سلێمانی خوێنی لێ ئەچۆڕێت

ئامانج نوری
هەفتەیەکە، هەر هەواڵی کوشتنەوە ماڵپەڕو پەیجەکانی تەنییوە..

دەمەقاڵێ دوو دراوسێ، تازەبووکێک خەڵتانی خوێنکرا، ژنە مامۆستایەکی زانکۆ بەرچەقۆ درا.. تاد

ئەم کوشتو کوشتارە بۆچی؟!
کێشەکان هێندە قووڵن یەکتر بکوژین؟!
دۆخی دەروونی و گیرفانی بەتاڵی خەڵک و مووچەخۆر وایکردووە؟!
پەروەردەی ناتەندروستە مرۆڤ کوژی بەرهەمهێناوە؟!

پیاوانی ئایینی و وتارە ئاگرینەکانیانە خەڵکیان خستۆتە بەردەم بژاردەی تۆڵەی شەرعی و هەق بەدەستی خۆ سەندن ؟!

حکومەتی پۆلیسیی و بەسەربازکردنی کۆمەڵگا و بەسەربازگەکردنی شارەکان، شیرازەی تێک ئاڵۆزکاندووەو عەنتەرو مەنتەری هێناوەتە مەیان؟! 

ڕۆڵی نابەرپرسیارانەی ڕاگەیاندنەکان و پەیامنێرو گەڕۆکەکانیانە کەلەشانۆی تاوانەکانەوە لایڤ ئەکەنەوەو ڕاستەوخۆ ئەوەی ناوترێ و ئەوترێ، ئەیکەن بەئاشتی مێشک و ئەندێشەی ماندووی تاکەکاندا ؟!

یان یاساو پۆلیس و پارێزگاری شار غائیبن؟!
گەلۆ.. تەواو تێک ترشاوین!
بە دەستووری سلێمانی؛
خوم شێواوە!

وا نابێت.. تکایە کارەساتە!

دایکان و باوکان و مامۆستا و مزگەوت و ڕۆژنامەنووسان و توێژەران و پیاوماقوڵان و ژنانی مەجلیس، ئەرکەو، وەرنە سەرخەت.. کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی هستریای توڕەیی و نەشئەی پارەو هێزو چەک و پلەو پایەو توندڕەویی و گرژی نێوان تاکەکان وخێزانەکان ..
ئێستە ، بایی یەک عانە بەم سیستم و دەسەڵاتە متمانەم نەماوە..

"دەوڵەتداری" ئەوە نیە بچیت بریندارەکان بگەیەنیتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن..!

یان تەرمەکان کۆبکەیتەوە وبیانگەیەنیتە پزیشکی دادو پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکبخەیت!
دەوڵەتداریی ئەوەیە هۆکارەکانی تاوان و گرژیی پەی پێ پبەیت..
کاری وورد و هەمەلایەنە بۆ کەمکردنەوەیان بکەیت..
بەهیوای ئارامییم بۆ هەمووان.

03/02/2025




وتارەکانی تری نوسەر