گەڕان بەدوای كۆیلایەتی

د. کامەران مەنتک
بەشی دەیەم

بۆ زیاتر وردكردنەوەی بابەتەكە. خاڵێك هەیە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكەین و لەسەری بووەستین، ئەویش چەمكی نەزانییە، بەر لەهەموو شتێك دەبێت درك بەوە بكەین، نەزانی یەكەیەكی خۆڕسكە و لەگەڵ مرۆڤدا دێتە دنیا، ئەو پرسیارانەی، كە مرۆڤ دەربارەی دیاردەكانی دەوروبەری دەیوروژێنێت و دەیەوێت تێیانبگات، هۆكارەكەی نەزانیە، داننان بە نەزانی یەكەم هەنگاوی تەندروستە بۆ ئەوەی مرۆڤ بەرەو زانین و پێشوەچوون هەنگاو بنێت، ئەگەر مرۆڤ لەگەڵ لەدایك بوونیدا هەموو شتێك بزانێت بتوانێت وەڵامی هەموو پرسیارێك بداتەوە، كە ئەمە لە توانای هیچ مرۆڤێكدا نییە، ئەو كاتە شتێك نامێنێت بە ناوی نەزانی، مرۆڤ كاتێك هەموو شتێكیش بزانێت پیویستی بە پرسیاركردن نابێت، پرسیار لە چی بكات و لەكێی بكات، كە هەموو وەڵامەكان لە هەگبەكەی خۆیدا بێت!

بۆیە بۆ قسەكردن لەسەر نەزانی، باشترین رێگە ئەوەیە بەر لەهەموو شتێك دان بەوەدابنێین، كە مرۆڤ بە نەزانی لەدایك دەبێت، هزری مرۆڤ وەك لاپەرەیەكی سپییەو چی لەسەر تۆمار بكرێت، ئەو مۆركە هەڵدەگرێت، كەواتە مرۆڤ نەك بە تەنیا زانیارییەكان، بگرە ئاین، كەلتوور، زمان، نەتەوە، بەهاكان،.....هتد، هیچ شتێك لەگەڵیدا لەدایك نابێت و كاتێك دێتە ناو ژینگە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ئەو شتانە وەردەگرێت، لەكۆمەڵگەیەكی كریستیانی، موسڵمان، جولەكە، هیندۆسی، بودی، ... ئەوا ئەو ئاینانە وەردەگرێت، دەبێتە ئەو نەتەوەیەی تیادیا لەدایك بووە، ئەو بەهایانە وەردەگرێت، كە تیایدا گەورە بووە، كەواتە نە ئاین و نە نەتەوەو نەهیچ شێكی تر، جگە لە هەندێك جینات، كە شێوەو رەنگ و بەشێك لە سروشتەكەی هەڵدەگرن، هیچ شتێكی تری لەگەڵ لە دایك نابێت و لە هەموو شتێك رووتكراوەتەوە، وەرگرتنی ئەو زانیاریانەش لەناو كۆمەڵگە،  تەنیا بۆ چەسپاندنی بوونی خۆیەتی و هەوڵێكە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی مێشكی خەریك دەكەن، یاخود بایەخیان بۆ ئەو هەیە، واتە ئەو شتانەی مرۆڤ لەناو كۆمەڵگەدا دایدەهێنێت، بە شێوەیەك لە شێوەكان هەوڵێكە بۆ زانینی شتەكان و رێگەیەكە بۆ شەڕی نەزانی!.

كەواتە مرۆڤ كاتێك بە نەزانی لە دایك دەبێت و دێتە ناو كۆمەڵگەش، بەشێكی زۆر لە زانیارییەكانی لە رێگەی كۆمەڵگەكەیەوە بە ئامادەكراوی وەردەگرێت، واتە خۆی هیچ وزەیەكی تیا سەرف ناكات و بۆی ماندوو نابێت نەوەكانی بەر ئەو بۆیان ئامادە كردووە، بەكورتی ئەو وەڵامانەی وەریدەگرێیت،  بەرهەمی بیركردنەوەی خۆی نییەو پێیەوە ماندوو نابێت، ئەمە وادەكات بتوانێت وەكو هەموو تاكێك لە كۆمەڵگەكەیدا بیر بكاتەوە، تەنیا وەكو خۆی نەبێت، ئەمەش سەرەتای بەكۆیلەكردنیكی هزرییە، لەبەرئەوەی بە تێپەڕینی كات پڕۆسەی بیركردنەوەی لای دەوەستێت و توانای پرسیار دروستكردن لە دەست دەدات!.  واتە كلیلی زانین و فێربوون لە دەستدەدات.

