پڕوپووچی

ئارێز عەبدولآ

زۆر پێش سەردەمی پڕوپووچی، ئەو دیاردەیە بە کزی و لێرە و لەوێ هەر هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی پەرەی سەند و گەشەی کرد، بوو بە دیاردەیەکی جیهانی.
ئەو  دیاردەیە  زوو یان درەنگ کۆتایی هەر پێ دێت.
ئەوەی مایەی تێڕامانە، باووباپیرانی ئێمەی کورد هەستیان بەو نەخۆشییە کۆمەلایەتییە  کردووە ، بۆیە  لێکەوتەکان و کارەکتەرەکانیان بە سووکوچروک بینیوە و نەفرەتیان لێ کردووە. هەر لەبەر ئەوەشە ناوێکی پڕ بە پێستی خۆیان لێ ناوە، واتە ناوەکە ( پڕوپووچی )دەربڕی ناوەڕۆکەکەیەتی.

پڕ: تەژی، قەبە.
پووچ: بێ ناوەڕۆک، بێ بەها.
پڕوپووچ بەیەکەوە: واتە قەبەیەکی بێ ناوەڕۆک! ڕێک وەک  دەبدەبە  پڕە لە با، بەڵام   هیچیش نییە …
کەواتە لەناو کورددا هەمیشە کەسانی پڕوپووچ هەبوون، بەڵام ئەو کەسانە بە پێچەوانەی ئێستا نەک هەر ڕێزیان لێ نەگیراوە، بگرە بە سووکیش سەیر کراون، چونکە زانراوە ، کە باقوبریق و قەبەیی و خۆهەڵکێشان و خۆنواندن و دەرکەوتنیان فشەیە و تەنیا  پڕکراوی بان ، بۆیە بەرگەی هیچ جۆرە ساردی و گەرمییەک ناگرن.
دیاردەی پڕوپووچی هەموو دنیای گرتووەتەوە، بەڵام مخابن  لە کوردستانیشی  داوە و خەریکە دەبێتە سیستەمیش.
ڕەنگە پرسیارێک بکرێ و بڵێن: بۆچی بەو دژوارییە کوردستان تووش بووە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە سەرپێیی نابێ، بەڵام دەتوانم ئاماژە بە دوو هۆکار بدەم:
یەکەم :
دواکەوتوویی سیستەمی  سیاسی و حوکمڕانی.
دووەم:
⁠گەندەڵی و دەسکەوتی بێ ئەرک و بێ ڕەنجی دارایی زۆر و زەوەند.
لە سایەی ئەم بارودۆخەدا، هەندێ جار بە پلان و هەندێ جاریش بێ پلان، کەسانی پڕوپووچ پێگە و جومگەی گرنگ و کاریگەری  سیاسی و کارگێڕی و تەنانەت نوێنەرایەتیش وەردەگرن. ئەو پڕوپووچانەش نەک هەر بەرگری لە یەکتر دەکەن، بەڵکوو پەرە بە دیاردەکە دەدەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەر کەسێک ڕێگەی ئەوان نەگرێتە بەر و پیشەکەیان نەکاتە چەپڵەلێدان و ستایشی بێ هۆ، هەر لە پەراوێز دەمێنێتەوە.

کاتێکیش لەناو هەر دامەزراوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتیدا پڕوپووچەکان تۆڕی خۆیان ڕێک خست، ئەو کات بە شێوەیەکی سیستەماتیک پڕوپووچی بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ئەوان جگە لە کەرەستەی ڕازاندنەوەی کاتیی گەورەکانی خۆیان، هیچی تر نین.

06/01/2026




وتارەکانی تری نوسەر