جەنابی پارێزگار، بەو هەلیکۆپتەرە سوورە مەوەستە تا بەغداد

ئاسۆ عەبدولەتیف

ئەو ئیجماع و کۆنەست و ئیرادەو دڵسۆزیەی دروست بوو بۆ کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی ناوچەی کۆکۆیی هەڵەبجە، لەحکومەت و پەڕلەمان و میدیاکاران و چین و توێژەکان و کەسایەتیەکان و تیمە خۆبەخشەکان، تا دەگاتە وەزیفەو کاری مەیدانی و بەرپرسیارانەی بەڕێزان پارێزگارو قائیمقامی هەڵەبجە، کە بەشێوەیەکی نەسرەوت و دڵسۆزو خەمخۆر، لەناوجەرگەی ڕوداوەکاندابوون لەگەڵ تیمی خۆبەخش و پۆلیسی فریاکەوتن و ئەهل و عەشرەت، تاکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە شەووڕۆژ لەوێ بوون، گرنگە وانەو پەندی ئەخلاقی و سیاسیی لێوەرگرین و بۆ هەڵەبجەش سەرمایەگوزاریی مرۆیی و مەعنەویی پێوە بکەین، لێرەوە پێشنیار دەکەم (جەنابی پارێزگار نوخشە ناسیح) هەر بەو مۆتیڤ و ئیحساسە بەرزەوە لەگەڵ تیمەکەی، نەوەستێ و بچێتە بەغداو ڕاسپاردەو زیان و دەرخستەکانی ئەم کارەساتەو کۆی خەم و ژان و ئازارو داواکاریەکانی تری پارێزگاکەی بگەیەنێتە دەسەڵاتداران و لایەنی جێبەجێکارو یاسادانەرانی عێراق تا جارێکی تر ئەم ڕووداوانە دروست نەبنەوە.

ناوچەی ئاگرکەوتنەوەکەی پارێزگای هەڵەبجە لەسازانەوە بۆ نەیجەڵەو تلێوەرێ و چنارو مۆردین و لمەو پێگەو ئاوەمارو قوڵی متکان تابەری سیروان و مەڕەخێڵ ناوچەگەلێکی فراوانی گرتەوە کە گەشتیاری و سروشتی و کشتوکاڵین، بەشی سەرەکی لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراقەو ئەوان دیدەوانیی دەکەن و حوکمی ئەکەن، ناوچەیەکی سەخت و شاخاوی و گەرمەسێرە، پڕلەوزەو سەوزایی و سەرچاوەی بەرهەم و بژێویی جوتیاران و ئاژەڵدارانەو بە سامانێکی میللی سروشتی دادەنرێت، ئێستا ئەو هەمووە زیانەی بەرکەوتوە، دەبێ بۆ سەوزکردنەوەو ئاوەدانکردنەوەو ڕێگاوبانەکەی، بەشێوەیەکی فەرمی داوای قەرەبوو لە حکومەتی عێراقی بکرێت و پابەند بکرێ بەخێرایی بەدەم قوربانیەکانەوە بێن و بەیاساو بودجەی عێراق قەرەبووی زیانەکانی پارێزگای نۆزدەهەم بکەنەوە، کە بەدەرەجەی یەکەم ئەرکی حکومەتی مەرکەزییە ئینجا حکومەتی هەرێم کە نازانرێ بۆچی هێشتا تەندەرین بۆ دەستپێکردنی جادەی سازان هەڵەبجە ناکەن و بڕیاری کۆتایی نادەن لەسەر ئەو پڕۆژەیە کە دەمێکە فەرمانە وەزاریەکەی دەرچوە.

پاشان پەڕلەمانتارو مەندوبەکانی کورد لەبری وێنەگرتن و بروسکەی هاوخەمی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، پێویستە هەرچی زووترە پڕۆژەیەک بۆئەو مەبەستە ئامادەبکەن و پاڵپشتی ڕاسپاردەو داواکاریەکانی پارێزگا تازەکەبن لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و داوای قەرەبووی زیانە ماڵی و ڕۆحیەکان بکەنەوە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە بەگشتی.

دەسەڵاتی مەرکەزیی عێراق لەبری پڕۆژەی سەوزکردن و خزمەتی ژینگەیی و ئاوەدانکردنەوەی دارستان و پاوان و ڕەزو باخ و دەوەن و مەڕعاو لەوەڕگاکانی کوردستان چەندساڵێکە بێ هیچ پلانێک دەستی کردوە بەپرۆسەی بەسەربازیکردن و تەجنیدی نهێنی و ئاشکرا لەسنورە شاخاویەکانی کوردستان، شاخ و چیاکانی پشتەوە لەباڵامبۆ تا شنروێ و بەفری میری و هەورامان و شاخی شەرام و ڕەنگین و ئاسۆس بەشێکە لەو ستراتیژو پلانەو تەلبەندکراوەو دیدی عەسکەریزم برەو پێئەدات وەک سەردەمی حەرەس قەومیەکان و زەعیم سدیق تادەگات بە هەژموونگەریی بەعسیەکان.

لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عێراق، سوپاو فەرماندەییەکی وەک پاسەوانی سنور دروستکردوە لەو ناوچانە، دەبێ لەخەمی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکانیش بێ کاتێک ڕووداوێکی وەک ئاگرکەوتنەوەو تەقینەوە ڕووئەدات و دەبێ لەبری کڵاشینکۆف و تەلی دڕکاویی بێکەڵک کەرەستەی ئاگرکوژانەوەو تیمی فریاگوزاری و تەنانەت هەلیکۆپتەری ئاگرکوژانەوەو ئۆتۆمبیل و ئەمبوڵانسی تایبەت و شاخاوی بخاتە بەردەستیان وەک هێزی فریاگوزاریی ئامادە تا ناوچەکان ئارام و سەلامەت بن و ژینگەی کوردستان بەپارێزراویی بمێنێتەوەو سەدان باخ و بێستان و ڕەزو دارودەوەن و مێرگ و سەوزایی و مۆڵەگایەل و ئاژەڵداریی بەوجۆرە زیانیان پێ نەگات.

ئاسۆ عەبدوللەتیف

20/08/2025




وتارەکانی تری نوسەر