لە تەنیشت لوبنانەوە

هەندرێن شێخ راغب
گەیشتنی شەڕ بە لوبنان مانایەكی دیكە بە گرژی ومەترسیەكانی ناوچەكە دەگەیەنێت، لەوەش رونتر ئەم گوتارەی ئیسرائیل بوو كە گوتی: نەك هەر لوبنان بەڵكو ئامادەین بەندەری بەصرەی عێراقیش بە ئامانج بگرین. ئێستا شەڕ لە جوگرافیای فەلەستین نەماوە، ئێران و یەمەن و لوبنان و سوریا راستەوخۆ لەناو جەنگەكەن، عێراقیش بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی و لەلایەن گروپە شیعەكانەوە قاچی خستۆتە ناو كێڵگەكە.

بەهەر بارێكدا عێراق توشی جەنگ بێت كاریگەری گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بۆنمونە ئەگەر ئیسرائیل بەندەری شاری بەصرە وێران بكات و هەناردەی نەوتی عێراق پەك بخات، مانای وایە پارەو موچەو بودجەی كوردستان فت. چونكە عێراق دەرفەتی لەوە باشتری دەست ناكەوێت بۆ قوڕگ گرتنی زیاتری هەرێمی كوردستان(تەبعەن لەبواری پاككردنەوەی لیستی موچە حەقیەتی)، یان بەمانایەكی دیكە بڵێم ئەگەر ئیسرائیل ئەوە بكات؟ ئەوكات گروپە شیعەكان و ئێران و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی فشاری توند لە هەرێمی كوردستان دەكەن كە بێتە ناو مەنجەڵەكە، بەبیانوی ئەوەی كاكە فەرموو لەسەر بودجەو موچەی خۆت بەرگری بكەو قبوڵی مەكە. 
بەڵام ئەگەر عێراق بێتە ناو جەنگەكەوە دەرفەتی گەورەش بۆ كورد دێتە پێشەوە! 

بۆ وێنە عێراق توشی جەنگ بێت دۆستە نێودەوڵەتیەكانی و پشتگیرییە نێودەوڵەتیەكانی لەدەست دەدا، لەلایەكی دیكەوە دەچێتە بەرەیەكی شكست خواردووی وەكو لوبنان وسوریاو یەمەن و ئێران كە تاوەكو ئێستا ئیسرائیل زاڵ ترە، راستە لە غەززە بەرگری توند دەكەن، بەڵام قەبارەی زیانی جەنگەكە بەرەی دژە ئیسرائیلی گرتۆتەوە. بەڵام لێرەدا شتێك هەیە ئایا كورد دەتوانێت بەرگەی فشارو دژایەتی ئێران بگرێت لە حاڵەتێكی وادا؟ یان ئەوەتا ئەمریكاو ئیسرائیل بۆ ئەوەی كورد لەم بەرەیە دوور بخەنەوەو عێراقی پێ لاواز بكەن، چەند هەنگاوێك دەنێن، وەكو: بابەتی هەناردەی بۆڕی نەوتی كوردستان چارەسەر دەكەن و دادگاو شتی وا نامێنێت. چەكی پێشكەوتو دەدەنە پێشمەرگە، بەناوی داعش و تیرۆرو مەترسیەوە پێشمەرگە بەرەو ناوچە جێ ناكۆكەكان و كەركوك دەجوڵێنن، ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی پڕ چەك دەكەن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەخەنە ناو شەقامەكانی ناوخۆی ئێرانەوە، ئاسمانی هەرێمی كوردستان دەگرن و دەیپارێزن. واتە بۆ ئەوەی كورد لەگەڵ عێراق دژی ئیسرائیل نەبێت موجامەلەی دەست پێ دەكەنەوە. بەبۆچونی من ئەمە روونادات؟ چونكە كۆمەڵی نێودەوڵەتی و دنیای رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان نائومێد بووە، هەرێمی كوردستان پاشەكشەی گەورەی كردووە لە دیموكراسی، ئازادی را دەربڕین، بە دامەزراوە بون و سیستەمێكی مۆدێرن، نەبونی ئابوری نیشتمانی، نەبونی سوپایەكی كوردستانی یەكگرتوو، بونی گەندەڵی و ناشەفافیەتی زۆر، خراپی ئیدارەدان، دوو زۆنی و دوو ئیدارەیی و بچوك كاركردن و بیركردنەوەی دەسەڵاتدارانی كورد. بۆیە ئەگەر شەڕی لوبنان و ئیسرائیل و حزب اللە زیاتر گەشە بكات، پێم وانیە  لەدەرفەتەكان ئەم سودە وەربگرین(هیوادارم من هەڵە بم و كورد باش وەبەرهێنانی تێدا بكات). بۆ ئەم مەبەستە ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بیریان لە شتێكی دیكە كردۆتەوەو ئەمەش بە راستەوخۆیی جارێكی تر كاریگەری گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات، ئەویش دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئەمریكا ئاماژەی داوە بە بەعسیەكان خۆیان رێك بخەنەوەو تەنانەت هێزی چەكداریش دروست بكەن. بە كورتی بۆ ئەم مەبەستە لەبری كارتی كوردی، كارتی بەعسی ئامادە كراوە. بەعسیش بێتەوە ناو هاوكێشەكەو پشتگیری ئەمریكای هەبێت، بە دڵنیایەوە داعش و هاوشێوەكانی و گروپەكانی دیكەی ناو عێراق هەمویان دەچنە ژێر باڵی بەعسیەكانەوە. ئەگەر ئەوانیش بە عەقڵیەتی صەددامی بێنەوە گۆڕەپانەكە، ئەوا دەستوری عێراق تۆ خۆش و هەرێمی كوردستان دەبێتەوە شیمال لحەبیب!. 

