حزب الله لە ژووری بوژانەوەی دڵە

محەمەد خۆشناو

دوای تەقینەوە شۆکهێنەرەکانی ئامێرەکانی « پەیجەر » و لاسلکی ئەندامانی حزب اللەی لوبنانی ، ئیسرائیل توانی تۆڕی پەیوەندی و گەیاندنی ئەو حزبە هەڵتەکێنێت و ، بە شەو و ڕۆژ بکەوێتە ناو بارەگا و گیانی سەرکردە دیارەکانی ئەو حزبە ، هەموو ئەوانە بەهۆی ئەو دزەکردنە قوڵەی ئیسرائیل بوو بۆ ناو سیستەمی ناوخۆ و تۆڕی پەیوەندی تایبەت و گشتی حزبەکە ، ئێستا سیخوڕەکانی  ئیسرائیل بەکەیفی خۆیان بەناو ملیشیاکانی حزب اللە دێن و دەچن و ئەوە چەندین ساڵە ئیسرائیل گوێ و چاوی ئەلکترۆنی لە دوروبەر و دەرەوەی خۆی داناوە ،  حزب اللە ڕۆژانە لە لایەن ئیسرائیلەوە لێدان لەسەر لێدان لێیدەدرێت کە ئەمەش بۆتە شکاندنی شکۆی ئەو حزبە ، ئەوە جگە لەوەی یەک یەک سەرکردەکانیان کە دواهەمینیان ئەمینداری گشتی ئەو حزبە بوو ڕاودەکرێن کە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو ئەوەی پێنەدەکرا ، بەتەئکید گۆڕانێکی گەورە لە هاوسەنگی هێز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە ، گۆڕان لە سیاسەتی ئەوانەش هەیە کە پشتگیری ملیشیاکانیان دەکرد و ، ئێستا خودی حزب اللە هەست بەو تەحەفوزی پشتگیریە دەکات کە لەبەرەی  ناوخۆ و دەرەوەی لوبنان لێیاندەکرد ، ئەمە پاشەکشەیە لە هیبەت و توانای حزبەکە !!  دەرچوو بژاردەکانی حزب اللە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی ئیسرائیل سنووردار بوون ، ئەمەش لەو نایەکسانیە گەورەیەی کە لە هەردوو بواری سەربازی و تەکنیکی زانستی نوێ بەدەرکەوت کە ئیسرائیل هەیەتی ، هەروەها دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانرێت کە ئایدۆلۆژیا و جیهاد ناتوانیت شکست بە تەکنۆلۆژیا بهێنێت و ناشتوانێت جەنگ یەکلا بکاتەوە ، بەداخەوە خەریکە باشوری لوبنان دەبێتە غەززە ، لوبنان ئەو وڵاتە گەشتیاریەی کە گەشتیاران کۆچیانکرد و وا ئێستا لە بۆشایەکی سەرۆکایەتی و دەستوری و قەیرانی سیاسی و ئابووری خەراپدا دەژیت و ، بەتاقی تەنیا لەناو ئەو جەنگە  ماوەتەوە و خەلکەکەی لەنێو فەوزایەکن ئاسۆیەک شک نابەن و واش بڕوات دەوڵەتەکە بەرەو دوا تۆنێلی ئەو بۆشاییە دەچێت  کە ئەمەش بەرەو ناسەقامگیری زیاتری دەبات ، لێکۆلەروان وای دەبینن کە چارەنووسی حزب اللە وەک چارەنووسی حەماس دەبێت و چیتر شوینی دەوڵەتی ملیشیایی لە ناوچەکە نابێتەوە کە جێگای مەترسین ، حزب اللە لە ژووری بوژانەوەی دڵە نەمردووە ، بەڵام هەست بە ئازاری مردن دەکات ، هەناسە هەڵدەکێشێت بەڵام ناتوانێت بجوولێت و تۆڵە بکاتەوە ، لەدۆخێکدایە کەس ئیریی پێنابات  ، ئەم دۆخەی لوبنان پێدا تێدەپەڕێت دۆخی کۆتایی هێنانی پڕۆژەیەکی نامۆی خۆسەپێنە کە بۆتە مایەی تێکدانی چەندان وڵات و دەردەسەری بۆ گەلانیان

28/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر