دوو رۆژە لە سۆشیال میدیا و هەندێ کەناڵی میدیایی ناوداریش باس هەر باسی گرانترین ژەمە خواردنی جیهانە، لە کێندەرێ؟
- لە هـــەولــێــرێ!
باشە ئەوە چ هەواڵێکە کە کەناڵەکانی دەسەڵاتداران ئەوەند گرنگی پێدەدەن!
سەیری هەواڵی داهێنانەکانی چین و ئەوروپا و ئەمەریکا بکەن و سەیری قـوزولـقـورتـریـن خواردنی پایتەختەکەی خۆشمان بکەن ئینجا دەزانن ئێمە بەدەستی چ سیستەم و فەرهەنگێکی ساختەی هاوردەوە دەناڵێنین!
سەیری خۆشگوزەرانی خەڵکی وڵاتە پێشکەتووەکان بکەن و سەیری بێ مووچویی و نەبوونی هەلی کار و بارودۆخی نەخۆشە درێژخایەنەکانی وڵاتی خۆشمان بکەن ئینجا دەزانن ئێمە لە چ ئاستێکی نزمی ژیان و ئەوان لە چ ئاستێکی بەختەوەریدان!
کەچی ئەو دەسەڵاتدارانەی کە بە هۆی سەرمایە زەبەلاحە بێ ئارەقە بە دەستهاتووەکانیان تەنیا لاسایی دیاردە هەرە قێزە ونەکانی سیستەمی سەرمایەداری دەکەنەوە و کەناڵە میدیاییەکانیشیان شاباشی هەواڵێکی شەرمەزاری لەم جۆرە دەکەن!
فرۆشتنی گرانترین ژەمەخواردن کە بە پێی هەواڵەکان دەکاتە مووچەی یەک مانگی نزیکەی (٢٠٠) دوو سەد فەرمانبەر و کرێکار بەڵگەی پێشکەوتن و شارستانیەت نیە، بەڵکو ئەوە لە لایەک پەتای لایەنی هەرە خراپی سەرمایەدارییە بێ ویژدان و بێ سودەکەیە و لە لایکی دیکەش نیشانەی ئەوەیە، کە کاتی ئەوە هاتووە ئەوسیستەمە حوکمڕانیە سەقەتە بە خۆشی خۆی خۆی بگۆڕێ یان بە ناخۆشی بگۆڕدرێ