نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا؛ گەڕانەوە بۆ چەقی هاوکێشەکان

ئاریان فەرج

سەفەری دوو ڕۆژی ڕابردووی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و ئەو زنجیرە دیدارە چڕوپڕانەی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی شیعە و سوننە و سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو ئەنجامیدان، گەشتێکی ئاسایی و پڕۆتۆکۆڵی نەبوو. ئەو وەک سەرۆکی هەرێم، لە دەسپێکی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە بەغدا و دووبارە پێناسەکردنەوەی ئیرادە و سیادەی دەوڵەتی عێراقدا دوای شەڕ و سەنگەربەندییەکانی ناوچەکە، بۆ جەختکردنەوە لە سیستمی فیدراڵی و شەراکەت، هەروەها داکۆکیکردن لە ماف و ئیستحقاقە دەستوورییەکان و قووت و بەرکەوتەی گەلی کوردستان، لە سەرەتای دەرفەتێکی کارا و نوێی لێکتێگەیشتندا، دەبوا لە بەغدابێت. لە لایەکی تریشەوە، ئەم سەردانە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بارە ناهەموارە سیاسییەی کە ماوەیەکی زۆرە سێبەری بەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدادا کێشاوە، پێویستییەکی حەتمی بوو.

لە هەمان کاتدا، تەوەری جەوهەریی ئەم جووڵە سیاسییەی، دەمەزەردکردنەوە و دووبارە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو وەک هێزێکی میحوەریی کوردستان و عێراق لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی بەغدا؛ پاش ئەوەی بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشەکانی چەند ساڵی ڕابردوو و پڕۆسەی ئەم دواییەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، دۆخەکە گەیشتە کێشانەوەی تیمی پارتی لە بەغدا و پەیوەندییەکانیش بەرەو لێکدابڕان دەچوون.

نێچیرڤان بارزانی هاتەوە مەیدان تا ئەو تەرازووە هاوسەنگ بکاتەوە ئەم دۆخە ناجۆرە بگۆڕێت و جارێکی دیکە ئەو وێنایەی پارتی تۆخ بکرێتەوە کە هەر لە درووستبوونیەوە  پێی ناسراوە:  پارتی؛ وەک یەکێک لە دێرینترین حزبەکانی عێراق کە هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا عێراقی نوێ، هەمیشە لە چەقی پڕۆسە سیاسییەکاندا بووە،  چەندە حزبێکی کوردستانی بووە، ئەوەندەش حزبێکی عێراقی بووە؛ چەندە بۆ مافی کورد تێکۆشاوە، ئەوەندەش بۆ دیموکراسی و ئیستقراری تێکڕای عێراق خەباتی کردووە. هەر بۆیە ئەو دڕدۆنگی و ساردییەی ئەم دواییە، حاڵەتێکی ناجۆر و ناسروشتی بوو کە نەدەبوو لەوە زیاتر بەردەوام بێت و کەلەپوور و خەباتی هەشتا ساڵەی پارتی بۆ دیموکراسی و ئازادیی عێراق کاڵ بکاتەوە؛ چونکە لە پارتی ناوەشێتەوە لە کێشە و پرس و گرفتەکانی عێراق خۆی بە خاوەن نەکات، یان پشت بکاتە ئەو بەغدایەی چارەنووسمانی لێ دیاری دەکرێت؛ ئەرکە نەتەوەیی، نیشتمانی و مێژووییەکانی سەرشانی لێی دەخوازن وەک هەمیشە لە مەیدان بێت و بەو نەفەسە ماندوونه‌ناسانەی پێی ناسراوە، بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.

سەرۆک نێچیرڤان لەم سەفەرەدا، جیا لە دەمەزەردکردنەوە و گەرمکردنەوەی پەیوەندییە ساردبووەکان لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا، لە مەلەفی ئاڵۆزی کوردستانیشدا، ئەگەرچی بەهۆی بارودۆخەکەوە ئەمجارە دەرفەتی بۆ نەڕەخسا سەرۆک کۆمار ببینێت، بەڵام وەک سەرۆک کۆمارێکی (کورد و لە خۆمان) سڵاو و ڕێزی بۆ دەربڕی و هیوای چارەسەری ئەو دۆخە و دیداری لە سەفەری داهاتوودا خواست. 
ئەو نائومێدیش نەبوو لەوەی گرێکانی نێوان پارتی و یەکێتی هەر دەبێت بکرێنەوە و چارەسەرێک بۆ کێشە نێوخۆییەکانی کوردستان بێنەدی؛ دووپاتیشی کردەوە کە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی "مەجلیسێکی سیاسی" لە نێوان پارتی و یەکێتی، وەک چوارچێوەیەکی کاری هاوبەش تا گەیشتن بە ئەنجام، بەردەوام دەبن.

جووڵەی دوو ڕۆژی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا پەیامێک بوو بۆ هەمووان کە پارتی قەت حزبێکی ئینعزالی، گۆشەگیر و پەراوێزنشین نەبووە و نابێت. پارتی هەر ئەو حزبەیە کە لە هەموو قۆناغەکاندا هاوسەنگەر و هاوپەیمانی هێزە سیاسییە ڕەسەن و جۆراوجۆرەکانی عێراق بووە؛ هەر کاتێک وا نەبێت، ئەوە بارێکی لار و نائاساییە و دەبێت هەموار بکرێتەوە. پارتی وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی پڕۆسەی سیاسی، ڕابردوو  و ئایندەی عێراق، هەمیشە وەک داینەمۆی پارێزەری دیموکراسی  لە عێراق و گەرەنتیی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا و پێش هەمووان گۆڕەپانی بەغدا، دەمێنێتەوە.

06/05/2026




وتارەکانی تری نوسەر