ڕۆمانسیەتی کۆڕبەندەکان

ئاسۆ عەبدولەتیف
بەدبەختی و  بەهەڵەدا چوونێک هەیە لەپەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و ستراتیژی سیاسی و نەتەوەییماندا بەتایبەت لەسەروبەندی کۆڕبەندو پانێڵ و دیدی پانێڵیستەکاندا.

ناکرێ کورد ئاوا هەمیشە داواکاریەکانی لە دامەزراوە فەرمیەکان و پەڕلەمان فەرامۆش بکرێ و پڕۆژەکانی تەئجیل بکرێ بەبیانووی جۆراوجۆر، کەچی لەکۆڕبەندو کافێی هۆتێلەکاندا باسی بکاو بۆی بگەڕێ لەگەڵ برایانی عەرەب و تورک و فارس.

ئەمە دۆخی تێنەگەیشتنە لە دیسکۆرسی فیدڕاڵی و حوکمڕانی، دۆخی بێبڕواییە، دۆخی سایکۆلۆژیای پاسیڤ و گوتاری کەوتووە، دۆخێکە هێجگار فەوزەوی و بێ ڕوئیا، میللەتێک نابێ چاوەڕوان بێت دەستکەوتی گەورەو بازدان هەبێ لەمێرگێکی سیاسی لەو چەشنە پاسیڤەدا کە ڕۆمانسیەت و سۆز زاڵە بەسەر پێکەوەژیانی درۆینەدا.

دەیان جار بڕگەو مادە دەستوریەکان و کەرامەتی نەتەوەیی کورد پێشێل کراوە لەعێراقدا لەسەردەستی زۆرینەی پەڕلەمانی و زۆرینەی وەلائی مەزهەبی و حەشدی شەعبی کەچی لەم جۆرە کۆنفڕانسانەدا کە پەیمانگا یان ڕێکخراوەیەکی مەدەنی سەرپەرشتی دەکات، کوردو عەرەبی عێراقی شاگەشکە دەبن بە دیتن و بەدیداری یەکتریی کە یەکپارچە میدیایی و نمایشە، تۆ بڕوانە تاکی عێراقی چەند سایکۆپات و ئیزدیواجی ڕەفتارگۆن؟

لەپەڕلەمانێکی دەستوریی و یاساییدا، شیروتیر لەیەک دەسون و زۆرینە حوکم دەکات و دژی یەکتر دەجوڵێنەوە، کەچی لە کۆڕبەندو هۆتێلەکان و کافێ و پانێڵەکاندا وەک فریشتە قسە دەکەن، ئەوە چیرۆکی کوردو عەرەبی عێراقییە بۆیە قەدی فاشیزم تابێت ئەستوورتردەبێ.



03/03/2025




وتارەکانی تری نوسەر