ڕۆڵی پەروەردە لە هۆشیاریی ژینگەییدا

رەووف محەمەد ئالانی
ژینگە و جۆرەکانی هەموو ئەو مەرج و هۆکارە دەرەکییەکان دەگرێتەوە کە زیندەوەرانی زیندوو تێیدا دەژین و کاریگەری لەسەر دەکەن و کاریگەریان لەسەریان هەیە.

 ژینگە ئەو چوارچێوەیەیە کە تێیدا هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ڕۆژانە و کار و پیشەکانیانی تیادا ئەنجام ئەدەن،  کارلێک لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی و جۆرەکانی دەکەن لە ژێر سیستەم و پلان و  ژینگەپارێزی دیاریکراودا بەپیی  بڕیار و ڕاسپاردە و یاساکانی  ئەو شوێنە، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر کار بە یاسا و ڕێکارەکان بکرێت، جوانی و گەشانەوە بۆ ژینگەی  ژیانی زیندەوەران دابین دەکریت.
بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر پەیڕەوەوی ڕێزگرتن و پاراستنی ژینگە نەکرا، ژینگەی ژیان  دەبێتە وێرانەیەک، لە جیاتی  خۆشی و جوانی  ناشیرینی نەخۆشی و ناخۆشی شوێنی  دەگرێتەوە.

ئەبێ ئاماژە بە ڕۆڵی پەروەردە بکەین لە پاراستن و جوانکردنی ژینگە  چونکە ئەتوانین بڵێین ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوە ئەبینێت بە هەردوو لایەنەکەیەوە، بە گەشەپێدان و پەراوێزخستن.

ئەمەوێ بە کورتی ئاماژە بەهەردوو لایەنەکە (ئەرێنی، نەرێنی)بکەم کە پەروەردە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لەسەر ژینگە دروستی ئەکات.

لە بواری ڕاستەوخۆدا پەروەردە ڕۆڵ و کاریگەری گەورە و گرنگی لە هۆشیاری و ئاراستەی باش بۆ ژینگەدۆستی، لە پێناو ژیانێکی خۆش و جوان و گەشانەوەی ژینگەی ژیان  دەگێڕێت، لە شێوازی ناڕاستەوخۆشدا هەمان ڕۆڵ دەبینێت بۆ دوور مەودای ژیان.

دەکرێ بەگرنگیەوە لە کاریگەری و ڕۆڵی پەروەردە بۆ هەموو جۆرەکانی ژینگە بڕوانین کە ئەمانەن( ئاو، هەوا، وشکانی).

بۆ هەر یەکێک لەو شێواز و جۆرانەی ژینگە پەروەردە دەتوانێ کاریگەری لەسەری هەبێت، ئەویش بە ئاماژە پێکردن و نمونە هێنانەوە و دیاریکردنی لەناو پڕۆگرامی خوێندن، ئەکرێ مامۆستایانیش لەکاتی وانە وتنەوەدا زیاتر ڕۆچنە ناو بابەتەکە و پەیامەکە ووردتر بکەنەوە، بەهەردوو شێوازی (گوتنەکی و کردارەکی) تا پەیامەکە بە باشی و جوانی بگات.

گرنگیپێدان بە ژینگە ئەچێتە بۆتەی بایەخدان و خۆشویستنی سروشت و مرۆڤ، بۆیە وەک پێویستیەکی ژیانی لێی دەڕوانرێت، ئەوەتا(دەیڤید ئاتێنبۆرۆ)دەڵێ(سروشت تەنها شتێکە کە پێویستمان پێیەتی).

ئەوەی لەم بابەتەدا جێدەگرێت، بایەخ و ڕۆڵی پەروەردەیە کە چەند لایەن و بەشێکی کارای کارپێکراو و کارلێک، ڕەنگدانەوەی تەواوی هەیە بۆسەر ژیان و ژینگە، بە ڕەچاوکردن و ئاراستەکردن و پابەندیەکانی بەرنامە و  پلان و نەخشەی پەروەردەیی، ئەوانیش لە چوارچێوەی بوونیان لە ناو پڕۆگرامەکانی خوێندن و ڕۆڵی مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاراندا خۆی دەبینێتەوە، لەو کاتەی هەماهەنگی و هاوکاری و پشتیوانی و دەستگیرۆیی هەبێت تا پاڵنەری پاراستنی ژینگە بکرێتە ئامانجی پەروەردە لە پێناو ژیانێکی شایستە بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

دەکرێ پەروەردە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە بەم چەند خاڵە دیاری بکەین:

١-هۆشیاری: پەروەردە دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە کێشەکانی ژینگە و گرنگی پاراستنی.

٢- ڕەفتار: فێرکردن دەتوانێت ڕەفتاری خەڵک بگۆڕێت بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانەتر.

٣-چارەسەر: پەروەردەکردن وفێربوون وخوێندن یارمەتی خەڵک دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ کێشە ژینگەییەکان.

٤- بەشداری پێکردن: پەروەردە هانی خەڵک دەدات بۆ بەشداریکردن لە چالاکی پاراستنی ژینگە.

٥-سیاسەتی ژینگەیی: کەسانی پەروەردەکراو زیاتر پشتگیری سیاسەتە دۆستانەکانی ژینگە دەکەن.

وەکو ڕوون و دیارە هەموو ئەو ووڵاتانەی ژیانیان خۆش و ئارامە و ڕێژەی تەمەن تیایاندا بەرزە، هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بە ژینگەی ژیانیان و بەرزی ئاستی وشیاری ژینگەیی و پابەند بوونیان بە ڕێکارەکانی ژینگەدۆستی، بەپێێ سەرچاوەی
مەڵپەڕی 

https://www.argaam.com/ar/article/articledetail/id/1411981

کە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجامیداوە بۆ ڕیزبەندی ئەو ووڵاتانەی ئاستی پاراستنی ژینگە تیایاندا بەرزە بەم جۆرە ڕیزیکردوون:

١-فینلەندا
٢-سوید
٣- نەرویج
٤- نەمسا
٥-سویسرا
٦-دانیمارک
٧-نویزلەندا
٨-ئەڵمانیا
٩-کەنەدا
١٠-لۆکسەمبۆرگ

 لەم وتارەدا ئەمەوێ تیشک بخەمە سەر ئاستی گەشەکردن و پێشکەوتنی بوارەکابی ژیان لەو ووڵاتانەدا کە  دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بە فەلسەفەی پەروەردە، لەناو پەروەردەشدا بایەخدان بە پرسی ژینگە.

بەهیوام ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ هەنگاونان و بایەخدان بە پرسی ژینگە لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا. وتارەکەم بە وتەیەکی (ئەلگۆر)کۆتایی بێنم کە دەڵێت:(ژینگەی سەلامەت و ئابووری بەهێز دوو ڕووی یەک دراون).

24/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر