لەئێوارەوە لەسەرووی ١٠ درۆن لەلایەن هاوپەیمانانەوە لەئاسمانی هەولێر تەقێنراوەتەوە كە لەباشوری هەولێرەوە واتە لەئاراستەی كەركوك و نەینەوا لەلایەن میلیشیاكانی نزیك ئێران (حەشدی شەعبی) ئاراستە هەرێمی كوردستان دەكرێن. بەپێی زانیاریی ناڕەسمیی ئەمە 24مین پەلاماردان بووە ئەمڕۆ، شوكر بۆخوا بێ زیان بوون.
بەپێی ئەو پێشبینیانەی دەكرێن، وەك بەر لەچەن رۆژێك لەگوتارێك ئاماژەم پێدا، ژمارەی پەلاماردانەكانی ئێران بۆسەر هەرێمی كوردستان زیاتر دەبن و لەسەرەتای ئەم مانگەوە شەڕی ئەمریكاو ئێران پێدەنێتە قۆناغێكی نوێ.
قۆناغە نوێیەكە بریتیە لەزیاتربوون و كاریگەرتر كردنی پەلاماردان لەلایەن ئەمریكاوە بەبەكارهێنانی بۆمب و موشەكی وێرانكەر و لێدان لەپرۆژەو شوێنە ستراتیژییەكانی ئێران، وەك لەماوەی دوو رۆژی رابردوو بینیمان ئەمریكا چەكی زۆر مەترسیداری بەكارهێناوە.
هاوكات لەبەرامبەردا ئێران لەترسی دابەزینی سەربازیی ئەمریكا لەسەر خاكەكەی و دروستبوونی جولانەوەی چەكداریی لەچەند ناوچەیەكی بەری رۆژئاوای ئێران و لەتاو پەلاماردان و گورزە كاریگەرەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل، ژمارەی پەلاماردانەكانی بۆسەر وڵاتانی عەرەبی لەكەنداوی فارس و هەرێمی كوردستان زیاتر دەكات. بۆیە پێویستە هەموولا زیاتر ئاگادار بین.