یاسای بەریًَوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوەی ساڵی 2004 لەمادەی (44)یدا بریاری دامەزراندنی دادگای فدراڵی داوە، هەروەها لەمادەی (45)یشدا باس لە پێكهاتنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەكا، كە پێكدێ لە: (سەرۆكی دادگای باڵای فدراڵی ، سەرۆك وجێگرانی دادگای پێداچوونەوەی فدراڵی ، سەرۆكی داگاكانی تێهەڵچوونەوە، و سەرۆك ودوو جێگری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەكان) ، هەروەها سەرۆكی دادگای باڵای فدراڵی سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە دەكا ولەكاتی غیابیشیدا سەرۆكی دادگای پێداچونەوە جێگەی دەگرێتەوە. ئەندامەكانی دادگای باڵای فدراڵی كە بریتی بوون لە (9) دادوەر، لەلایەن ئەنجومەنی قەزاوە كاندید دەكرێن، بەگوێرەی مادەی (44/ه)لە یاسای بەریًَوەبردنی دەوڵەتی عێراق و مادەی(3) لە یاسای داگای باڵای فدراڵی ژمارە (30) ساڵی 2005. كەواتە سەرۆكی دادگای باڵای فدراڵی لەهەمان كاتدا سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بووە، بۆیە لەو ماوەیەدا هیچ كێشەیەك لەنێوان دادگای باڵای فدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری دروست نەبوو، لەسەر جێبەجێكردنی بریارەكانی دادگای باڵای فدراڵی وپابەندبون پێیانەوە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەریەوە.
بەڵام دەستوری 2005، بەشێوەیەكی جیاوازتر لە دەستورەكەی پێش خۆی(یاسای بەریًَوەبردنی دەوڵەتی عێراقی ساڵی 2004) ئەنجومەنی باڵای دادوەری رێكخستبوو، بەپێی ئەو دەستورە تازەیە دەسەڵاتی دادوەری پێكدێ لە:(ئەنجومەنی باڵای دادوەری ،دادگای باڵای فدراڵی،دادگای پێداچوونەوەی فدراڵی ، دەزگای داواكاری گشتی، و دەستەی سەرپەرشتی دادوەری). ئەو دەستورە پێكهاتەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دیارینەكردووە، بەڵام تایبەتی كردوە بە ئیدارەدان و سەرپەرشتیكردنی كاروباری دەزگا دادوەریەكانی فدراڵی. بەڵام بەپێی مادەی(91/دووەم) و(92/یەكەم)ی دەستور دەردەكەوێ كە دادگای باڵای فدراڵی وەك هەئیەتێكی سەربەخۆ لەدەرەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدایە. كەواتە نابێ ئیتر سەرۆكی دادگای باڵای فدراڵی ببێ بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بۆیەش بەگوێرەی یاسای ئەنجومەنی باڵای دادوەری ژمارە (112) ی ساڵی 2012 ، ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێك دەهات لە: (سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی فدراڵی وجێگرەكانی، سەرۆكی داواكاری گشتی، سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتی دادوەری، و سەرۆكی داگاكانی تێهەڵچوونەوەی فدراڵی، بەرێوەبەرە گشتیەكانی ئەنجومەن)، سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی فدراڵیش سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە دەبێت، واتە بەپێی ئەو یاسایە دادگای باڵای فدراڵی خرایە دەرەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریەوە. هەربۆیەش ئەو یاسایە بەبەهانەی نادەستوریبوونیەوە، بەزوویی هەڵوەشێنرایەوە، لەلایەن دادگای باڵای فدراڵی بەبریاری ژمارە (87/فدراڵی/ 2013) لە 16/9/2013.
