خەڵك لەنێو ترسی حەقیقیدایە‌و شاردنەوەی ناوێ لەهەناوی بێ كارەبایی‌و بێ موچەیی‌و دەنگی موشەك‌و درۆنەكانەوە

یادگار حاجی

سادەترین پێناسەی ترس بریتیە لە هەست و هەڵچونی مرۆڤ بەرانبەر مەترسیەك كە سەرچاوەكەی دیار بێت و ڕاستەقینە بێت ، كە سروشتیەو بۆ سەلامەتی و پاراستنی مرۆڤە . لە دوای ترسەوە فۆبیاو پانێك هەیە كە قۆناغێكی دیكەیەو شتانێكن سەرچاوەكەیان جێگای مەترسی نیە یان نادیارە و دەبێتە نەخۆشی و ئێمە ئێستا كارمان بەوە نیە زیاتر لەسەر ترس دەوەستین لە دڵ و هەستی كوردستانیان لەم قەیران و ئاڵۆزیە و لە بێباكی دەسەڵات و نەبونی خەمخۆر و فریادڕەس و پلاندانەر ...

ئێستا كە ئەم بابەتە دەنوسم زیاتر لە ١٣ كاتژمێرە كارەبا نیە لەم مەملەكەتەی ئێمە ، موشەك و درۆنەكان بە ئاسماندا دەخولێنەوە ، دیسانەوە موچە دواكەوتوەو گیرفانی خەڵك بەتاڵە لە مانگی ڕەمەزان و پێشوازی جەژن ، كەشێكی ساردو بەفراوی و بەشێك لە ماڵەكان بێ گەرمكەرەوەن ، میدیاو سۆشیاڵ میدیا زۆرینەی هەواڵی جەنگ و كوژران قاتو قڕیە، سنورەكان داخراون و هاتوچۆی زەمینی و ئاسمانی وەستاوە ، خوێندن و دەوام ڕاگیراوە ، ئەمانەو دەیانی دیكە گرفتن لەبەردەم خەڵك و لەڕاستیدا مایەیی ترسی حەقیقین پێوسیت بە شاردنەوە ناكات هەندێك بۆ قسەی باق وبریق هەڵدان بەباڵای دەسەڵات و هەرێم دەڵێن ڕەوشەكە ئاساییە 

لەدۆخێكی وەهادا كە تا ئێستا كۆبونەوەیەكی فەڕمی حكومی و حزبی نەبوە لەم مەملكەتە كە بڵێن ئەم هەرێمەی ئێمە ئاوایەو وادەكات و پلانەكان ئەمانەن و ڕێنمایی بۆ خەڵك دەربكات چی بكەن و چی نەكەن لەم گێژاوەدا ، هەر بەڕاستی مەگەر كەسێك كێشەی هۆشمەندی هەبێت لەم دۆخەدا هەست بە ترس و بێهیوایی و دڵتەنگی نەكات لە بێكەسی ئەم خەڵكە و لە بێباكی و تەماشاكاری دەسەڵاتداران 
من باش لەوە تێدەگەم كە ڕەنگە هەندێك لە هاوڕێیانم بڵێن دەبێت ئێمە بە حوكمی پیشەیی و پسپۆڕیەكەمان دەبێت خەڵك ئارام بكەینەوە و باسی گونجاندن بكەین و ئاستی ڕەزامەندیمان باش بێت ، بەڵام بەرپرسیارێتی ئەخلاقیشە كە خەڵك هۆشیار بێت چی دەگوزەرێت و دۆخی چۆنە و دەسەڵات چۆن دەیپارێزێت ، نە ڕەشبینی ونە گەشبینی من زیاتر باوەڕم بە واقع بینی هەیە و ڕاستیەكی تاڵ زۆر لە درۆ شیرینەكان باشترن كە هەندێك شوێنی كەوتوون هەستكردن بە ئەمان و سەلامەتی یەكێك لە پێداویستیە سەرەكیەكانی مرۆڤە وەك ماسلۆ باسی لێوەكردوە لە دوای خۆراك و هەناسە و ئاوو هەوا ، بۆیە كاتێك مرۆڤ هەست بەسەلامەتی جەستەیی وئاسایشی كارو داهات و خێزان وموڵكداری ناكات لە حەقیقەتدا دوچاری گرفت دەبێت ئەوە كاری من نیە وردەكاری پلان و چارەسەری لە دۆخی لە ناكاوو كتوپڕی و قەیران وجەنگ لە ڕوی ئابوری و وەبەرهێنان و سەرچاوەكانی داهات و خزمەتگوزاری ، بەڵام لەوەش تێدەگەم كە حكومەت و دەسەڵاتیش ئێستا بە كاری خۆیی نازانێ و وەك ئێمە دەستەپاچەیە ، تكایە خەڵك مەخەڵەتێنن بڵێن ڕەوشەكەباشە ، باش ئەوەیە بڕۆن موشەك و درۆن و كارەبا و موچەو خزمەتگوزاریەكان باش بكەن .

بەكەم تەماشاكردنی خەڵك و میللەت هەستێكی زۆر ئازاربەخشە ،  وەك ئەریك فڕۆم دەڵێت مرۆڤ تاكە زیندەوەرە كە هۆشیاریەكەی كێشەی بۆ دروست دەكات و لە شادی دوری دەخاتەوە بۆیە زۆرجار بۆ مرۆڤە هۆشیارەكان خەمێكی قوڵە و بەرگەگرتنی ئەم نەهامەتیانە سەختە ..
خودایە بۆ خاتری سۆزو میهرو موحیبەتی خۆت لەم شەوە پیرۆزەی ڕەمەزان هانا بۆ قاپی تۆ دەبەین و دەپاڕێنەوە خۆت فریادرەس و ڕێنیشاندەرمانبە لەم زەحمەتی و ئاشوبانە بگەینە كەناری ئارامی

21/03/2026




وتارەکانی تری نوسەر