زیرەکی دەستکرد (٣)..چۆن زیرەکی دەستکرد لەنوسین و دەنگی مرۆڤ تێدەگات؟

سەردەشت عەزیز


لەزنجیرەی (٢) ئەم بابەتە باسی ئەوەم کرد زیرەکی دەستکرد چۆن رادەهێنرێت، دوای راهێنان کاتی ئەوەیە لەئێمە تێبگات، وەڵامی پرسیارو و داواکاریەکانمان بداتەوە.
 تێگەیشتن لەمرۆڤ لەڕێگەی شیکارکردنی زمانی سروشتی مرۆڤ (NLP):
تەکنۆلۆژیای Natural language processing (NLP) بەشێکی سەربە کۆمپیوتەرو زیرەکی دەستکردە، ئەرکی ئەوەیە یارمەتی کۆمپیوتەرو ئامێرە دیجیتاڵیەکان بدات تاوەکو لەمرۆڤ تێبگەن کارلێکی لەگەڵ بکەن، NLP لەناسینەوەی دەنگ، وەرگێڕان، پرسیارو وەڵام، دەرهێنانی زانیاری سودبەخش و مانادار لەنوسیندا بەکاردێت. 
هەنگاوەکانی NLP بۆ تێگەیشتن لەمرۆڤ:
١- دابەشکردن (Tokenization): مرۆڤ داواکارییەکەی لەڕێگەی نوسین یان دەنگەوە دەدات بەزیرەکی دەستکردو ئەویش سەرجەم وشەکانی ناو نوسینەکە جیادەکاتەوە واتە نوسینەکە دەکات بە )وشە وشە(.
(ئەگەر داواکارییەکە دەنگ بێت سەرەتا دەنگەکە دەکات بەتێکست و پاشان دابەشیدەکات).
٢- لابردنی وشەی زیادە: زیرەکی دەستکرد چەند کردارێکی ڕێزمانی دیکە بەسەر ئەم نوسینەدا ئەنجامدەدات وەک لابردنی وشە زیادەکان کە وەک ئامرازی پەیوەندی یان فاریزەو وەستان لەڕستەدا بەکارهاتوون، پاشان جیاکردنەوەی وشەکان لەسەر بنەمای (ناو، فرمان، ئاوەڵناو، هیتر)، دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان وشەکان وەک (مرۆڤ، تەنەکان، شوێن، ڕێکخراوەکان، بەروار و هیتر).
٣- ماناسازی: زیرەکی دەستکرد هەوڵدەدات لەسەر بنەمای ئەو نوسینەی پێیدراوە لەمانای وشە دابەشکراوەکان تێبگات، کە ئەمە خۆی دەبینێتەوە لەپێناسەی وشەکە و چۆنیەتی بەکارهێنان و وشە هاوشێوەکانی (مورادیف).
٤- شیکاری ڕستەسازی: دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان وشەکان کە چۆن لە ڕستەیەکدا پێکەوە دەگونجێن بۆ ئەوەی لەماناکەی تێبگات.
٥- شیکاری پراگماتیکی: زانینی مەبەستی مرۆڤ لەبەکارهێنانی ئەو وشانە لەو رستەدا (مانای پشت وشەکان).
٦- وەرگرتنی زانیاری: دوای ئەوەی زیرەکی دەستکرد هەموو لایەنەکانی نوسینەکەی شیکارکردو تێگەیشت لەداواکارییەکە، بەپشتبەستن بەو زانیارییە زۆرەی کەلەقۆناغی فێرکردندا پێی دراوە یان لەڕێگەی گەڕانەوە، زانیاری پەیوەندیدار بەداواکارییەکە وەردەگرێت.
٧- دروستکردنی وەڵام: بەپشت بەستن بەزانیاریە وەرگیراوەکان زیرەکی دەستکرد وەڵامی وشە بە وشەی رستەکە ئامادە دەکات (چونکە ناتوانێت بەیەکجار وەڵامەکە ئامادە بکات)، پاشان لەڕێگەی دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان وشەکانەوە وەڵامی کۆتایی بۆ داواکارییەکە ئامادە دەکات.
(ئەگەر مرۆڤەکە ویستی بەشێوازی دەنگ وەڵامەکە وەربگرێت ئەوا نوسینەکەی بۆ دەخاتەوە سەر شێوازی دەنگ).
پێش ئەوەی وەڵامەکە بداتەوە بەمرۆڤ زیرەکی دەستکرد پشکنین بۆ سەرجەم زانیاریەکان دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە زانیاریەکان یاسا شکێنی و توندوتیژی تێدانەبێت.
