لەخەباتگێڕانی باکور وڕێبەرەکەی بگەڕێن!؟

ئەبو بەکر هەڵەدنی

دڵنیام هەموو ئەو بەڕێزانەی نیگەران بون وفرمێسکیان هەڵڕشت بەچەکدانانی ئەمڕۆی بەشێک لەگەریلاکانی pkk لەسۆنگەی پەرۆشیەوەیە،بەڵام جێی خۆیەتی ئاگامان لەوەبێت سێ لایەن لەپشتی ئەم پرۆسەوەن کە ئەزمونی دورودرێژیان هەیە وقاڵبوی خەبات وبەرخودانن:

١/ڕێبەر ئۆجەلان کە لەهەشتا ساڵی تەمەنی نزیک دەبێتەوە ولەدوای هەڵسەنگاندن و ووردبونەوەیەکی دورودرێژ شانی داوەتە بەر ئەم پرۆسەیە، ڕێبەر ئاپۆ وەک سەرکردەکانی باشور نیە خەمی ئەوەی بێت شوێن پێی کوڕو نەوەکانی قایم بکات وخاوەنی ملیارەها دۆلاربێت،ئەو کەهاوسەرو منداڵی نیە و خۆی وتەنی بابەتی خۆی کەسیە وئازادی تاک وکۆمەڵگە لای ئەو یەکدی تەواو دەکەن ،،دەرکەوت کە ڕێبەر ئاپۆ چەند کاریگەرە دوای بیست وشەش ساڵ لەزیندان،ئەوە حزبەکانی باشورن لە چەپەوە بۆڕاست (بێجگە لەحزبی شیوعی)زاتی ئەوەیان نیە کەسی یەکەمی حزبەکانیان بگۆڕن و سەرۆکی  هەمیشەیین تامردن.

٢/لەئێستا دا(دەم پارتی) دەستبارێکی تری ئەم پرۆسەیە وئەوان لەپەرلەمانی تورکیا  وشارەوانیەکان وشەقامی باکوری کوردستان  بونیان هەیە وچالاکی سیاسی ئەنجامدەدەن وخۆیان لەناو مەیدان و واقعەکەدان،دەبێت متمانەمان پێیان هەبێت.

٣/کەجەکەو پەکەکە دوای چل ویەک ساڵ لەخەباتی چەکداری وخوێندنەوەی هاوکێشەی سیاسی لەئێستادا لەخۆڕا نیە گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کەشێوازی خەبات بگۆڕن.

بۆیە ئەرکی کوردستانیان وئازادیخوازانە کەخۆیان بەدوور بگرن لەگومان دروستکردن وناووناتۆرە  بەڵکو پاڵپشت وهاوکاری سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بن کە بێگومان دوژمن ونەیاری کەم نین، عەرەب ووتەنی ( أهل مكە ادری بشعابها)با متمانەمان بەڕێبەر ئاپۆ وپەکەکە ودەم پارتی هەبێت ونوقڵانەی خێر لێبدەین.

11/07/2025




وتارەکانی تری نوسەر