كورد لەبەردەم مەترسی جەنگ دایە، بەڵام دەشتوانێت خۆی بۆ ئامادە بكات، هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو ئەنجام بدات، حكومەتێكی یەكگرتوی باش دروست بكات، شەفافیەت و دیموكراسی و ئازادی لەبەرچاو بگرێت و بیكاتە سیستەم، پێشمەرگە بە دروستی رێك بخاتەوە، ناكۆكی ناوخۆیی بە لایەكدا بخات..داهات و خەرجی بەجۆرێك رێك بخاتەوە كە متمانەی هاوڵاتیان بەدەست بهێنێتەوە. ئەوكات قەوارەی هەرێم نەفەسێكی بەهێزی بۆ دەگەڕێتەوەو عێراق ناچارە مامەڵەی لەگەڵ بكات، چونكە ئەگەر هەرێمی كوردستان بەهێزبوو گوتاری عێراق ئەوە دەبێت كە دژایەتیم مەكەو كێشەم بۆ دروست مەكە، خەمی مافە دارایی و موچەو بودجەت نەبێت، كاكە لەم شەڕە لەگەڵیشم مەبەو رازیم، بەس كێشەم بۆ دروست مەكە. بەڵام ئەگەر هەرێمی كوردستان هەروا پەرتەوازەو پڕ قەیران و بێ هێز بێت، گوتاری عێراق بریتی دەبێت لە فشار خستنەسەروو لایەنداری و خستنی هەرێمیش بۆ ناو مەنجەڵەكە. هەرێمی كوردستان لەناو كێشمەكێشی گەورەی ناوچەكە دەژی، دەبێت باش بزانێت ئەگەر خۆشی بەرامبەر كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ لایەن بێت، ئەوا كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ لایەن نین و بەهەر بارێكدا بێت یەخەی هەرێم دەگرنەوە. بۆیە دەبێت كورد ئامادەكاری ورد بكات و باش هەنگاو بنێت.

27/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر