دوای چەند ڕۆژێک لە ئاڵۆزییەکان، لەناو تەپ و تۆزو دوکەڵی شەڕو ئاڵوزیدا، سەرەداوی ڕیزبەندی هێزە دەرەکیەکان و هێزە ناوخۆییەکان لە دۆسییەی سووریادا ئاشکرابوو؛
یەک؛
، ئێران و سووریا ژێر باڵی ڕووسیا کەوتوون.
دوو؛
ئەمریکا وفەرەنسەو ئەڵمانیاو بەریتانیا بەرانبەریان، لەپشت هەسەدەوەن.
سێ؛
تورکیا، لەنێوەندی هەردوو بەرەکە دا ئەم بەرو ئەوبەر ئەکات، ڕەدووی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، سپۆنسەری سەرەکی پشت ئەو پەلاماردانەی هەیئەی تەحریری شامە.
چوار؛
عیراق، ترسی دووبارەبوونەوەی داعش 2014 ی هەیەو تەواو هاوبەستەی جوڵەکانی ئێرانە.
پئنج ؛
ئێران، دۆڕاوی ململانێکانە، بەرامبەر ئیسرائیل وئەمریکا، لەغەززەو لوبنان، کەوتنی دیمەشق بەکۆتایی قۆناغی شەڕی بریکارەکان دائەنێت، هەرچی لەتوانایدایە ئەیکات بۆ مانەوەی دیمەشق، تەنانەت ئەگەر بەنرخی خستنە ناوەوەی سوپای عیراق و میلیشیاکانی حەشدیش بێت بۆ بازنەی جەنگ لە سووریا.
شەش؛
ڕووسیا، ئەسەد بە هاوپەیمانی ستراتیژی خۆی ئەزانێت لە سووریا ، بەڕووی ڕکابەرەکانی، هەربۆیە دوای جەنگی ئۆکراین جەنگی سووریا پلەی دووەم پۆلێن ئەکات، تاکە پێگەی لەخۆرهەڵاتدا بەندەری تەرتووس و بنکەی حمێمیمە لەسووریا، کەوتنیان بە کوشندە ئەزانێت، بۆجووڵەکانی لە دەریای سپی ناوەڕاست.
حەوت؛
جەمسەرگیرییە جیهانییەکان، وڵاتانی ناتۆ و ئەمریکا جەمسەربەندی بەرەیەک ئەنوێنن، لەبەرامبەر وڵاتانی میحوەر کە ڕووسیاو چین و کۆریای باکوورو ئێرانە.. زۆربەی هێزە ئیقلیمییەکانیش دابەشبووی ئەو جەمسەرگیرییەن لەبازنەکانی ململانێ لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
هەشت؛
گرنگی دیمەشق بۆ تورک و فارس لەوەدایە، کێبڕکێیانە بۆ بەلاداخستنی ئاییندەی سیاسیی و مەزهەبیی ئەو پایتەختە، کە ئەبێتە پێتەختێکی داعشی سوننی بەدڵی تورکیا بە سەرخستنی هەیئەی تەحریری شام، یان پێتەختێکی شیعی وەلائی بەباڵادەستبوونی حزبوڵا و میحوەری مقاوەمە.. کە لەهەردوو بارەکەدا مەترسییەکی جدیی ئەبێت لەسەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکەی کە ئەمریکایە.
هەر بۆیە تورکیا ئاگرەکەی پێوەناو ئێرانییەکان پێی داخ بوون.
نۆ؛
کورد، لەو بازنە گەرمەدا لە سووریا، جارێکی تر مەترسی لەسەرەو تاکە هیوای "پێگەی زەمینی خۆیەتی و هێزەکانی ئەمریکا"، لەدەرەوەی ئەوەش هەر گرەو کردنێک لەسەر حکومەتەکەی ئەسەدو بەڵێنەکانی ڕووس یان ئێران، سووتانی حەتمییە.
دە؛
وورد وورد، بازنەی ململانێی گەرمی زلهێزە جیهانییەکان و جەمسەرە ئیقلیمییەکان لەخۆرهەڵات، کەلەم قۆناغە لە سووریادایە ، ئەگۆڕدرێ بۆ ئاگردانی تەسفیەی حساباتی زلهێزەکان، کە گۆڕینی هاوکێشە و بەڵانسی هێز، لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەر دروستی کردووە، کە سیناریۆی دابەشکاری و گۆڕینی نیزام و بوون بەسێ هەرێمی "کوردی، سوننی، شیعی" ، لەگەڵ ئیتیفاقاتی زلهێزەکان یان براوەکان، بە دانوستاندن، وەک سەرەتای سەدەی بیست.
ماوەتەوە بڵێین هۆکارگەلێکی تریش هەن؛
نموونەی ڕێگە بازرگانییەکان لەنێوان ئەوروپاو چین بۆ کەنداو، لەگەڵ سەرچاوەکانی ووزەو نەوت، کە جەمسەرەکان لەسەری پێک بێن، وە ململانێی ناڕاستەوخۆی ئەوروپاو ئەمریکاو ڕووس و کۆریای باکوور لە ئۆکراین.
هەر بۆیە هاوکێشەی بازنەی بەریەککەوتنی گەرمی ئەم قۆناغە لە سووریا، زۆنگاوی ململانێ و ڕووبەڕوو بوونەوەی ناڕاستەوخۆی زلهێزەکانە، کەهەویرێکەو ئاو زۆر ئەکێشێت.