" بزووتنەوەی گۆڕان.. "وەرچەرخان

ئامانج نوری
سەرەتاکانی بزووتنەوەی گۆڕان و ئومێدی خەڵک لەسەری، بڕواو متمانەی هەڵسوڕاوەکانی بەئامانج و ستراتیژو سیاسەتەکانی، هەرگیز وانەبوو کە بگەن بەم ڕۆژە.. هەر بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ ڕووئەدات لە هاتنەخوارەوە "کەهەنگاوێکی درەنگ وەختیش بوو" لە گردەکە ، سەربەخۆکردنی سیاسەت و بڕیاردان، دەرچوون لەبازنەی سەقەتی دەسەڵاتی عائیلی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و هەژموونیان، ناو ئەنێم؛ وەرچەرخانێکی مێژوویی. وەرچەرخان لەچی؟ 

یەکەمجارە هێزێکی سیاسی پێچەوانەی حزبەکانی تر، "کە کاستی عائیلی دەسەڵاتدارو داراو خاوەن چەک و هێزو پەیوەندی و پشتیوانیی دەوڵەتانی ئیقلیمی، بیروڕا جیاوازەکان وخاوەن ڕەئی و ڕەخنەگرەکان وناڕازییەکانی وەدەر ئەنێن لەحزب، یان ئەیانخەنە بەر سزای دارایی و نانبڕین و دوورخستنەوە لە پێگەو پۆستی حزبی و حکومی" .. بەڵێ پێچەوانەی ئەوە، گۆڕان ئیستێک بەکاستە خێزانییە حزبییەکەی ئەکات. گۆڕان یەکەمجارە بنەمای حوکمی عائیلی رەتبکاتەوە و یەکەمجاریشە تەوریسی سیاسی و حزبی تێک بشکێنێت. 

جارێکی تر دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەناو حزب پیادە بکات، سەرباری گرفتە یاساییەکان، فشارە چەکداریی و دارایی و یاساییەکان لەسەری. هەر بۆیە ناوی ئەنێم؛ وەرچەرخان.. گرنگە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ساحەی سیاسی بمێنێت، وەک بەشێک لە فرەیی ڕەنگ و بیروڕاو هەڵوێستی سیاسیی"بەڵام دوور لە پۆپۆلیستییەت و ئینتیهازییەکان"، کە ئەوەش خزمەت ئەکات بەپرۆسەی دیموکراسی و دیموکراتیزەکردن لەکوردستان. گرنگە، هێزو پارتە سیاسییەکانی تریش ئەم ئەزموونە بەنەرمی و بەشێوازی ئاشتیانەو یاساییانەی گونجاو چەندبارە بکەنەوە ، بۆ ئازادبوون لە بەڵای حوکمی عائیلی و خۆسەپێن، بەسەر حزب و سیاسەت و ئەندامەکانیان. گرنگە دەستاودەست کردنی دەسەڵات بەئارامی بکرێتە نەریت لە حزب و حکومەتیش. 

گرنگە، هەمان تێڕوانین بکەنە ستراتیژ لە بونیادنانی دامەزراوەکان بۆ سیستمی دیموکراسی تا گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی تەندروست و دادپەروەر. بۆیە ئەم هەنگاوەیان بەئاڕاستەی دروست.. پیرۆزبێت هەرچەند دڵنیام کە خۆنەویستی و بەئەمەکیی زۆری ویستووە، لەمپەڕ و باج دانیشی ئەبێت.. بەڵام، دواجار خزمەت بەژیانی حزبی و دیموکراسیی ئەکات.

  


29/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر