وەڵامێک بۆ Donald J. Trump ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

شۆرش حاجی
وا چەند جارێکە لە کۆنفرەنسی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێی کە گوایە ئەمریکا چەکی داوە بە کوردەکان بۆ ئەوەی بیگەیەننە ئێرانییەکان تاکوو لەدژی ڕژێمی ئێران بەکاری بێنن بەڵام کورد ئەو چەکانەیان بۆ خۆیان گل داوەتەوە و دزیویانە، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخەیتە ڕوو ناوی ئەو کەس و لایەنە ئاشکرا بکەی کە وایان کردووە.

لە درێژەی قسەکانتا دەڵێی کورد شەڕکەری باشن بەڵام تەنیا بە پارە شەڕ دەکەن. بەو قسانەشت سووکایەتیت بە گەلی کورد کردووە و ئێمەت وەک گەلێکی دز و خۆفرۆش وێنا کردووە. ئەوە لە کاتێکدا کە گەورەترین و ترسناکترین ڕێکخراوی تیڕۆڕیستی لە دنیا لەسەر دەستی کورد و بە خوێنی شەڕڤان و پێشمەرگەی کورد شکستی هێنا. بۆیە من وەک کوردێک ئەو قسانەت ڕەت دەکەمەوە و داوات لێ دەکەم بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکەی.

لە کۆتاییدا دەبێ ئەوەش بڵێم، کە ئەگەر حکوومەتی ئەمریکا چەکیشی دابێ بە کوردێک، حیزبێک، یان لایەنێکی کوردی بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە دەستی خەڵکی ئێران و ئەوان بەڵێنەکەیان شکاندبێ، ئەوا ئەوانە دز و بەڵێنشکێن و خۆفرۆشن نەک تێکڕای گەلی کورد. چونکە وەک چۆن من لەسەر ئەو قسانەی تۆ گلەیی لە هەموو گەلی ئەمریکا ناکەم، چونکە قسەکانی تۆ تەعبیر لە ڕەئی ئەو هاووڵاتیانەی ئەمریکا ناکات کە دەنگیان بە تۆ نەداوە، بە هەمان شێوە ئەو کەس و لایەن و بەرپرسە کوردانەش کە تۆ دەڵێی، گوایە چەکەکانی ئەمریکایان دزیوە، نوێنەرایەتی ڕێژەیەکی زۆر کەمی گەلی کورد دەکەن یان تەنیا نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن، بەڵام تۆ هەموو گەلی کوردت تۆمەتبار کردووە.
چاوەڕێی وەڵامی فەرمی ئێوە دەکەم.

12/05/2026




وتارەکانی تری نوسەر