دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن، ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستگۆیانەو واقعی دەنگدانی هاوڵاتیان نەبو، بەڵکو وەک دەڵێن( ئەگەر دۆم کڵاش بۆخۆی بدروێ دەبێ چۆن بێ)، بەو شێوەیە کڵاشەکەیان دوری !!
ئیتر با زیاد بۆکەمان نەڵێین، ئەمەش نە بەزمی یەکەمجارەو نەئاخیرەمین باریش دەبێ !!
من هەرگیز باوەڕم بە دیموکراتیەت نیە لەژێر سایەی لولەی تفەنگی میلیشیاکان، بۆیەش چەندین جارە کونجی بایکۆتم هەڵبژاردوە،بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە هاوڕێیان وهاوڵاتیان ئەو هەنگاوەی ئێمەیان لەخزمەتی دەسەڵات دەبینی ولێکدانەوەی جیاوازو نێگەتیڤیان بۆ دەکردین ،بێ گوێدانە هەڵوێستەکانی ئێمە بەبەردەوامی لەرووبەروبونەوەی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە خۆسەپێنە بەزەبری هێز. زۆربون ئەوانەی بڕوایان وابو ئەو هەڵبژاردنە جیاوازە لەچاو ئەوانی پێشتر، وە گوایە ئەمجارە دەنگی هاوڵاتیان یەکلاکەرەوە دەبێ لە کۆتایی هێنان بە تاکڕەوی و دکتاتۆری ،بەڵام بەداخەوە وانەبو هەروەک ئێمە پێشبینیمان کردبو. چونکە حوکمڕانانی ئێرە لەسەرەوە چەقۆیان لێک دەسوی بۆ جۆشدانی سۆزی جەماوەرەکەیان، لەژێرەوەش لەسەر ووردو درشتی مەسەلەکان و دابەشکردنی کورسیەکان رێک کەوتبون، وەبڕیاریاندابو لەو یاریە کێ فت بکەن وکێ بێننە پێشەوە،هەر واش دەرچو !
بۆیە دەبێ براوەو دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن، بەو ئەنجامانە شادو غەمگین نەبن، هەروەها گلەییش لەعەوامی خەڵک نەکەین بەوەی دەنگی بەحزبەکانی دەسەڵات داوەو بێ هەڵوێست بوە لەڕاست ئەو هەمو پێشێلکاریانەی کراوەتە سەر مافەکانی، چونکە دیموکراتیەت وپڕۆسەی هەڵبژاردنی ئازاد لای ئێمە ئەوساتە لەگۆڕنرا کە دەرەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 1992 بە ففتی ففتی یەکلاکرایەوە نەوەک بەپێی دەنگی هاوڵاتیان،ئەو ففتی ففتیەی بناغەی دوو هێزی خۆسەپێنی فەڕز کرد،وە کوردوستانی بۆ دووزۆنی سەوزو زەرد دابەشکرد، ئەو دۆخەش تا ئەو ساتە وەختە بەردەوامە ، دوو حکومەت و دوو زۆنی قەڵەمڕەوی دوو حیزب، ئەویش تەنیا بەپشتیوانی هێزی چەکداری بن دەستیان، دوور لە هەمو پرنسیپەکانی دیموکراتی و مافی مرۆڤ !