ئەمشەو لە چنگی بەردەڵان و شەپۆلە هەڵچوەکان هەڵدێم و دەگەرێمەوە بۆ کۆشی گەرم و بەسۆزەکەی دایکە دڵسوتاو و پیرەکەم. دەگەرێمەوە بۆ کۆڵانی منداڵی و چیرۆکەکانی شەرمی و بێشەرمی تەمەن بۆ هاوتەمەنەکانم دەگێرمەوە.
کورد جاران و ئێستا: شەرم و بێشەرمی
شەرم لە کڵتوری رەسەنی کوردەواریدا پرسێکی گرنگ و هەستیار بوە، تایبەت لە تەوەرە هەستیارە کۆمەڵایەتیەکان. دۆستێکی دێرینم کە لە ژیاندا ماوە، خەڵکی شارۆچکەی عەمادیە، گێرایەوە: لە ناوەراستی ساڵی پەنجاکانی سەدەی پێشو پیاوێکی خەڵکی شارەکە بە هۆی ئەوەی لە مەجلیسێکدا بایەکی لێ دەرچوە شارەکەی جێهێشتوە و بەرەو شاری بەسرە لەوپەری باشوری عیراق کۆچی کردوە. باجێکی قورس بۆ روداوێکی سروشتی.
لە کۆمەڵگای کوردەواری لای خۆمان شەرم تێرامان و لێکدانەوە و پێوەری جیای هەبوە، لە گوندێک سیغە ئاسایی بوە و لە گوندێکی تر نزیک لێی مرۆڤی لەسەر کوژراوە. ئەوەی کوردێکی دڵسۆز چاوی لێ نەقونادوە خیانەتی نەتەوەیی بوە.
لە بیرمە لە سەرەتای شۆرشی ئەیلول ماڵمان لە کۆڵانێکی پێنج ماڵی سەر بە شەقامی کاوە بو، کورێکی هاوتەمەن و دراوسێ سەر لە بەیانی بۆ بەرچایی دەچێت لە ئەسحابەسپی لەواشە بکرێت. نزیک لە دوکانی زەرەنگەرەکانی شەقامی کاوە فیشەکێک شانی بریندار دەکات. تێکۆشەرێکی رێكخستنەکانی ناو شار فەریکە سەرۆک جاشێکی ئەو ساتە گوللەباران دەکات و فیشەکێک دۆستەکەم، خۆشبەختانە لە ژیاندا ماوە، بریندار دەکات. ئێستاشی لەگەڵدا بێت شانازی بە برینەکەی دەکات. سزادانی خائین، جاش، تەواری و سیخور ئەرکێکی نەتەوەیی بوە و شایستەی پشتگیری و شانازی هاوڵاتیانیش بوە. هەر کەسێک لە رەگ و ریشەی رەسەنی خۆی هەڵگەراوەتەوە کۆمەڵگا بەتوندی رەجمی کردوە رەتیشی کردۆتەوە.
دوای راپەرین سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشور لێبوردنێکی گشتی بۆ جاش و سیخور و خائین پەسندکرد، ئەوسات بریارەکە بە باش دەبینرا چونکە ژمارەیەکی زۆر کۆیلە و پارەپەرست و نەفام و جاش بەچەکەوە لە گوند وشەقامەکانی شارەکانی کوردستان پیاسەیان دەکرد، ئامەدەش بون بۆ مانەوەیان کوردستان خەڵتانی خوێن بکەن. چەند تێکۆشەرێک دوای راپەرین نامیلکەیەکیان ئامادە کرد بەناوی تونی مەرگ و سنوردار بڵاویان کردەوە، تێیدا بەناو و کات وشوین و بەڵگەنامە دەیسەلمێنێن ئەو خائینانە چیان کردوە بەرامبەر نەتەوەکەیان و تێکۆشەران کردوە وچەند پاداشتیان لەلایەن رژێمی سەدامەوە پێدراوە و چەند تێکۆشەری کوردیان لەناوبردوە. لە کوردستان نامیلکەکە قەدەغەکرا، رێکخراوێکی ئەوروپی لەسەر ئەرکی خۆی نامیلکەکەی چاپکردەوە و بڵاوکرایەوە.
