(پێشکەشە بەو باشوریانەی هاوسۆزی کۆماری داگیرکەری ئێرانن)
ئەمڕۆ، ١٩ی ئازار، ساڵرۆژی
رەشەکوژی خەڵکی سەربەرزی سنەیە، کە لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا بە نەورۆزی خوێناوی
سنە ناسراوە.
لە نێوان ١٨ی ئازاری
١٩٧٩ تا ٢٤ی ئازار، پیاوکوژەکانی کۆماری داگیرکەری ئێرانی شاری سنەیان خەڵتانی خوێنبکرد.
١٩ی ئازای ١٩٧٩، رۆژە
هەرە خوێناویەکە بوو.
پیاوکوژەکانی داگیرکەر
لەم ڕۆژەدا رژانە ناو گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری سنە و خەڵکیان کوێرانە دەکوشت یان بێ
مەحکەمە و لێپرسینەوە دەسگیر دەکرد و هەر لە جێوە رەمیان دەکردن.
لەم چەند رۆژەدا، لە نێوان
٢٠٠ تا ٦٠٠ لاوی کوردیان لەو شارە شەهید کرد و هەزارانی دیکەش بریندار و زیندانی.
ئەم سەرکوتکاریە خوێناوییە،
یەکەم ئەزموونی کورد و یەکەم دیاری کۆماری ئیسلامی بوو بۆ کورد دوای هاتنە سەرکاری.
ئەوسا، هێشتا وەک پيویست
کورد رێکخراو و ئامادە نەبوو و کۆمەڵە و دیموکڕات هێزی پێشمەرگەیان پێکنەهێنابوو و
هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندی داگیرکەردا بوو.
ئەبو حەسەن بەنی سەدر،
فەرمانی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی سنەی دەرکرد و سەربازە خوێنرێژەکانی راسپارد کە تا
سەرکوتی تەواوی خەڵکی سنە پۆستاڵەکانیان دانەنێن.
داگیرکەر لەم سەرکوتکاریە
خوێناویەدا سەرکەوتوو بوو و ئەمەش بووە وانەیەک بۆ ئیدارەدانی رۆژهەڵات لەرێگەی
ئاگر و ئاسن و سێدارە و زیندانی.
پێنج مانگ دواتر و لە
١٩ی ئابی هەمان ساڵدا، خومەینی فەتوای کافربوونی کورد و جیهاد دژی کورد راگەیاند.
کۆماری سێدارە، سەرکوتی
کوردستانی بە خاڵخاڵی و تاڵقانی سپارد، کە دوو لە خوێنڕێژترین و دڕندەترین فەرماندەکانی
لە مێژووی خوێناوی خۆیدا کوردستان.
دوای فەتوای خومەینی بۆ
جیهاد دژی کورد، دەیان هەزار فارس و عەجەم لە شارەکانی ئێرانەوە بە نیازی جیهاد دژی کورد، روویان لە کوردستان کرد.
لە ماوەیەکی کەمدا، رۆژهەڵات
کرایە سەربازگە و زیندانێکی گەورە.
لەوساوە و بۆ ٤٧ ساڵی
رێک، داگیرکەری ئێرانی بەناوی جیهاد و لەناوبردن و کوشتنی دوژمنانی خودا و فاسیدانی
سەر ئەرز، رۆژهەڵاتی کوردستانی کردۆتە قەسابخانە و حەبسخانەیەکی گەورە بۆ کورد.
کورد بەناچاری خۆی لە دۆخێکدا بینییەوە کە جگە لە بەرخۆدان و جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانە
هیچ بەدیل و رێگاچارەیەکی دی شک نەبات.
لەم دۆخ و ژینگەیەدا
بوو کە هێزی پێشمەرگەی دیموکڕات و کۆمەڵە
دامەزران.
هەزاران ژن و پیاوی پێشمەرگە، لەناویشیاندا رابەرانی وەک کاک فوئاد و قاسملۆ،
گیانیان بە کوردستان و بەرگری لە خەڵکەکەی بەخشی.
لە ئێستادا، بەشێک لەو
بنکە و بارەگا و پایگایانەی داگیرکەر، لە ئەرتەش و بەسیج و ئیتیلاعات و پاسداران
کراونەتە ئامانجی ئیسڕائیل و ئەمریکا.
هەر یەکێک لەو بنکە و
بارەگایانە بۆ خەڵکی مەزڵومی رۆژهەڵات بە مانای هەزاران چیرۆکی ناخ هەژێن و هەزاران
یاداوەری دڵتەزێن دێت.
ئەگەر دەتەوێت، یەک
چرکە کورد بیت و یەک چرکە مرۆڤ بیت، بۆ لەحزەیەک وا دابنێ تۆ خانەوادەی شەهیدی هونەرمەند
جەمال موفتی یان شەهیدی مەغدور شوانە قادری یان شەهیدی مێرمناڵ کاکە کۆماریت.
یان لانی کەم وا دابنێ
یەکێک لەو سەدان ئازیزانەی لە نەورۆزی خوێناوی سنە بیتاوان شەهید کران هاوپۆلێکی
قوتابخانە یان هاوڕێیەکی ئازیزی سەردەمی لاوێتی تۆ بوو.
وێنەکە، دیمەنێکی رەشەکوژی
نەورۆزی خوێناوی سنەیە.