چارەنوسی کەرکوک و سەرژمێری گشتی

شۆرش حاجی

ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە کەرکوک، کە بڕیارە لە رۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێ، ئومێدی گێڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە رێکاری یاساییو دەستوری هەتا هەتایە زیندەبەچاڵ دەکا. ئەوەش دوای ئەوەی کە گەلی کورد لە رابردودا چەندین هەلی مێژویی لەدەستداوە.

سەرکردایەتی سیاسی کورد لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ هەلێکی زێڕینییان لەدەستدا  
بۆ ئەوەی کەرکوک بگەڕ ێتەوە سەر هەرێمی کوردستان. ئەمەش بەوەی لە سەر داوای ئەمریکا رازی بون کە پێشمەرگە لە کەرکوک بکشێتەوەو لێگەڕێن کەرکوک لەلایەن ئەمریکاوە ئازاد بکرێو دواتریش بەپێی مادەی ١٥٨ لە یاسای ئیدارەدانی کاتی عیراق مامەڵە لەگەڵ پرسی کەرکوک کرا.

لەوەش قەباعەت تر ئەوە بو، کە لە کاتی نوسینەوەی دەستوری عیراق جارێکی دی سەرکردایەتی سیاسی کورد رازی بون پرسی کەرکوکو ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان تێکەڵ بە کێشەی چەندین ناوچەی تر لە باکورو ناوەڕاستی عیراق بکرێو چارەنوسی ئەو شارە بە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری هەمیشەیی عێراقەوە بەسترایەوە. لەو ساشەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەنگاوی جید ی‌و یەکلایکەرەوەیان نەناوە بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ئەو هەمو ساڵە، سەرانی کورد هەر جارەی بە بیانوێک پاساویان بۆ جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠و دروستکردنی ئاستەنگ لە بەردەم یەکلایکردنەوەی چارەنوسی کەرکوک دەهێنایەوەو دەسکەوتی شەخسی و حیزبی لە بەغدا و لە هەرێم لەلایەن دەسەڵاتدارانی کورد زۆر لە پێشەوەی پرسی کەرکوک بوو.

ئەنجامدانی 
ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧و پاشان رادەستکردنی کەرکوک و باقی ناوچە کوردستانییە دابڕینراوەکان بە سوپای عیراق لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، دوا گورزی کەمەرشکێن بو کە لە کەرکوک درا. 

ئەگەر بێتو ئەم مانگە سەرژمێری گشتی لە کەرکوک بکرێ، ئەوا بەدڵنیاییەوە ژمارەی کورد بە بەراورد بە ژمارەی عەرەبو کۆی ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارە بە کوردو عەرەبو تورکمانو کلدۆئاشورییەوە بە جۆرێک دەبێ کە بە هیچ پێوەرێکی زانستی لەسەر بنەمای ئامارو فرەیی نەتەوەیی ناتوانرێ ئیدیعای کوردستانییەتی کەرکوک بکرێ تاکو ئەو شارە دێرینەی کورد بگەڕێتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە قۆناغە هەرە گرنگەکەی مادەی ١٤٠ تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، کە بریتیە لە گێڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ شوێنەکانی پێشویان و گەڕانەوەی کوردە دەرکراوەکان بۆ ناو شاری کەرکوک و گۆڕینی سنوری ئیداری ئێستای پارێزگای کەرکوک بۆ سەردەمی پێش هاتنی رژێمی بەعس و دەستپێکردنی شااڵوی تەعریب، بەڵام ئێستاش کورد لەروی دەستوری‌و یاساییەوە کارتێکی بەهێزی بەدەستەوەیە کە نابێ پێش جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ کە بەشێکە لە دەستوری هەمیشەیی عێراقو زۆرینەی خەڵکی عیراق دەنگی پێداوە، سەرژمێری لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، کە لە دەستوری عیراق بە ناوچە جێناکۆکەکان ناوی هاتوە، ئەنجام بدرێ.

بۆیە لە ئێستادا ئەرکی هەر کوردێکی بێلایەن یان لایەنگری هەر حیزبو هێزێکی سیاسییە، کە بڕوای بە کوردستانییەتی کەرکوکە ، فشار بخەنە سەر سەرکردایەتی سیاسی کوردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم، کە لەم ساتەوەختەدا هەمو جیاوازی و ناکۆکییەکانیان بەلاوە نێنو پێگەو پەیوەندییەکانیان لە بەغداو تارانو ئەنقەرە بەکاربێنن بۆ ئەوەی نەهێڵن سەرژمێری لە کەرکوک بکرێ.

ئەگەر بەرپرسانی کورد پێداگری لەسەر ئەم بابەتە نەکەن و رێگری لە ئەنجامدانی سەرژمێری لە کەرکوک نەکەن ئەوا هەرچیەکیان کردوەو گوتوە سەبارەت بە کوردستانییەتی کەرکوک پوشێک ناهێنێ و هەر کەسو لایەنێکیش لەو پێناوە هەر قوربانی یەکی دابێ رەنج بەخەسارو مایەپوچ دەبێ! 

01/11/2024




وتارەکانی تری نوسەر