د. کارزان محەمەد
هەمیشە بابەتێک سەرنجم ڕادەکێشێ، هەزاران گەنجی هەژار کە هیچ خێرێکیان لەم وڵاتە نەبینی، بۆچی ئامادەبوون لەپێناو نیشتیمانەکەی پەتی سێدارە و مەدالیای شەهیدبوون بەشەرەف بزانن، بەڵام وەبەرهێنەرێک کە لەم وڵاتەدا ملیۆنەها دۆلاری دەستدەکەوێ، دوامۆیلی ئۆتۆمبێل و کۆشکی شاهانەی بۆ ژیان هەیە، ناڵێم با لەپێناو نیشتیمان شەهید ببن، بەڵام بۆچی دەبێ هەندێکیان قەتڵوعامی نیشتیمان بکەن بۆ خاتری پارەیەک کە ئاستەمە خۆیان فریای خواردنیشی بکەون؟.
ئەم گلەییەشم لەو ڕاستییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئێمەی بێ دەوڵەت دەبووایە پرۆژەی وەبەرهێنەرەکانمان نیشتیمانی بن، حکومەتیش مەرجی گەشەپێدان بۆ هەر پڕۆژەیەک دابنێ..
بۆ نمونە:
ئەرکی وەبەرهێنەرە سایلۆ دروست بکات، نەهێڵێ گەنمی کوردی بەبەغدای داگیرکەر بفرۆشرێ و جوتیاری کورد موحتاجی ئەوان بن، لە گەنمی خۆماڵی جۆرەها بەڕهەم دروست بکرێت.. نەک سایلۆ تەخت بکرێ و گەنمی کوردی بەبەغدا بفرۆشرێ بەڵام ساوەر لە وڵاتانەوە هاوردە بکرێت!
ئەرکی وەبەرهێنەرە دەیان پاسی مۆدێرن بۆهاتوچۆ بهێنێ، تا ژینگە بەهۆی زۆربوونی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل پیستر نەبێ، ڕێژەی کارەساتی هاتوچۆ کەم دەبێتەوە و چینی هەژاریش کێشەی هاتوچۆی نامێنێ، نەک داگیرکەرەکەمان پاسی مەسڵەحە بهێنێ، وەبەرهێنەری کورد تەختی بکات بۆ شوقە!
ئەرکی وەبەرهێنەرە دەیان کارگە بۆ بەرهەمی خۆماڵی دروست بکات، نەک جوتیاری کورد دەیان تەن تەماتە و میوەی جۆراوجۆری بەفیڕۆ بچێ، کاکی وەبەرهێنەر شەربەتی میوەو دۆشاو لە وڵاتانیتر هاوردە بکات..
ئەرکی وەبەرهێنەرە کارگەی جگەرە دروست بکاتەوە کە هەزاران خێزانی کوردی بەهۆی كشتوكاڵی توتن دەژیان، نەک کارگەکە کاول ببێ و جگەرە لە وڵاتانەوە هاوردە بکرێت کە کەس نەزانێ لە چی دروست کراوە..
ئەركی وەبەرهێنەرە چەندین پرۆژەی گەشتیاری دروست بكات، نەك سەیرانگا سروشتییەكانیش تەخت و ئاوەكەیان وشك بكات بۆخاتری شوقە!
ئەرکی وەبەرهێنەره پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی دانیشتوان دروست بکات، نەک بۆ خاتری دینارێک زیاتر، پێشێلی ماددەی بیستوسێی دەستور بکات بەگۆڕینی دیمۆگرافیای دانیشتوان و لێشاوێکی عەڕەب بهێنێ بۆ کوردستان، تەعریب لە کوردستان تەشەنە بستێنێ و لە ئێستاوە دووچاری گەورەترین قەیرانی ئاووهەوا و لە ئایندە گیرۆدەی تەعریبێکیتر ببین.
ئەمانەی سەرەوە مشتێکن له خەروارێ، ئەمڕۆ ئەرکێکی نیشتیمانی بۆ وەبەرهێنەر هاتۆتەپێش، فەرموو با ویژدان و مێژوو دادوەرتان بێت.