ئەمە ئەوەمان بۆ رووندەكاتەوە، كاتێك مرۆڤ دێتە ناو كۆمەڵگە، نەزانییەكەی لە نەزانییەكی خۆڕسكەوە دەبێتە نەزانییەكی بە پیشەسازیكراو، خاوەن كۆیلەو هێزە فەرمانڕەواكان دەیان دامودەزگای تایبەت دروست دەكەن بۆ هێشتنەوەو پاراستنی ئەو نەزانییە، ئەو دامودەزگایانەش لەگەڵ پێشكەوتنەكان پێشدەكەون و گۆڕانكارییان بەسەر دادێـت، بەشێوەیەك هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی ژیانی ناو كۆمەڵگە، دامودەزگایەكی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە دادەمەزرێنێت، ئەو دەزگایانە بەشێوەیەكی گشتی كار بۆ ئەوە دەكەن، مرۆڤ نەتوانێت پرسیار بوروژێنێت و ئەركی پرسیاركردن بیركردنەوە، بۆ ئەوانە جێبهێڵێت، كە كۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن، ئەوانیش بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان پرسیار دروست دەكەن و وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوەو شیكردنەوە بۆ رووداوەكانی دەوروبەری خۆیان بكەن، لە رێگەی ئەمەوە كۆمەڵگە دەیەوێت بەو شێوەیە تاكەكانی پەروەردە بكات، كە خۆی دەیەوێت، بەڵام زۆرجاران تاكی یاخی لە دایك دەبێت و پێچەوانەی دۆخی باو بیر دەكاتەوە، پرسیاری نوێ دەورورژێنێت و دەیەوێت بەشێوازی خۆی بیریان لێبكاتەوەو وەڵامیان بداتەوە، كە ئەمە سەرەتای لێدانی زەنگی مەترسییە بۆ ئەو قۆناغەی لە ئارادایە.

 هەرچەندە كاتێك باس لە دامودەزگا باوەكان دەكەین، كە تاكەكان لە سایەیدا فێردەبن و پەروەردە دەبن، زاراوەی بەكارهێنانی كۆمەڵگە رەنگە زۆر شیاو نەبێت، لەبەرئەوەی كۆمەڵگە خۆی تا رادەیەكی زۆر لە دێوجامەیەك دەچێت بۆ فریودانی رای گشتی و كاركردنی چین و توێژێك بە ناوی هەموو خەڵكەوە، بۆیە باشترە بڵێین چینی دەسەڵاتدار، یاخود خاوەن كۆیلەكان، هەوڵدەدەن تاكەكان بەشێوەیەك پەروەردە بكەن، كە خۆیان دەیانەوێت، پەروەردەی گشتیش واتە دروستكردنی یەك بۆچوون و یەك دنیا بینین، یاخود كۆپیكردنی تاكەكان لەسەر یەك شێوە، كە ئەمە تایبەتمەندییەكانی هزری تاك لە بۆتەی گشتیدا دەتوێنێتەوەو بزری دەكات، وا دەكات تاكەكان نەك توانای بیركردنەوەیان نەمێنێت، بگرە هەر بیریش لە بیركردنەوە نەكەنەوەو بە پێویستی نەزانن، كاتێكیش هەموو شتێكیش بەناوی گشتییەوە دەكرێت،  نەزانی خۆڕسك دەگۆڕێت بۆ نەزانییەكی دروستكراو و كۆمەڵگە، فەرمانڕەواكان كار لەسەر برەو پێدانی ئەو پیشەسازییە دەكەن، بێگومان ئەمەش بەهۆی  ئەو هێزە باڵا دەستانەوە، كە بنەماكانی داهێنان لە دەست خۆیاندایەو ئەوان پلان و نەخشە دادەڕێژن بۆ دروستكردنی نەزانی دەستكرد، ئەگینا بەشێكی زۆری فەرمانڕەواكان، بەتایبەتی لە وڵاتانی دواكەوتوو، هەر لە بنەڕەتەوە لەو پڕۆسە وردو ئاڵۆزە تێناگەن و چیان پێدەگوترێت ئەنجامی دەدەن و ئەوانەی تریش كوێرانە لاسایی دەكەنەوە!.