٨- هەڵسەنگاندن: دوای ئەوەی وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە، زیرەکی دەستکرد وەڵامەکەی خۆی هەڵدەسەنگێنێت لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوان داواکاری و وەڵامەکە، هەروەها ڕای ئەو مرۆڤەش کەداواکاریەکەی کردوە کەدەتوانێت پێی بڵێت وەڵامەکەت دروستە یان نا، وە ئەگەر پێویستی کرد دەتوانێت کەموکوڕیەکان چاکبکات و دوبارە لیستێکی دیکە ئامادە بکات.
نمونەیەکی گشتگیر:
داواکاری مرۆڤ لەزیرەکی دەستکرد: 
تکایە دەتوانیت لەنزیک مزگەوتی گەورە چێشتخانەیەکی باش پێشنیار بکەیت؟
کاردانەوەی زیرەکی دەستکرد بۆ داواکاریەکەی ئێمە:
١- دابەشکردن (Tokenization)
(تکایە)، (دەتوانیت)، (لەنزیک)، (مزگەوتی)، (گەورە)، (چێشتخانەیەکی)، (باش)، (پێشنیار)، (بکەیت).
٢- لابردنی وشە ناپێویستیەکان: دوای لابردنی وشە ناپێوستیەکان و رێکخستنەوەیان بەم شێوەیەی لێدێت:
(چێشتخانە)، (باش) ، (پێشنیار)، (لەنزیک)، (مزگەوتی)، (گەورە).
٣- تێگەیشتنی لەمانای وشەکان:
- چێشتخانە: شوێنێکە خەڵک نانی تێدا دەخۆن و پارە دەدەن.
- مزگەوتی گەورە: شوێنێکی ئاینی دیاریکراوە.
- لەنزیک: ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەم رستەیەدا چێشتخانەو مزگەوتی گەورە پەیوەندییان پێکەوە هەیە.
٤- شیکاری ڕستەسازی: زیرەکی دەستکرد تێدەگات کە
- کۆی مانای ئەم ڕستەیە داوای زانیاری دەکات.
- بەکارهێنانی وشەی (نزیک) ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرسیارەکە لەسەر بنەمای شوێنە.
٥- شیکاری پراگماتیکی: زیرەکی دەستکرد مەبەستەکانی داواکارییەکە شیدەکاتەوە:
- کەسی پرسیارکەر بەدوای چێشتخانەیەک دەگەڕێت لەنزیکی شوێنێکی دیاریکراو (مزگەوتی گەورە).
- بەکارهێنانی وشەی (باش) مانای وایە کەسەکە بەدوای چێشتخانەیەک دەگەڕێت کوالیتی باش بێت.
٦- وەرگرتنی زانیاری: ناوی ئەو چێشتخانانە وەردەگرێت کە لەنزیک مزگەوتی گەورەن.
٧- ئامادەکردنی وەڵام: زیرەکی دەستکرد وەڵامەکە بەشێوازێک ئامادەکات کەمرۆڤ لێی تێبگات و لیستی ناو و ناونیشانی چێشتخانەکان دەدات بە داواکارەکە. 
٨- هەڵسەنگاندن:
هەڵسەنگاندن بۆ وەڵامەکە دەکات.
گرفتەکان:
 بەهۆی جیاوازی مرۆڤ لەشێوازی نوسین و دەربڕین و ڕێزمانی و ناڕونی داواکاریەکانیان، تێگەیشتن لەمرۆڤ و لەمەبەستەکانی بۆ زیرەکی دەستکرد بەتەواوی کارێکی ئاڵۆز و سەختە، ئەمە جگە لەوەی هەبونی چەند مانایەک بۆ یەک وشە گرفتێکی دیکەیە، هەروەها بەردەوام گۆڕانکاری لەزمانی مرۆڤ و مەبەستی بەکارهێنانیدا دەکرێت.
بۆیە چەندین تەکنیکی وردو ئاڵۆز بۆ چارەسەری ئەم کێشانە بەکاردەهێنن کەباسکردنیان لێرە بۆ کەسانێک پسپۆڕ نەبن سودێکی ئەوتۆی نیە.
گشتاندن
ئەو داواکارییەی لەزیرەکی دەستکرد دەکرێت، هەرچۆن بێت بەم هەنگاوانە دەتوانێت وەڵامی خۆی ئامادە بکات.
 بۆ نمونە دەکرێت داوای نوسینی بابەت لەزیرەکی دەستکرد بکەیت لەسەر تێکچونی ژینگە یان داڕشتنی هەواڵێک لەسەر بابەتێکی دیاریکراو یان نوسینی تێکستی ریکلام و هەر شتێکی دیکە بەبیری تۆدا دێت.
تێبینی: بەپێی ئەو ئەلگۆریزم و مۆدیۆڵانەوە کەبەکاردێن دەکرێت لەکۆمپانیایەک بۆ کۆمپانیایەکی دیکە جیاوازی بچوک هەبێت بەڵام بەشێوازی گشتی بەم شێوەیە.

30/08/2024



وتارەکانی تری نوسەر