ئەی دەسەڵات
نا ، ئەی دەسەڵاتی ناڕەوا!
کاتێك من درۆ دەکەم و بە شان و باڵتدا هەڵدەڵێم و حیکایەتەکانی ئەمیر ئەڕسەلان، رۆستەمی زاڵ، حاتەمی تەی، حەمە ئاغای کۆیە و قارەمامێتیی سەیدڕەزا و لەخۆبردوویی قازیی محەمەد و ئەزموونەکانی هۆشیمن و ماوتسی تۆنگ بە ڕستەی بریقەدار و زەردەخەنەی درۆینە بە بەرۆکتەوە دەکەم، ستایش دەکرێم و ئەوەی دەمەوێ بەدەستی دێنم.
بەڵام کاتێك راستگۆ دەبم و ئەزموونەکانی سووریا و شۆڕشی ئەیلوول و لیبیا و …. دەهێنمەوە و دەڵێم لەتلەتم بکەن هێشتا هەر دەڵێم کوردم ئەمن.
پەڕاوێزم دەخەی، دەمگری و لە سێدارەم دەدەی!
ئاخر منیش خەڵکی ئەم نیشتمانەم، بۆچی؟
تەنیا لەبەر ئەوەی تۆ تەنیا لە خەمی خۆت و نەوەکانتی و منیش لە خەمی هەمووان و نەوەی هەموواندام؟
ئاخر من هەر منم، کەچی تۆ دوژمنی منی راستەقینەی!
بەڵام، زەوی هەر بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە!