گرنگی بەشداری ژنان و گەنجان لەسیاسەتدا

تریشکۆ کەریم

بەشداری ژنان و گەنجان لەسیاسەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا بەیەکێک لەلایەنە گرنگ و پڕبایەخەکانی پێشکەوتنەکان دادەنرێ لەسەرئاستی کۆمەڵگا پێشکەوتوەکانی دنیا. ئەگەر بەبێ پێشەکی و زۆر وتن بمانەوێ لەم بارەوە قسەبکەین؛ ئەوە بۆ کۆمەڵگای کوردی لەباشووری کوردستان هەمان پێوەر ڕاستە، کە ڕۆڵی ژنان و گەنجان چ کاریگەرییەکی لەناو پرۆسەی سیاسی و ڕێکخراوەیی و هاوکات پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگادا هەیە. 

بەلێکدانەوەیەکی ترو کورت؛ لەناو هەر کۆمەڵگایەکدا بەشداری ژن و گەنج لەپرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردندا ئامادەبوونی نەبێ، ئەوە ڕاستەوخۆ ئازادییە دیموکراسییەکان و ئاماژەکانی پێشکەوتن بوونیان دەکەوێتە ژێرپرسیارەوە؛ چونکە هەم بەشداری ژن و هەمیش گەنج لەپرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا دوو کۆڵەکەی سەرەکی و توخم و ڕەگەزەکانی پێشکەوتن و بەرجستەبوونی ئازادی و دیموکراسین.

لەڕابردووی دوورو نزیک و ئێستاشدا؛ ژن و گەنج لەبەرنامەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا وەک بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو ئاماژەی بۆ کراوەو ئامادەبوونیان هەیەو لەمەش زیاتر لەناو پرۆگرامی ڕێکخراوە مەدەنی و ناحکومیەکاندا زۆر لەبەرنامەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا بایەخ بۆ ژن و گەنج جێگیرکراوە. پرسیاری سەرەکی و جەوهەری لێرەدا ئەوەیە: تا چ ئاستێک ئەوەی لەبەرنامەو پرۆگرامەکاندا هاتوە لەسەر زەمینی واقیعدا کاری پێکراوەو کراوەتە بەشێک لەپرۆسەی کرداری؟ یان ئەمە وەک تەنیا بەشێک لەدروشم ماوەتەوەو بۆ سەر واقیع وەرنەگێڕدراوە! 

بەش بەحاڵی خۆم دژی ئەو بۆچوونەم بەشداری و پۆست و بەڕێوەبردن چ لەناو حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان و چ لە دەسڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و بەڕێوەبردن و چ لەناو ڕێکخراوە ناحکومی و مەدەنیەکاندا، وەک خێرو سەدەقەو لەسەربنەمای وەلائی نزیک و دوور بەسەر ژن و گەنجدا دابەش بکرێ، چونکە ئەمە نەک ڕۆڵی ژن و گەنج دەرناخاو ناسەلمێنێ، بەڵکو لەبنەڕەتدا کوشتنی ڕۆڵ و هێزو کاریگەری بەشداری ژن و گەنجە لەناو پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا. 

ڕەنگە لێرەدا تێهەڵچونێک یان ڕایەکی جیاوازهەبێ و پێی وابێ؛ یاخود بڵێ ئەوەتانێ هەم لەناو حیزبەکان هەمیش لەناو پەرلەمان یان حکومەت یاخود ڕێکخراوە ناحکومی و مەدەنیەکان دەیان و سەدان ژن لەپۆست و پلەی جیاجیای بەڕێوەبردنن و ئەمەش ڕاستەوخۆ بەشداری ژن و گەنج دەگەیەنێ؛ کەس ناتوانێ ئینکاری ئەمە بکات و بڵێ وانیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەو ڕێژەی بەشداری پێکردنە تەنیا بۆ ناوە یان بەکردار ڕاستەو بەشدارییە! 

 بەش بەحاڵی خۆم باوەڕم بەبەشداری شکڵی یان بەشداری پێکردنی ژن و گەنج بەو شێوازەی (ڕابردوو-ئێستا) نیە؛ بەڵکو باوەڕی زۆرم بەوە هەیە دەبێت پێش هەموو شتێک کۆسپ و لەمپەرەکانی ناو کۆمەڵگا کە بوون بەبەشێک لەکلتووری حیزب و ڕێکخراوەکان و فەلسەفەو سیاسەتی حکومڕانی لەکوردستان تێک بشکێنرێ، بۆ ئەوەی ژن و گەنج لەناو پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی بەمانا قووڵەکەی جێگایان بێتەوەو بەشداری بکەن نەک بەشێوەیەکی شکڵی و تەنیا لەپێناوی ناودا! چونکە بەشداریپێکردن جیاوازە لەبەشداریکردن، بەشداری پێکردن دەتکاتە کاراکتەرێکی بێهێزو بێ دەسڵات، بەڵام بەشداریکردن دەتکاتە کاراکتەرێکی پڕجوڵەو کاریگەرو بە بەرهەم. 

با نموونەیەکی زیندوو بێنمەوە کام حیزب یان ڕێکخراو هەیە لەکوردستان بڕوای بەوە هەیە ژنێک ببێتە سەرۆکی؟ یان کام حیزب هەیە ژنێک بۆ سەرۆکی حکومەت کاندیدبکات؟ یان کام حیزب ئامادەیە گەنجێک بکاتە سەرۆکی حیزب یان سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکی پەرلەمان؟ باوەڕم وایە هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی و تێکڕا بە یەک دیدگا لەم پرسە دەڕوانن و باوەڕیان بەوە نیە ژن و گەنج بکەنە بەشێکی کاریگەرو گرنگ لەپرۆسەی سیاسی و حکومڕانیدا، بەڵکو تەنیا وەک ڕووخسار ئەم بابەتە دەبینن و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن! 


 کۆتایی ووتارەکە بەوە دێنم؛ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانن ڕۆڵی گرنگ لەبەرزکردنەوەی ئاست و کاریگەری بەشداری ژن و گەنج لەپرۆسەی سیاسی و حکومڕانی بگێڕن؛ بە مەرجێک ئەزموونی خراپی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان دووبارە نەکەنەوە، بەڵکو ڕەدی بکەنەوەو باوەڕ بەوە بێنن کە ژن و گەنج لەڕێگای بەشداری کارا لەناو پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، دەتوانن گۆڕانکاری گەورە بکەن و کاریگەری تەندروست جێبیڵن.

28/06/2026




وتارەکانی تری نوسەر