لە مەودای كاركردنیدا
گەر باچاوێكی ڕەخنەگرانە ڕابوردوو ئێستای سەركردە و بەرپرس و بەڕێوەبەرە دەوڵەتدارەکانی لەمەڕخۆمان  بڕوانین بۆمان دەردەكەوێ ھۆكاری سەرەكی فاشیل بوون و شكستی سیاسی و ئیداری ئەم کۆمەڵگەیە  دەگەڕێتەوە بۆ ئەدائی خراپی بەڕێوەبردن و لاوازی ئیدارەدان و بریاری ھەڵە و بێ توانایی لەمامەڵەكردن لەگەل دەورو بەرو ئەوانەی پێكەوە كار دەكەن ، ئەمەش كێشەكانی هێندەی تر ئاڵۆزکردوە و بوەتە ھۆكاری چەقبەستووی و ئیفلیچ  بوونی زۆر لە سێکتەرە ئیداریەکان و پرۆسەی دەوڵەتداری ، چونکە زۆر جار ئەو کەسانەی ئەرک و بەرپرسیارێتیان پێدەسپێردرێ پەیوەست نین بە پلان و نەخشەڕێیەکی  سیستەماتیکی گرنگ و دارێژراوەوە و زیاتر وەلائیان بۆ بەرپرس و سەركردەكانیان هەیە و ئەوان هەرچۆنیان بوێت وادەکەن ، ئەمەش لە دنیای بەر پرسیارێتیدا مەترسیدارترین و کوشندەترین پرۆسەیە و کۆمەڵگە دەخاتە خراپترین هەڵومەرجەوە و ناتوانێ پێشکەوێ وەک ئەوەی ڕەوتی دەوڵەتداری دەیەوێ . 

لەکاتێکدا ئێمە ئاماژە بەم لایەنەش دەکەین دەبێ ئەوەمان بیر نەچێ کە ڕەخنەگرتن و گلەیی و سكاڵاكردن لە بەرپرس و بەرپرسیارێتی تەنها گۆشەیەکی نەخۆشیەکەیە و ئەسڵی مەتڵەب و دەردە کوشندەکە لە لایەکی ترە و پەیوەستە بە فەلسەفەی حوکمڕانی و ئەو ئەقڵیەتە فاشیلەی کە ئیدارەی دەوڵەت و پرۆسەی دەسەڵاتدارێتی کۆمەڵگە دەدات ، چونکە کاتێک تێگەیشتنی حزبی حوکمڕان و سیاسەتەکانی بەو ئاراستەیەدا هەنگاوبنێ کە دەبێ خۆم خاوەنی هەمووبم ، هیچ جۆرە گۆڕانکاری و چاکسازیەک ڕوونادات و ناتوانێ ببێتە هۆکارێ هەڵتەکاندنەوەی ئەو سیستەم و بنەمایەی کە خۆی کاری لەسەر دەکات

 
ساڵانێكە گفتوگۆدەكرێت ، دەنووسریت ، ڕەخنەی زۆرو فراوان و ناڕەزایی ھەیە لەسەر ئەوە بابەتە و ئەو دیاردە مەترسیدارانەی کە حزب لە ڕەوتی ئیدارەدانی کۆمەڵگەدا مومارەسەی دەکات، شەرمە لە سەدەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو ئەقڵی ئیلکترۆنیدا تازە بەتازە پلەو پۆستەكان لەسەر بنەمای حزبایەتی تەسك و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت دابەش دەكرێت و بونەتە هۆکاری شێواندنی ڕەوشی کۆمەڵگە و تێکدانی ژینگەی سروشتی پرۆسەی حوکمڕانی و زۆر پێچەوانەی ئەو چەمكە مەنتقیەشە كەدەوتری دانانی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیواو یان نان بۆ نانەواو گۆشت بۆ قەساب ، هەموو ئەو کەسانەشی کە بە تەسکیەی حزب و پشتگیری کاک فڵانێک دەبنە خاوەنی پلە وپۆستی ئیداری و کارگێڕی و سیاسی ، بە دیدوتێڕوانین و ئەقڵیەتی حزب و بەرپرسە باڵاکە هەڵسوکەوت دەکەن و بەرژەوەندی ئەوان و خودی خۆی دەخاتە پێش بەرژەوەندی گشتیەوە و هەمیشە کار لەسەر  ڕازیكردنی حزب و بەرپرسە باڵاكەی دەکات و ناتوانێ لەو چوارچێوە ناواقعیە دەرچێ کە ئەوان بویان نەخشاندوە و مووهیمەی ئەو دەبێتە كاركردن بۆ دەستكەوتی ڕووكەش و ڕاگەینراو و  ڕێگەگرتن و  سەپاندنی كۆت و بەند لەبەردەم كارو پێشنیاری سەركەوتوو و لەخزمەتی دامەزراوەكە و لە ئەنجامدا بەرژەوەندییەگشتیییەكە بەلاوە دەنرێ و زیانمەندی یەکەمیش لەم ڕوەوە جەماوەر  و  ئەو هەنگاوانەیە کە کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر

بۆیە دەمەوێ لەكۆتاییدا بڵێم ئەوەی كار لەگەل كەسی شیاو و لێهاتوو بكات ، خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزو گەشاوەیە و دەتوانێ لە کایەی حیزبی و سیاسی و ئابوری  و کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵ و نەخشی دیارببینێت  و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ جۆرە فیکر و فەلسەفەیەک کە دواجار کۆمەڵگە بشێوێنێ و بەرژەوەندی گشتی بخاتە پەراوێزەوە لە پێناوبەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆی

18/08/2024



وتارەکانی تری نوسەر