کاتێک کارگێری مەڵبەندی دەرەوەی یەکێتی بوم، ساڵانی دوای ٢٠٠٤، بۆ کاری حزبی سەردانی لەندەنم کرد، سودفە بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لە لەندەن بو و لە دانیشتنێکی حزبیدا پێی راگەیاندم: بەیانی میوانی فڵان کەسم ( کوری یەکێک لە سەرۆک جاشە مەزنەکانی کوردستان) و حەزدەکەم تۆش ئامادە بیت. لە کۆشکێکی ئەو کۆڵکە جاشە لە لەندەن و لە کاتی وەلیمەیەکی پاشایانە و بە حزوری قوباد تاڵەبانی، بەرپرسە باڵاکە پێی گوتم: ئێوە لە هۆڵەندا ریگربون ( فڵان کەس – کۆنە جاشێکی ناسراو) لە هۆڵەندا مافی پەنابەری وەربگرێت، ئەو زاتە هاریکاری زۆری یەکێتی کردوە. بۆچی کاری وادەکەن؟ لە وەڵامدا گوتم: بەرێز رەنگە ئەوەی کردبێت، بەڵام چەندین بەڵگە هەن کە پێشمەرگەکانی هێزەکانی تری کوردستانی دوچاری گرتن و کوشتن کردوە، بەرێزی نقەی لێبرا. بێ شەرمیش کرا بەبەری پۆشاکی حزبیدا.
بەشێک لە سەرکردایەتی حزبایەتی لە باشور کە دوای راپەرین بونە دەسەڵاتدار، خۆپەرست، بەرژەوەندخواز، خاوەن میلیشیا پشتئەستور بە رۆڵیان لە خەباتی چەکداری سەردەمی شاخ بێ شەرمکردن بونە ئەژدیهای چەند سەر و کەوتنە راوروتکردنی نەتەوە و نیشتمان. کاتێک راپۆرتەکانی تیمەکانی ئەمریکا بۆ ئاوەدانکردنەوە لە کوردستان دەربارەی رەوشتییان دەخوێنیتەوە شەرم سەرتاپای هەست و جەستەی کوردێکی دڵسۆز دەتەنێت. کورد وتەنی حەیا دڵۆپێکە کە رژا دەرژێت. وەک دەوترێت: كاتێك جەستەیان دەردەکەوێت لەشەرمدا بە گەڵای دارودرەختەكان خۆیان دادەپۆشن.
دەسەڵاتی هەرێم و بێشەرمی
بەڕیز ئارام سەعید لە مانگی تەموزی ٢٠٢٠ لە نوسینێکیدا دەڵێت:
تا ئێستا یەک وەزیرمان نەبینی لەم قەێرانە قوڵەدا دەست لەکار بکشێتەوە. لەبەرئەوەی شەرم و حەیا نەماوە و کەس ئا،مادە نیە داوای لێبوردن بکات لە سیاسەتی هەڵەی خۆی، چ ئەوانەی ئێستا چ ئەوانەی ساڵانی رابردو، کە شەرم نەما ئیتر ئەبێت یەکێک بدۆزنەوە و لۆمەی بکەن لەسەر ئەو هەڵەیە. دەگەرێن بۆ یەکێک یان گروپێک کە تاوانەکەی بخەنە پاڵ و لێی دەرچن. لە کوردستاندا ئەوەش ئاسانە یەکێتی دەیخاتە پاڵ پارتی، پارتی یەکێتی تۆمەتبار دەکات، ئۆپزسیۆنیش دەیخاتە پاڵ دەسەڵات و دەسەڵات دابەش بون و لەناو خۆیاندا یەکتر تاوانبار دەکەن. دەسەڵات لەم هەرێمە لەجیاتی شەرمکردن لە هەڵەکانی خۆی پەنا دەبات بۆ شەرمەزارکردنی بەرامبەرەکەی کە ئەمەش بەکارهێنانی شەرمە وەک چەکێک بەڵام بۆ بەرامبەر نەک بۆ خۆی (کۆتایی بەشێک لەو وتارە).
بێشەرمی شۆربۆتەوە بۆ جەستەی سیاسی و حوکمرانی و کۆمەڵایەتی لە باشور: گەندەڵ، خائین لەسەر عەرشی بێشەرمی پاشایەنە دەژین، کوردپەروەر و تێکۆشەرە دڵسۆزەکان دوا پلەکانن، هاوڵاتیە خۆراگرەکان بێ موچە وچارەکە و نیوە موچە و دەستی دەستیپێکردن ساڵانێکە بۆ پاراستنی کیانی هەرێم لە دارمان دانیان بە خۆیاندا گرتوە، چونکە شەرم دەکەن ببنە هۆکارێک بۆ ئەو دارمانە.
ئەوەی شایستەی باسکردنیشە بێشەرمی و درۆ و دەلەسەیە لە چەند بوارێکی فێربون و خوێندنی باڵاش پەرەیان سەندوە. دزینی لێكۆڵینەوە و کۆپیکردنیان و لکاندنی ناو خوێنکارەکە لێێان. هاوکاتیش چەند بوارێکی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆتە گۆرەپانێکی قێزەوەنی بێشەرمی کە مەترسی ترسناکی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان و نەتەوە بەرپاکردوە، باسی کۆڵکە نەخۆشخانە و دەرمانخانە و ساختەچیە ریشدارە
دەستگراوەکان ناکەم. لەم وتارەدا باسی شتێکی نوێ ناکەم چونکە هاوڵاتیانی کوردستان بەدەستیەوە گەلێک دەردەسەری و ئازاریان چێشتوە.
زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هەڵبژاردن بۆ بەناو پەرڵەمانی کوردستان کراوە، بۆ خۆم دەستەواژەی گرتبونەوەی بەشێک لە بێشەرمەکانی کوردستان پر بە پێستیانە، کەچی نقەیەک لە بەردێک ببیسترێت لەو بێشەرمانە دەربارەی ئەرک و پەیامە بێشەرمەکانیان نابیسترێت. تێدەگەم متمانە نێوانیان ئەوەندە کاڵبۆتەوە کە زۆر بێشەرمانە بەخەڵک دەڵێن: ئەوە ئەرز و ئەوە گەز، ئێمە ئەمەمان پێ باشە،
ناشێت باسێ بێشەرمی سیاسی کورد لەگەڵ وێرانەی بەغداش نەکەم، سەرەرای ئەم هەمو شەرمەزاریە دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر چاوقایم و بێ شەرمانە و بەبەرچاوی دۆست و دوژمن شەریانە چ بابەوانێک یاخود سیاسیەکی ناجێگیر بە عەرشی پاشکۆیەتی و دەسەڵاتێکی شۆڤینزمی مەزهەبی و نەتەوەیی لە بەغدا ببەخشن. ئەوەی دەیکەن پر بە پێستی خۆیانە و میللەت لێی بێبەریە.
دەگەرێمەوە بۆ ماڵەوە
ئەمشەو دەگەرێمەوە بۆ کۆش و گەرمی بەسۆزی دایکە دڵسوتاو و پیرەکەم.
ئەمجارە بە دەنگێکی زۆڵاڵ چیرۆکەکانی بۆ دەگێرمەوە لەگەڵ چرینەوەی لایەلایەی جارانی تا هێمن و ئاسودە لە باوەشی بەخشندەیدا چاوەکانم بە خەونەکانی ژیان ئاشنا بکەم.
رۆتەردام: ٤ جونی ٢٠٢٦