شێرزاد حەسەن؛ لە گڵکەندەوە بۆ جەنگاوەریڕۆشنایی تێڕامانێک لە کتێبی؛ لەسەر بنجی خۆم نەڕوامەوە

سلێمان مستەفا

هەندێک مرۆڤ هەن کەئاسایی لە ژیان دەژین و ژیان ڕێدەکەن و تێدەپەڕن. هەندێکیش هەن کەلە ژیان دەژین و دەبنە بەشێک لە وێژدانی سەردەمەکەیان و دەبنە ئەستێرەی نیشتمان. مامۆستا شێرزاد حەسەن لەو جۆرە مرۆڤانەیە. بۆیە خوێندنەوەی کتێبی(لەسەر بنجی خۆم نەڕوامەوە) تەنها خوێندنەوەی بیرەوەرییەک نییە؛ گەشتێکە بەناو مێژوویڕۆحێکدا. ڕۆحێک کە لە گڵکەندەوە دەست پێدەکات و لە فینلەندا دەگاتە جیهان، بەڵام هەرگیز پەیوەندیی بەیەکەم وێستگەکانی ژیانینەپچراندوە.

ئەو منداڵە دواتر بوو بە شێرزاد حەسەن

لە ماڵێکدا گەورە بوو کە باوکێکی قومارچی و دایکێکی میهرەبان هەبوو. بەڵام ئەوەی لە ناخی شێرزاددا مایەوە، نە دەنگی قومار بوو و نە تامیبرسیەتی وشکست؛ بەڵکو خۆشەویستی و قوربانیی دایک بوو. دایکێک کە ماندووبوونی ژیانی هەڵگرتبوو و لەژێر باری دڵتەنگی و نەداریشدا هێشتا دایکایەتی دەکرد، ئەوە پلکە زارێ بوو.

شێرزاد حەسەن لەم کتێبەدا تەنها چیرۆکی خۆی ناگێڕێتەوە، بەڵکو چیرۆکی نەوەیەک دەگێڕێتەوە. نەوەیەک کە لەنێوان هەژاری و هیوا، لەنێوان ستەم و خەون، لەنێوان داگیرکاری و ئارەزووی ئازادی گەورە بووە.

گڵکەند، گۆمی میری کوران، خەرەندیڕەواندز، وێستگەی شەمەندەفەری هەولێر، بەغدا، سلێمانی و فینلەندا تەنها شوێن نین؛ وێستگەکانی دروستبوونی مرۆڤێکن. هەر وێستگەیەک بەشێکی لە کەسایەتیی شێرزاد دروست کردووە. لە گڵکەند تامی برسییەتی و مەرگ و کرێکاری ناسی. لەڕەواندز سروشت و ئازادی و خەرەندی ناسی. لە وێستگەی شەمەندەفەر جیهانی دەرەوەی ناسیوە. لە زانکۆ پەنجەرەی ئەدەبی جیهانی بۆ کراوەتەوە. لە سلێمانی هێلانەو ماڵ و کەژاڵ وەفای شارێکی ناسیوە، لە فینلەندا مانای دوورکەوتنەوە لە نیشتمان و نرخی نیشتمان ناسی.

لەنێوان هەموو ئەو وێستگانەدا، دوو کەس بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە دروستبوونی ئەو مرۆڤەدا بەشدارن: دایک و مەلا هەمزە.
دایک لە کتێبەکەدا تەنها دایک نییە؛ ناوەندی هەستی مرۆڤایەتییە. شێرزاد لەسەر دایکی دەنووسێت: (دایکم ژنێک بوو لە فرمێسک). لە ئەدەبی نوێی کوردیدا دەگمەنە بتوانرێت بە چەند وشەیەکی کەم، ئەو هەموو خۆشەویستی و ئازار و قوربانییە کورت بکرێتەوە. ئەوەی شێرزاد لە دایکەوە فێری بوو، تەنها خۆشەویستی نەبوو؛ مرۆڤبوون بوو.

