لەڕوداوەکەی لالەزاردا بەداخەوە فەرزی کیفایەمان ئەنجام نەدا وهەموان تاوانبارین !؟

ئەبو بەکر هەڵەدنی

ئەوەی هەفتەیەک لەمەوپێش ولەلالەزار  ڕویدا ئەگەر نەڵێم هەر شەش ملیۆن کوردەکەی باشور،لانی کەم خەڵکی سلێمانی بەهەموو دەنگ وڕەنگەکانمانەوە بەرپرسیارین وئۆباڵمان لەئەستۆیە.

لەکاتژمێر شەشی ئێوارەوە جموجۆڵی نائاسایی لەبازگەکان هەستی پێکراو لە هەشتی شەوەوە دەنگۆی فەرمانی دەستگیرکردن بۆکاک لاهور شێخ  جەنگی بڵاو بوەوە،ئیتر لەکاتەکانی دەویانزەی شەوەوە هەموان ئاگادار وگوێبیست وبینەری جوڵاندنی هێز بوین بۆسەرلالەزار،نازانم بۆ کەسمان نەکەوتینە خۆ تابەر لەڕژاندنی خوێن وئەو زیانە مادی ومەعنویانە بگرین کەبەر کوردوکوردستان  وهەرێم وسلێمانی کەوت،بۆچی کەسایەتیەسیاسی وکۆمەڵایەتیەکان  وبازرگانان ومامۆستایانی زانکۆ وزانایانی ئاینی وڕۆشنبیر وڕۆژنامەنوسان خۆیان کرد بەکابرای کەڕەی شەربەت وەک ئەوەی زاممان کەم وخەفەتمان هیچ نەبێت تا ئەم ڕوداوەش بەتەوێڵی مێژومانەوە بنوسێت.

نەدەکرا هەموان پشتێنەیەکی مرۆیی دروست بکەین  بۆ بەرگرتن لەشەڕەکە ودواتر دۆزینەوەی ڕێگا چارەی ئاشتیانە بۆکۆتایی هێنان بە کێشەکە.
لێتان ناشارمەوە لەو ڕۆژەوە لەئاست کەمتەرخەمی وبێباکی هاونیشتیمانیانی ئەم هەرێمە توشی شۆک وداچڵەکانێکی قوڵ بوم ،لانی کەم بیرەوەری پەنجا ساڵم لەڕۆژانی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول وکارەساتی هەکاری وجەنگی عێراق ئێران وبراکوژی ساڵانی هەشتاکان ونەوەدەکان وکیمیایی باران و ئەنفال وڕاگواستن وتەرحیل وتەهجیر وتەبعیس وتەعریبی  عەفلەقیەکان وجەنگی دوەمی کەنداو و گەمارۆی ئابوری وبرسیەتی وگوڵەچنە ودوو ئیدارەیی و٣١ ئاب وشەڕی تیرۆریستانی داعش و ١٦ ئۆکتۆبەر بیر دێت،هیچی هێندەی ئەمە ئازار بەخش نەبوو چونکە ناشایستەبوو بەکورد وناجۆر بوو لەگەڵ پەندوەرگرتن لەدەردی ناکۆکی وبراکوژی،نادادپەروەری بوو بەرامبەر سلێمانی،نالۆجیکی بوو بەرامبەر ئێستای سەردەمی تەکنەلۆژیای نوێ کەبەدەستی خۆمان وێنەکانی باروت وخوێن ودوکەڵ وسوکایەتی ودەنگی گولەو زرمەی تۆپ وگرمەی زرێپۆشمان بۆ دونیا گواستەوە.

ئەگەر کۆمەڵێک کەسایەتی وەک فەرزی کیفیایە بەئەرکی ناوبژی وئاشتەوایی هەڵبستاینایا ئێستا هەمومان گیرۆدەی ئەوە نەدەبوین کەخەمێکی تر وزامێکی تر بۆ چەند ساڵێکی تر خۆشیەکانمان بەرێت وکاتێکی زۆریشمان دەوێت بۆ ساڕێژی ئەم برینەش.
ئیتر دەبێت نەوەکانی داهاتوو ومێژوو چۆن لێپرسینەوەی ئەو چرکەساتەمان لەگەڵ بکات،بەش بەحاڵی خۆم هەست بە شەرمەزاری و خەجاڵەتی دەکەم وویژدانم ئازاروگینگڵم پێدەدات.


29/08/2025




وتارەکانی تری نوسەر