تورکیا، پاسەوانی سەرکوتکردنی کورد !

ئارێز عەبدولآ
دەوڵەتی تورکیای نوێ، لە دامەزراندنیەوە تاکو ئەمڕۆ، رۆژ دوای رۆژ گەشە و پەرەی بە ئایدیۆلۆژیەتی (تورکچێتی)دا وە، کە کۆلەگەیەکی ئەو ئایدیۆلۆژیەتەی ئینکاری کردن و نەسەلماندنی مافەکانی نەتەوەی کوردە، تەنانەت بەو پەڕی توانایەوە هەوڵدەدات لە وڵاتانی تریش رێگری لە گەیشتنی بە مافەکانی بگات. واتە هەر بەوە نەوەستاوە کە هەر لای خۆی کورد لە مافە نەتەوەیی و کولتوری و ئابوریەکانی بێبەش بکات، بگرە لە دژیدا پەلوپۆی بۆ دەرەوەش هاویشتوە و هەمیشە هەوڵی داوە لە سوریا و ئێران و عێڕاقیش بە هەمان دەردی ببات ٠
لە ماوەی پتر لە سەد و بیست ساڵی رابردوودا، چەندە بە ئاگر و ئاسن و زیندانیکردن خەریکی سەرکوتکردنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی و  کۆمەڵە مافخوازەکانەوە کوردی باکور بووە، هەندەش پتر لە رێگای دیبلۆماسی و فشارەوە سەرقاڵی ئەوە بووە، کە سێ دەوڵەتەکەی تریش مافە رەواکانی کورد نەسەلمێنن و نەیدەن.

 
لەو بوارەدا ئەزمونێکی گەورەی پڕ لە پیلان و سازش و تەلەکەبازی هەیە. ئەو ئەزموون و مێژووە نەبڕاوەیەی کردووەتە وانە و رێنمای ئامانجەکەی!
ئەگەر بەرەو دواوە بگەڕێینەوە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی تورک، لە سەر کەلاوکانی دەوڵەتی عوسمانی، دەبینین کەمال ئەتاتورک بە ناوی بزوتنەوەی رزگاریخوازی تورک و دوژمنایەیی وڵاتە رۆژاواییەکان و بەرژەوەندیی هاوبەش لە یەکێتی سۆڤێت نزیکبووەتەوە و توانیوێتی ستالین قایل بکات، کە کۆماری کوردستانی سۆر ( ١٩٢٣- ١٩٢٩) هەڵوەشێنێتەوە و کوردی ئەوێش پەڕاگەندەی وڵاتە سۆڤێتیەکان بکات.

لە کۆنگرەی لۆزانی (١٩٢٣)ێش توانی وڵاتە براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم قایل بکات، کە ئەو بەندانەی لە پەیماننامەی سێڤر لە بەرژەوەندیی کورد دانرابوون پشت گوێ بخەن و بڕیار و راسپاردەکانی لۆزان بە فەرامۆشکردنی مافەکانی گەلی کوردستان دەربچن.
لە ناوخۆشیدا لە رووبەڕووبوونەوەی بزوتنەوەی شوڕشگێڕی ئاگری داغ و بزوتنەوەکانی شێخ سەعیدی پیران و سەید رەزای دێرسم بە ئاگر و ئاسن هەموو سنورە ئەخلاقی و مرۆڤایەتیەکانی بەزاندن.
کاتێکیش ١٩٨٤ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گفتوگۆی لەگەڵ سەددام حسێن کرد، گەیشتنە قۆناغی مۆرکردنی رێکەوتننامە، تورکیا بە هەڕەشەی پشتیوانی کردنی ئێران کە ئەو کات لە شەڕێکی خوێناویدا بوون سەددام حسێنی پەشیمان کردەوە.
 تورکیا لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە لە دژایەتیکردنی کورد هەرگیز  نەوەستاوە و ئەوەی بەرامبەر رۆژاڤاش کردی و دەیکات نمونەیەکی تری زەق و دیارە .

ئێستا کە ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لەشەڕدان جارێکی تر تورکیا بە شێوەیەکی وا شێتانە هەراسان بووە، کە 
وڵاتانی رۆژاواش تێیبگەن تووشی فۆبیای کورد بووە.
راست و چەپ هەوڵدەدات ئەمریکا لە کوردی رۆژهەڵات نزیک نەبێتەوە، نەوەک لە ئەنجامی شەڕەکەدا لانی کەم بەشێک لە مافەکانی خۆی دەست بکەوێ!
 زۆر دەترسێ هەلومەرجەکانی شەڕەکە لە لایەن دەوڵەتی ئێران یان بە پێچەوانەوە،  لە بەرژەوەندیی کورد بشکێنەوە!
ئەوەی جێگای تێڕامان و سەرنجە ئێستا دوو ئاراستەی سیاسی کوردستان خۆیان لەو راستیانە گێل دەکەن. ئاراستەیەک بە پاساوی بڕوا نەکردە حکومەتی ئێستای تورک بە دۆست دەزانێ و ئاراستەیەکیش پێی وایە چارەسەری کێشەی کوردی باکور دەکات!
بەڵام راستییە مێژوویی و هەنوکەییەکان پێمان دەڵێن کە دەوڵەتی تورک هێشتا تەنیا پاسەوانی  گەمارۆدان و سەرکوتکردنی گەلی کوردستانە.

15/03/2026




وتارەکانی تری نوسەر