بەڵام ئەگەر دایک فێری میهرەبانیی کردبێت، مەلا هەمزە فێری پرسیارکردنی کرد.لە جوانترین بەشەکانی کتێبەکەدا، شێرزاد هەوڵ دەدات سکێچێکی مەلا هەمزە بکێشێت. خۆی پێی وایە(پۆرترێت) ناتوانێتڕۆحی ئەو مرۆڤە بگرێتەوە. ئەو مەلایەی کە کتێبی جیاواز و قاچاغیدەخوێندەوە، لە دەسەڵات نەدەترسا، هەژاری بە چارەنووسی خودایی نەدەزانی و دەیگوت: هەژاری و نەداری دەستکردی ئاسمان نین، بەڵکو بەرهەمی نەبوونی دادپەروەرییە لەسەر زەوی.ئەگەر بەهەڵەدا نەچووبم دەتوانین شایدی بدەین کە ئەمڕستەیە سەرەتای شۆڕشی فکریی شێرزادبووبێت.

ئەوی لەم کتێبەدا بە ئاشکرا دەڵێت کە پێش ئەوەی نووسەر بێت، خوێنەر بووە. بگرە هێشتاش خۆی بە خوێنەر دەزانێت. دەڵێت باوەشی کتێب لەلای ئەو خۆشترو خۆشەویستر بوە لە باوەشی خۆشەویستی و دڵداری. ئەم دانپێدانانە هەموو تێگەیشتنێکمان بۆ کەسایەتیی شێرزاد دەگۆڕن. چونکە زۆر کەس بە نووسینەکانی دەیاناسین، بەڵام بناغەی ئەو نووسینانە خوێندنەوەیە.

شکسپیر، گۆتە، سێرڤانتس، نیکۆس کازانتزاکیس، گاندی، پاولۆ فرێرە، چیخۆف و دۆستۆیڤسکی هەموویان لەو جیهانە فکرییەدا ئامادەن. شێرزاد بەڕەخنەوە دەڵێت عەیبە ئینگلیز بێت و شکسپیر نەناسێت، عەیبە ئەڵمانی بێت و گۆتە نەخوێندبێتەوە، بەڵام ئێمە زۆرجار لە ئەدەبی خۆمان دوور کەوتووینەتەوە.

لەڕوانگەیمامۆستاشێرزادەوە، پەروەردە نابێت ئامرازێک بێت بۆ دروستکردنی ملکەچی و دۆگمایی. هەر بۆیە مامۆستایان بانگهێشت دەکات کتێبی(پێداگۆگیی ستەملێکراوان)ی پاولۆ فرێرە بخوێننەوە. چونکە لەباوەڕی ئەودا پەروەردە دەبێت مرۆڤ ئازاد بکات،مرۆڤی ئازاد بێنتە بوون، نەک بیکاتە بەرهەمی سیستەم و کۆیلایەتی و ملکەچی. 

لەم کتێبەدامامۆستا شێرزاد زۆر جار دەگەڕێتەوە بۆ ئایین، بەڵام نە وەک بانگەشەکار، بەڵکو وەک پرسیارکەر. لە منداڵییەوە قورئانی خوێندووە و لەبەر کردووە. سوورەتییوسف کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داناوە. مزگەوت بۆتە شوێنیخۆ پەنادان و شاردنەوە لە دژی توندوتیژیی کۆڵان و گڵکەند گۆمی میری کوران. بەڵام دواتر هەر ئەو منداڵە دەگاتە ئەو ئاستەی بڵێت: (خودای مەزن حیزبی ناوێت). ئەوەشڕەخنەیەکی قووڵە لە هەوڵیبەحیزبیکردنی ئایین، وەڵامێکیشە بۆ ئەوانەی بانگەوازی کوشتنی مامۆستیان دەکرد.