دواتر یاسای ئەنجومەنی باڵای دادوەری ژمارە (45) ساڵی 2017 ، بەهەمان شێوەی یاساكەی پێشوو ئەنجومەنی باڵای دادوەری رێكخستبوو بەجیاوازیەكی كەمەوە، بەوەی پێك دێت لە:(سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی فدراڵی وجێگرەكانی، سەرۆكی داواكاری گشتی، سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتی دادوەری، و سەرۆكی داگاكانی تێهەڵچوونەوەی فدراڵی، و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمەكان)، سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی فدراڵیش سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە دەبێت. واتە هەر دوو پۆستی سەرۆكی دادگای باڵای فدراڵی و سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی فدراڵی لەیەك جیاكرانەوە وهەریەكێكیان دادوەرێك سەرۆكایەتی دەكرد، بۆیەش لێرەدا ناكۆكی ودووبەرەكی كەوتە نێوان دادگای باڵای فدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بەتایبەتیش لەنێوان سەرۆكی ئەو دوو دامەزراوە دادوەریەدا، بۆیە هەوڵەكانی دادگای باڵای فدراڵی بۆ كەمكردنەوەی رۆڵی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لێرەوە سەرچاوەی دەگرت، یەكەمجار بە هەڵوەشانەوەی مادەی (3/سێیەم)ی یاسای ئەنجومەنی باڵای دادوەری ژمارە (45) ساڵی 2017، بەبریاری ژمارە(19/فدراڵی/2017) لە 11/4/2017، كەبە پێی ئەو مادەیە ئەنجومەنی دادوەری دەسەڵاتی كاندیدكردنی دادوەرانی هەبوو بۆ ئەندامێتی دادگای باڵای فدراڵی .
هەروەها مادەی (3)ش لە یاسای دادگای باڵای فدراڵی ژمارە (30) ساڵی 2005 كە هەمان دەسەڵاتی دابوو بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بە بریاری داگای باڵای فدراڵی ژمارە (38/فدراڵی/2019) لە 21/5/2019 هەڵوەشێندرایەوە.
بەم پێیە داداگای باڵای فدراڵی هەموو پەیوەندیەكی پچراند لەنێوان خۆی وئەنجومەنی باڵای دادوەری، بەشێوەیەك هیچ دەرگایەك نەمایەوە بتوانرێ لەسایەیدا ئەندامی تازە كاندید بكرێ بۆ ئەندامێتی دادگای باڵای فدراڵی، كە لەوكاتەدا دوو ئەندامی خۆی لەدەستدابوو ، بەهۆكاری مردنی یەكێكیان وخانەنشین كردنی ئەوی تر. بەپێی مادەی (5/ یەكەم) لە یاسای دادگاكەش، دادگا ناتوانی كۆبێتەوە بەئامادەبوونی هەمو ئەندامەكانی نەبێ، بۆیە دادگاكە كەوتبووە تەنگژەیەكی یاسایی بۆ دەرچوون تیایدا پێویستی بە هەمواركردنی یاسای دادگاكە بوو، بەتایبەتیش كە وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیك بوو، دەرەنجامی كۆتایی ئەو هەلبَژاردنەش پێویستی بە پەسەندكردنی داداگای باڵای فدراڵی بوو.
بۆیە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپەلە هەمواری یاساكەی ئەنجامدا لەرۆژی 18/3/2021، كە بەپێی ئەو هەموارە، هەریەك لە(سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، سەرۆكی دادگای باڵای فدراڵی، سەرۆكی داواكاری گشتی، وە سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتی دادوەری) بۆیان هەیە سەرۆك وجێگرو ئەندامانی دادگای باڵای فدراڵی هەڵبژێرن. وە دوای هەڵبژاردنی دەستەی تازەی ئەندامانی دادگا، ئەندامەكانی دەستەی كۆن خانەنشین دەكرێن، چونكە هەموارەكە تەمەنی یاسایی خانەنشینكردنی ئەندامانی دادگای بە(72) ساڵ دیاریكردبوو، ئەوەی شایانی باسە ئەنامانی دەستەی كۆن هەموویان تەمەنیان لەو رێژەیە زیاتر بوو، بەمەش سەرۆكی دادگای باڵای فدراڵی وەدەرنرا، كە ركابەرێكی سەرسەختی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بوو.