بۆیە مرۆڤ كاتێك لە كۆمەڵگەیەكی گەورەی مۆدێرن لە دایك دەبێت نەزانییە خۆڕسكەكەی بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە دەست دەدات، هەموو دەزگاكانیش، هەر لەخێزانەوە تا دەگاتە قوتابخانەو مزگەوت و كڵێساو پەرستاگاكان، بە متمانەو باوەڕ بەخۆبوونێكی زۆرەوە كار لەسەر تێكشكاندنی نەزانی خۆڕسك دەكەن، ئەو نەزانییەی بەشێكە لە پێكهاتەی سروشتی مرۆڤ و هۆكارێكی سەرەكیشە لە پڕۆسەی دروستكردنی پرسیارەكان و گەڕان بە دوای وەڵامەكاندا. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین، كە نەزانی خۆڕسك نەزانییەكی تەندروستە شتێكی ئاساییە بەرامبەر گەورەیی گەردوون و ئەو چوارچێوە فراوانەی مرۆڤ تیایدا دەژیت، كە هەموو شتەكان سەرسامی دەكەن ودەیحەپەسێنن، ئەو حەپەساندنەیە پرسیار دروست دەكات وناچاری دەكەن بەدوای وەڵامەكاندا بگەڕێت، ئەمەش یەكێكە لەو رێگە باوانەی مرۆڤ، كە شەڕی ئەو نەزانییەی پێدەكات، ئەو پڕۆسەیە بەشێكە لە پڕۆسەی گەشەسەندنێكی سروشتی هزری مرۆڤ، كە لەنێو كۆمەڵگەدا رۆڵی نامێنێت یاخودی تا رادەیەكی زۆر كەم دەبێتەوە.

 سەیر لەوەدایە زۆرجار لە پەنای دامەدەزگا مەعریفییەكانەوە ئەو پڕۆسەی بە پیشەسازیكردنی نەزانییەوە ئەنجام دەدرێت، واتە بەشێكی زۆر لەو دامودەزگایانەی، كە وا نیشان دەدرێت، كۆمەڵگە بۆ شەڕكردن لەگەڵ نەزانیدا دایاندەمەزرێنێت، لەبنەڕەتدا رێگەیەكن بۆ بەپیشەسازیكردنی نەزانی و نەزانییەكی تر بەرهەم دێنن، كە زۆر  لە نەزانییە خۆڕسكەكە مەترسیدارترە، ئەویش پێی دەگوترێت نەزانی دوولایەنەیە، چونكە ئەو دەزگایانە، بۆ نمونە وەك قوتابخانەو زانكۆكان و .... هتد، كەسایەتییەكی نەزانی راستەقینە دروست دەكەن و بەكۆمەڵێك زانیاری تەلقینی دەدەن، كە هێزە پێشكەوتوو و سەركەوتووەكان دایدەهێنن و رەنگ بێت ئەو زانیاریانە لەگەڵ خودی سەردەمەكەی خۆشیاندا نەگونجێت، كەچی وەك زانا نیشانی كۆمەڵگەیان دەدەن و دەیانخەنە بازاڕی كارەوە، واتە بازاڕی گەمژەكردن بە پیشەسازیكردنی نەزانییەوە!. بۆ ئەوەی پێویستیەكانی چینی باڵادەست و خاوەن كۆیلەكان پڕ بكەنەوە.

24/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر