بەدگومانی لە نێوان شێوەی سڵاوکردن و جەوهەری مرۆڤبووندا..

شۆڕش ئەمین

​لەم دواییانەدا، لێدوانێکی شێوێنراو و دوور لە بیرکردنەوە (کە دەکرێت بەمەقسودیش بێت)، بووەتە جێی سەرنج و مشتومڕی نێو خەڵکی، کاتێک دەگوترێت [ئەوەی پێی ووتی بەیانیت باش و نەیوت سەلام و عەلێکوم، گومانی لێبکە لەوەیە کەسێکی باش نەبێت!]. ئەم جۆرە تێڕوانینە ڕووکەشگەراییە، کاتێک بە لۆژیک و عەقڵ دەیخوێنیتەوە، نەک هەر ناتەواوی و ناسازیی خۆی دەردەخات، بەڵکو مەترسیی قووڵیش لەسەر بنەماکانی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.

​مرۆڤ بوون و چاکەخوازی و دڵسۆزیی تاکەکان، بەپێوەرە ئەخلاقی و کردارییەکان تاقی دەکرێتەوە، وەک دەستپاکی، ڕێزگرتن و هاوکاریکردنی ئەوانی تر، نەک بەو ووشە دیاریکراوەی بۆ سڵاوکردن بەکاری دەهێنین. کورتکردنەوەی تەواوی کەسایەتی مرۆڤێک لە دەستەواژەیەکی سڵاوکردندا، جۆرێکە لە بەتاڵی وجاهیلی و ستەمکردن لە شکۆی مرۆڤەکان.

​لەمبارەیەوە، مەلای گەورەی کۆیە (محمد جەلیزادە) کە سیمبولی عەقڵانییەت و ڕێنوێنی ڕاستەقینەی ئاین بوو، هەمیشە دژی ئەم جۆرە ڕووکەشگەراییە دەوەستایەوە و دەی فەرموو کە ئاین بۆ پاکی دەروون و چاککردنی ڕەوشتی مرۆڤەکان هاتووە، نەک بۆ سەرقاڵکردنیان بە شکڵ و ڕوواڵەتەوە.

​مەلای گەورە پێی وابوو کە کێشانی هێڵ لە نێوان مرۆڤەکاندا لەسەر بنەمای وشە و ڕواڵەت، دوورکەوتنەوەیە لە جەوهەری عەقڵ و خوداناسی.

​کاتێک کەسێکی ئاینی داوا دەکات گومان لە کەسانی تر بکرێت تەنها لەبەر ئەوەی وتوویانە "بەیانیت باش." دەبێتە هاندان بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەکی و جیاکاری و بەدگومانی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا. لۆژیکی تەندروستی کۆمەڵایەتی پێمان دەڵێت کە سڵاوکردن بە هەر زمان و شێوازێک بێت، پەیامێکی گەردوونییە بۆ ئاشتی و ڕێزگرتن. گۆڕینی ئەم پەیامی ئاشتییە بۆ بەدگومانی، پێچەوانەکردنەوەی بەها مرۆییەکانە.

​"بەیانیت باش" یان "ڕۆژباش" دەستەواژەی ڕەسەنی زمانی پاراوی کوردین، گوزارشت لە هیوایەکی دڵسۆزی و جوان دەکەن بۆ بەرامبەر. بەکارهێنانی زمانی دایک بۆ دەربڕینی ڕێز، هەرگیز نابێتە هۆی کەمکردنەوەی بەهای هیچ مرۆییەک. وەک چۆن زانای گەورە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، هەمیشە جەختی لەسەر جوانی و پاراوی زمانی کوردی دەکردەوە و پێی وابوو کە مرۆڤ دەتوانێت بە زمانی دایکی خۆی بەرزترین بەهای ئەخلاقی و ئاینی پەیڕەو بکات، چونکە خودا لە دڵ و نیەتی مرۆڤەکان دەڕوانێت، نەک لەشێوازی ووشەکانیان. کاتێک بەهای مرۆڤێک دەبەسترێتەوە بەوەی کە ئایا سڵاوەکەی بە چ زمانێک کردووە، ئەوا دەکەوینە ناو داوی دەمارگیرییەوە، کە هیچ بنەمایەکی عەقڵانی و ئاینی قبوڵی ناکات.