بەڵام سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەردەوام بوو لەسەر زاڵكردنی ویست وئیرادەی خۆی بەسەر دەزگاكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەدادگای فدرالیشەوە، هەرچەندە بەپێی دەستور ئەو دادگایە هەیئەتێكی دادوەری سەربەخۆیە لەرووی كارگێری وداراییەوە، وە لەدەرەوەی پێكهاتەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدایە. بۆیە چەند بریارێكی دادگای فدراڵی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەریەوە جێبەجێ نەكراو بەبریارەكانی پابەند نەدەبوون، بەپێچەوانەی مادەی(94)ی دەستور كەدەڵێ (بریارەكانی دادگای باڵا بریاری كۆتایین وهێزی پابەندێتیان هەیە بەسەر هەموو دەسەڵاتەكان)، واتە دووبارە ناكۆكی وركابەری لەنێوان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆكی دادگای باڵای فدراڵی دروست بوویەوە، بەڵام ئەم جارەش هەر سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری سەركەوت ومەیدانی بە سەرۆكی دادگای باڵای فدراڵی چۆڵكرد، كە بەهۆكاری خراپی باری تەندروستیەوە، لیژنەی پزیشكی تایبەت بەكارووباری قەزا، لەسەر داوای نوسراوی دادگای باڵای فدراڵی لەبەرواری 22/6/2025، بۆ پشكنینی سەرۆكی دادگای باڵای فدراڵی، تابزاندرێ شیاوە بۆ بەردەوام بون لەخزمەت یان نا، بەڵام ئەو لیژنەیە هەر رۆژی دواتر واتە 23/6/2025 بەبریارێكی سەیروسەمەرە پێشنیاری خانەنشینكردنی ئەو دادوەرەی كرد ، بۆیەش ئەنجومەنی باڵای دادوەری رۆژی 29/6/2025 بریاری خانەنشینكردنی ئەو دادوەرەیان داو لەگەڵیشیدا دادوەرێكی تریان لەجێگەی دانا.
ئەمەیە بارودۆخی دەسەڵاتی دادوەری عێراق، كە ئەو دەسەڵاتە دەسەڵاتێكی سەربەخۆو بێلایەن نیە، دادگای فدراڵیش بەهەمان شێوە، بەپێچەوانەی دەقە دەستوریەكان. بۆیەش ئەگەر بە زۆرێك لە بریارەكانی دادگای باڵای فدراڵیدا بچینەوە، لەگەڵ ئەو بریارانەی دادگای پێداچوونەوەی فدراڵی كە تایبەتن بە رەتكردنەوەی هەندێ بریاری دادگای باڵای فدراڵی، ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێ كە قەزا بەهەموو جومگەكانیەوە بەسیاسی كراوەو كەوتۆتە ژێر كاریگەری لایەن و كەسانی دەسترۆیشتووی وڵاتەكەوە، بۆیەش ئەو ناكۆكی و ركابەریە لەنێوان دادگای باڵای فدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری لێرەدا كۆتایی نایەت وبەردەوامی دەبێت، چونكە دەستور بەروونی دادگای باڵای فدراڵی وەك هەئیەتێكی دادوەری سەربەخۆی دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری دیارینەكردووە، ئەوەتا مادەی(89) دەستور ئەو دادگایەی بەبەشێك لەدەسەڵاتی دادوەری داناوە، كەدەڵێ:(دەسەڵاتی دادوەری فدراڵی پێك دێ لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادگای باڵای فدراڵی، دادگای پێداچوونەوەی فدراڵی، دەزگای داواكاری گشتی، دەستەی سەرپەرشتی دادوەری، و دادگا فدرالیەكانی تر كە بەپێی یاسا رێكدەخرێن). ئەمە لەكاتێكدا سروشتی ئەو دادگایە وەك دادگایەكی سەربەخۆو بێلایەن وتایبەتمەند، جیاوازە لە هەردوو جۆری قەزای ئاسایی وكارگێری، پێویستە پێگەی یاسایی لەدەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری بێ بەتایبەتی لەدەوڵەتی فدراڵیدا. بۆیە چارەسەری ئەو دۆخە تەنیا بە هەمواركردنەوەی دەستورەكەیە، بەو شێوەی كە بەروون وراشكاوانە سەربەخۆیی وبێلایەنی ئەو دادگایە وپێگەی سروشتی دیاریبكا لەدەرەوەی هەرسێ دەسەڵاتەكان، هەروەها لەگەڵ دیاریكردنی شێوازی پێكهاتنی دادگاكەو تایبەتمەندیەكانی، كە دەستوری 2005 لەو رووەوە سەركەوتوو نەبووەو زۆر لایەنی گرنگی فەرامۆش كردووە، لێرەوە كێشەكانی دەسەڵاتی دادوەری بەدادگای فدرالیشەوە سەرچاوە دەگرن ..