مخابن حکوومەتی هەرێم دوو جۆر ناو بۆ هەندێك لە دامودەزگاکانی بەکاردێنێت، واتە سۆرانی و بادینی! من ئەو کارە بە باش نازانم، چونکە دەبێت ناوی دامودەزگاکانی دەوڵەت یەک بن. سەرەڕای ئەوەش لە پارێزگای دهۆک ناوی دامەزراوەیەک تورکییە، نەک کوردی!
ئایا لە سەرەتاوە بۆچی لە جیاتی وەزارەتی یان وەزارەتا تەندروستی، "وەزارەتا ساغلەمییێ" نووسراوە؟ لای من دیار نییە، بەڵام ئەوەی دیارە هەڵەیەکی گەورە کراوە و بەردەوامبوونیشی هەر هەڵەیە. ساغلەم بە تورکی واتای تەندروست، بەتین و پتەو دەگەیەنێت، کەچی ئێمە هاتووین لەبری دەستەواژەیەکی واتاداری ڕەسەنی کوردی بە نێوچاوانی وەزارەتێکمانەوە هەڵواسیوە! هیوادارین ئەو هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە و ناوە فەرمییە کوردییەکە بنووسرێت.
یەکخستنی زاراوە فەرمییەکان، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بەرەو دامەزراندنی زمانێکی یەکگرتووی ستاندارد. هەر بۆیە پێویستە ئەکادیمیای کوردی لەو بوارەدا جێدەستی دیار بێ و حکومەتیش فەرهەنگێکی یەکگرتووی بۆ وشە و زاراوە فەرمییەکان هەبێت .
هەر تەندروست بن.