​ئەگەر سەیری مێژوو، کلتوری خۆمان بکەین، بۆ نموونە لە شاری سلێمانیدا، هەمیشە وشەگەلێکی پڕ لە مۆڕاڵ و ڕێز بەکارهاتوون بۆ دەربڕینی حورمەت بۆ کەسانی بەرامبەر وەک (قوربان، کاکە، خاڵە، مامە، بەڕێز ... هتد).

نوسەر و ڕووناکبیری گەورە عەلائەدین سەجادی لە کتێبی "ڕشتەی مرواری" دا بە جوانی تیشک دەخاتە سەر ئەم ڕەوشتە بەرز و زمانە شیرینەی کۆمەڵگەی کوردی و پیشانی دەدات چۆن ئەو وشانە کۆڵەکەی تەبایی کۆمەڵایەتی بوون.

​بەڵام بەداخەوە، ئێستا لە زۆر شوێندا وشەی "حاجی" جێگەی ئەو ووشانەی گرتووەتەوە، کە کلتورێکی هاوردەکراوە (عەرەب دەڵێت "حِجّی" و لای ئێمە کوردێنراوە بۆ "حاجی"). ئەمەش نیشانەی کاڵکردنەوە و سڕینەوەی ئەو زمانە پاراو و کلتورە دەوڵەمەندەی خۆمانە. ئەوانەش بەمەقسود یا لە جەهالەتیاندا بێت، پڕوپاگەندە بۆ ئەم شێوازە دەکەن، لە ڕاستیدا خزمەت بە شێواندنی ناسنامەی میللەتەکەی خۆیان دەکەن.

​ئەگەر لە ڕوانگەیەکی مەعریفی و تەنانەت ئاینییەوە سەیری بکەین، جەوهەری پەیامە ئاسمانییەکان لەسەر پاکی دەروون و مامەڵەی چاکە دامەزراوە. حوکمدان لەسەر خەڵک و گومانکردن لە نیەتی ئەوانی تر تەنها لەسەر جۆری وشەکاری، دژایەتیکردنی خودی ئەو بەها ڕۆحییانەیە کە داوای لێبوردەیی و لێکدانەوەی باش دەکەن.

​ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە کۆمەڵگەکەمان لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە وتاری عەقڵانی و یەکڕیزی و قبوڵکردنی یەکتر هەیە. دەبێت پێوەرەکانمان بۆ هەڵسەنگاندنی مرۆڤەکان، ڕاستگۆیی و دادپەروەری و دڵسۆزییان بێت بۆ مرۆڤایەتی و نیشتمان و نەتەوەکەیان.

​پێویستە وتاری گشتی بەرەو ئاڕاستەیەک بڕوات کە ڕەنگدانەوەی ئاکار و داکۆکیکردن لە بەها ڕەسەنەکان بێت. نەوەی نوێ و کۆمەڵگەی ئەمڕۆ، چیتر ئەو ووتارە ڕووکەشە قبوڵ ناکات کە مرۆڤەکان لەسەر بنەمای جۆری وشەی سڵاوەکەیان دابەشی سەر بەرەی "باش" و "خراپ" بکات. وەک نەتەوەیەک، شایەنی ئەوەین نوێنەرایەتی فیکری و کلتوریمان تەنانەت ئاینیشمان لە ئاستی قووڵی و ڕەسەنایەتی مێژووەکەماندا بێت، نەک لەژێر ڕکێفی وتاری سادە و ڕووکەشانەدا بهێڵینەوە.

​باشترە خاوەن وتارە ئاینییەکان پێش دەربڕینی هەر لێدوانێک وشەکانیان بکێشن و بیر لە لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی بکەنەوە. چونکە زۆرێک لەم بابەتانەی ناوبەناو دەوروژێنرێن، لەلایەن تاکی هۆشیارەوە تەنها وەک (ڕۆژەڤی ساختە) دەبینرێت، کە گومان دەکرێت، ئامانجیان سەرقاڵکردنی خەڵکە بۆ بیربردنەوەی ئەو قەیرانە قووڵ و بێکارییە خنکێنەرانەیە کە گەندەڵکاران و بازرگانە سیاسییەکان بەسەر هاوڵاتیانی ئەم نیشتمانەدا هێناویانە. ئەم ووتارانە بێجگە لەتەڵە هیچی کە نییە، بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و بیربردنەوەی پرسە گرنگەکان.

12/06/2026




وتارەکانی تری نوسەر