لە بەشە جیاوازەکانی کتێبەکەدا،مامۆستاشێرزاد بەردەوام جەنگدایە دژی تاریکی. بۆیە وتەیەکی پرحیکمەت دەنوسێت پێم وایە دەبێت دەستەواژەیەکی ناسراوە، دەڵێت: (ئێمە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناژین، لەڕەشهەڵاتی ناوەڕاست دەژین). ئەو تاریکییە لەڕوانگەی ئەودا تەنها سیاسی نییە؛ تاریکیی بێپرسیاری و ڕەوایەتیدان بە ستەم و کەمتەرخەمیی بە مرۆڤە.بەڵاممامۆستاشێرزاد مرۆڤی مەرگ نییە، مرۆڤی ژیانە. هەر بۆیەش پرسیار دەکات بۆچی جەلالەدینیڕۆمی لە شەرق و غەرب خوازراوە؟ و خۆی وەڵام دەداتەوە: چونکە ژیاندۆستە. هەر لەوڕێگەیەشەوە دەچێتە ناو جیهانی نیکۆس کازانتزاکیس و عیسا و گاندی.

لە فینلەندا، دوور لە نیشتمان،بەرای بەندە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمەکانی خۆی دەنووسێت؛(دوا شەوی دابەزینی عیسای مەسیح). لەوێدا کوردستان بە عیسا دەچوێنێت. چونکە هەر عیسای مەزن نییە لە خاچ دراوە، وڵاتەکەی ئەویش لەخاچ دراوە. گەلێک کە لە نێوان چوار دەوڵەتی داگیرکەردا دابەش کراوە. بەڵام ئەمپێکچواندنەو بەراوردکارییە تەنها بانگەشیەکی سیاسی ڕووت نییە؛بەڵکوو هاوارێکی مرۆڤایەتییە بۆ داد و ئازادی.هەروەها لەم بیرەوەرییانەدا،مامۆستاشێرزاد بە توندیڕەخنە لە حیزبە کوردییەکان دەگرێت. بە تایبەت دوایڕاپەڕینی ١٩٩١ و شەڕی ناوخۆ. بە باوەڕی ئەو، زۆرێک لە خەونە گەورەکانی ئازادی لەو قۆناغەدا تووشی شکست بوون. بۆیە پرسیار دەکات، گلەیی دەکات، بەڵام بێهیوا نابێت.جوانترین تایبەتمەندیی ئەم کتێبە شایەدیدانە کەمامۆستا شێرزاد هەموو ئەوانەی دەستیان گرتووە لەبیر ناکات. مەلا هەمزە، مەلا سامان، دکتۆر مەولود ئیبراهیم، مامۆستا تەحسین، حەیدەر کەریم، مەحمود زامدار، شوکروڵڵا بابان و دەیان کەسی تر. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە گەورەیی لەڕوانگەی شێرزاددا بە مانای لەبیرکردنی هاوڕێیان نییە.

مامۆستا شێرزادڕاستگۆیەکی سەرسوڕهێنەرە. لە بیرەوەرییەکانیدا تەنانەت باسی ئەوە دەکات کە سەرەڕای ستەم تۆقاندنەکانی باوکی بەڵام بۆنی جلەکانی باوکی دەکرد، بۆ ئەوەی بزانێت باوکبوون چییە و دەبێت چۆن بێت. ئەمڕاستگۆییە ئەوەندە قووڵە کە ژیانی خۆی دەکاتە کتێبێکی کراوە بۆ خوێنەر.هەروەها شێرزاد حەسەن نووسەری ژنانە. ژن لە نووسینەکانیداتەنها کارەکتەر نییە؛ مرۆڤە. بوونەوەرێکە شایستەی ئازادی و ڕێز. بۆیە هەمیشە دژی ستەمکردن لە ژنان و دژی باوکسالاری وەستاوەتەوە.

ئەو مرۆڤدۆستە، ژینگەپارێزە، پەروەردەکارە و ڕۆشنبیرێکە کە بەردەوام داوای مرۆڤبوون دەکات.هەر بۆیە شێرزاد حەسەن تا ئێستا نووسەری وەڵامەکان نییە، نووسەری پرسیارەکانە.بەڵام جوانیی کتێبەکە لە ئازارەکانی نییە؛ لەڕاستگۆییەکەیدایە، کە وەک خۆی باسی دەکات گلەیی لێ دەکرێت کە بەو ڕاشکاویە دێتە گۆ.

