(هەندێ سەرەقەڵەم و وردە سەرنجی خێرا)
لە چواردە ساڵی ڕابردوودا، میدیای عەرەبی لەبری شۆڕش، ڕاپەڕینی گەلانی سووریای بە ڕووی ڕژێمی ئەسەد و شەڕی نێوان سوپای سووریا و گرووپە چەکدارە نەیارەکانی، بە شەڕی ناوخۆ ناو دەبرد، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە شەڕی ناوخۆی ڕاستەقینە لەم وڵاتەدا، لە ئەمڕۆوە و دوای ڕووخانی بەعس و کۆتایی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، دەست پێ دەکات.
ئەم چەند ڕۆژەی داهاتوو گەلی سووریا و هێزە سیاسی و گرووپە چەکدارەکانی؛ لە نەشئەی سەرکەوتن بەسەر بەعس و ڕووخاندنی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەددا دەژین، بەڵام پاشخانی ململانێی نێوان هێزەکان و هەموو ڕووداو و پێشهاتەکان، ئاماژەی ڕوونن بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئەم سەرکەوتنە کاتییە و لە داهاتوویەکی نزیکدا، دەرگای دۆزەخی شەڕی ڕاستەقینەی ناوخۆ، بەڕووی سوورییەکاندا دەکرێتەوە.
تێگەیشتن لەو ڕاستییەش کە ئەو شەڕە ناوخۆییە چاوەڕوانکراوە ڕووداوێکی حەتمییە، زۆر قورس و ئەستەم نییە، تەنانەت جۆرێکە لە هاوکێشەیەکی ماتماتیکی کە ئەستەمە هەڵە قبووڵ بکات. چۆن؟
ئێستا لە سووریا چوار بەرە و هێزی چەکدار هەن، کە بە حوکمی جیاوازیی دنیابینی و ڕوانگەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیان، هەروەها گرێدراویان بە ئەجێندای جیاوازی دەرەکی، بەرژەوەندیی هیچ کامیان لەگەڵ ئەوەی تر نایەتەوە:
- بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە سەرکردایەتیی (دەستەی ڕزگارکردنی شام).
- سوپای نیشتمانی کە ناویان لەخۆیان ناوە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و لە بنەڕەتدا کرێگرتە و چەتەی بەرفەرمانی تورکیان.
- ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی (شکاندنی کۆتەکان) کە گرووپگەلی چەکداریی جیاوازی ناتەبان و ئەم چەند ڕۆژە چوونە پاڵ چەتەکانی تورکیا.
- هێزەکانی سووریای ئازاد، کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا دەجوڵێنەوە.
- هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە کەم و زۆر ئەوانیش فەرمان لە ئەمریکییەکان وەردەگرن.
ئینجا هەریەک لەم بەرە و هێزانە حکوومەتی تایبەتی خۆی هەیە:
- دەستەی ڕزگارکردنی شام، (حکوومەتی ڕزگاریی) هەیە.
- سوپای نیشتمانی، (حکوومەتی کاتیی) هەیە.
- هێزەکانی سووریای دیموکرات، (حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری) هەیە.
ئەم فرە بەرەیی و کوێخایەتییەش لەکاتێکدایە، کە هیچ کەناڵ و پرد و ڕایەڵێکی پەیوەندیی لەنێوان ئەم حکوومەتانەدا نییە و سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی سەربازی و لێڤەگەڕێکی سیاسیش نییە، کە هەموویان لەژێر یەک چەتردا کۆ بکاتەوە.
ڕاستە جاران شتێک هەبوو بە ناوی (هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریا)، بەڵام ئەو هاوپەیمانییەتییە کە لە بنەڕەتدا دەبوو لایەنی سیاسیی شەرعی و چەتری کۆکەرەوەی هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆن بووایە، بەهۆی لاوازیی و شکست و گەندەڵییەکانییەوە، هەر زوو خۆرەکەی لە دیمەن و گۆڕەپانی سیاسیی سووریادا ئاوا بوو.
زەمینە و هۆکارەکان بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سووریای دوای بەعس و ئەسەد بریتیین لە:
- جیاوازیی ڕوانگەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی گرووپەکان.
- تینوێتیی بازرگانانی جەنگ و خوێن بۆ دەستگەیشتن بە پارچەی گەورەی کێکی دەسەڵات.
- بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەسەر سروشت و جۆری حوکمڕانیی داهاتوو لەم وڵاتەدا.
دوا سەرنج:
دوو خاڵی گرنگ و دڵخۆشکەر لەم ڕووداوانەی ئەمڕۆی سووریا بریتیین لە:
- کۆتاییهاتن بە دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتی ستەمکارانەی بەعسی عەرەبی و بنەماڵەی ئەسەد.
- بڕینی دەستی ئێران لە ناوچەکە و زیندەبەچاڵکردنی خەونی خومەینی لە دروستکردنی هیلالی شیعی.