یەکەم:
لە هەر بەرپرسێکی ئەم وڵاتە بپرسی تۆ بڵێی هەرێمی کوردستان دابەشبێتەوە؟ دڵنیام ڕاستەوخۆ و بێ بیرلێکرنەوە بە ( نا) یەکی گەورە وەڵامدەداتەوە، بەڵام بەداخەوە من وای نابینم, هیوادارم لەمەدا هەڵەبم و ڕەشبینییەکەم لە هەستیاری و دڵسۆزییەوە هاتبێ و ئەوەی من بە مەترسی دەزانم ڕاست دەرنەچێ، بەڵام پێکنەهێنانی کابینەی حکومەت و ڕێکنەکەوتن بۆ یەکهەڵوێستی بەرامبەر بەغدا و بەجیا کارکردن باشترین نیشانەی ئەو گومانەن.
ئێمە ئەوانەمان دەوێ و ئەوانیش ئەوانە نادەن و پێشنیازی سێیەمیش نییە، کەواتە دەبێ هەر بەم شێوەیە و بەبێ گەیشتن بە هیچ ئەنجامێکی هاوبەش لە دەوری یەکدی بسوڕێینەوە.
پارتی دەڵێ: ئێمە دەنگی زۆر و کورسی زۆرترمان هێناوە، بۆیە مافی خۆمانە چی بدەین و چی نەدەین..! یەکێتیش دەڵێ: ڕاستە ژمارەی کورسییەکانت زیاترن، بەڵام بەبێ من کابینەت پێ دروستناکرێ، بۆیە منیش مافی خۆمە ئەوەی دەمەوێ بۆم دابینبکرێ و بەدەستیبهێنم.
ئەوەی جێگای سەرنجە هەردوولامان دەزانین هەرگیز بە ژمارەی زۆری کورسی کابینەکە دروستناکرێ، کەواتە ئەو خۆنەبانکردنەی پارتی لەبەرچییە..؟
پارتی دەڵێ: باشە ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردن لەبەرچاونەگیرێ، هەڵبژاردن بۆچییە..؟! ئەوە ڕاستە، بەڵام خودی پارتی لە بەغدا هەڵوێستی پێچەوانەیە و بە لایەنە عێڕاقییەکان دەڵێ: نابێ زۆرینە و کەمینە لەبەرچاوبگرن، بەڵکو دەبێ بە سازان ڕێکبکەوین، هەر بۆیەشە دروشمێکی سەرەکیی پارتی لەم هەڵبژاردنەی دوایی سازان بوو.
یەکێتیش دەڵێ: ڕاستە هێزی یەکەمە، بەڵام لەبەر هەلومەرجی ئێستای کوردستان پێویستە بە سازان ڕێکبکەوین.
بۆ بە سازان؟ چونکە هەرچەندە لە دوای (٢٠٠٩) ـەوە تاکو ئەمڕۆ یەکێتی لە حکومەت بەشدار بووە، بەڵام ئەوەندی میوان بووە، نیو ئەوەندە هاوبەش نەبووە..!
ئەوەی دیاریشە پارتی زۆر باش دەزانێ جیاوازیی نێوان بەشداری و هاوبەشی چییە و باشیش هەست بە ئازارەکانی بەشداری ناهاوبەش دەکات، بۆیە دروشمی هاوبەشی بۆ عێڕاق بەرزکردۆتەوە و لەسەر بنەمای سازان و هاوبەشیش لە بەغدا گفتوگۆ دەکات.
کەواتە ئەم یەك بان و دوو هەوایە چارەنووسی هەرێم بەرەو کوێ دەبات؟
ئارێز عەبدوڵڵا