مامۆستاشێرزاد حەسەن لەم کتێبەدا هیچ شتێکی نەپاراستووە. لە خێزان، لە کۆمەڵگا، لە ئایین، لە سیاسەت و تەنانەت لە خۆیشی پرسیار دەکات. بۆیە ئەم کتێبە تەنها چیرۆکی ژیانی نووسەرێک نییە؛ چیرۆکی گەشەکردنی بیرێکییاخییە کە دەیەوێت هەموو شتێک بخاتە ژێر تاقیکردنەوەی پرسیار.

ئەم ئەزموونانە لە ناخیمامۆستاشێرزاددا نەبوونە زام، بەڵکوو بوونە سەرچاوەی تێگەیشتن لە مرۆڤ.هەر بۆیە ئەم کتێبە شایستەی ئەوەیە تەنها وەک ژیاننامە نەخوێندرێتەوە. دەبێت وەکڕۆمانێکی ژیان، وەک نۆڤێلێکی مرۆیی و وەک بەڵگەنامەیەک بۆ سەردەمێک بخوێندرێتەوە.چونکە لە کۆتاییدا،شێرۆی پلە زارێ تەنها چیرۆکی ژیانی خۆی نانووسێت؛ چیرۆکی مرۆڤێک دەنووسێت کە لەڕەشهەڵاتی ناوەڕاستدا هەرگیز لە گەڕان بەدوایڕووناکیدا نەوەستاوە.

لە کۆتایی کتێبەکەدا، داواکارییەکی سادە دەکات؛ دەیەوێت تەرمەکەی بسووتێندرێت و خۆڵەکەیبخرێتە  خەرەندیڕواندز. ئەو وەسیەتە کورتپوختەی تەواوی ژیانیەتی. مرۆڤێک کە لە سروشتەوە هاتووە و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سروشت، دڵنیاییە ڕۆحی بە زیندووی دەمێنێتەوە لەناو وشەو پەیامەکانی کە لەتەواوی کتێبەکانیدا جێدەهێڵیت.

(لەسەر بنجی خۆم نەڕوامەوە) تەنها ژیاننامەینوسەرێک نییە تەنیا ژیاننامەی مامۆستاشێرزاد حەسەن نییە. ژیاننامەی خوێنەرێکە کە بوو بە نووسەر، مامۆستایەکە کە بوو بەڕۆشنبیرو ڕۆشن فکر، و مرۆڤێکە کە تا دوا هەناسە لە پرسیارکردن، لەجەنگی دژی تاریکی نەوەستا و کۆڵی نەدا تا ئەم ساتەش.لەسەر بنجی خۆم نەڕوامەوە، کتێبێکە پڕە لەڕاستگۆیی و بوێری، پڕە لەجوانی مێژووهەر بۆیەناوی مامۆستاشێرزاد حەسەن تەنها ناوێک نییە لەسەر بەرگی کتێبەکان؛ ئەو جەنگاوەرێکیڕووناکییە لەڕەشهەڵاتی ناوەڕاست.

دوا پەیامی مەلا هەمزە بۆ مامۆستا شێرزاد

مامۆستا شێرزاد لەداو دیداریشیدا لەگەڵ مەلا هەمزە، کە ماڵئاویی لێ دەکات پێ دەڵیت شێرۆ کوڕم؛ بیرت نەچێ ئەو کاتیش پێم گوتی، عیسای مەسیح دەفەرموێت، چ کەڵکی هەیە دنیات بردبێتەوە، کەچی خۆت دۆڕاوبیت، جا بەراستی مامۆستا لە سەنگەری ڕۆشنایی مایەوەو..

لەکۆتایی دا جێگای خۆیەتی دەست خۆشی لە کاک مەسعودی مەلا هەمزەو دەزگای فام بکەین بۆ بەچاپگەیاندنی ئەو بەرهەمە بەنرخە


13/06/2026




وتارەکانی تری نوسەر