یەکێک لە گەورەترین ئەو تەڵە فیکری و ستراتیژیانەی دەسەڵاتی کوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە مانیفێستی کردووە، تێکەڵکردنی بە ئەنقەستی چەمکی(قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێم)ە لەگەڵ (حکومڕانیی حیزبی و بنەماڵەیی). دەسەڵات هەمیشە وای نیشان دەدات کە هەر ڕەخنەیەک لە نادادپەروەری و گەندەڵی، یان ملهوڕیی حیزبەکان، هێرشە بۆ سەر قەوارەی هەرێم و خیانەتە لە خوێنی شەهیدان، ئەوان قەوارەکە وەک "قەڵغانێکی بەردەم ڕەخنە" بەکاردێنن تا شەرعیەت بە مانەوەی خۆیان بدەن.
جۆن لۆک پینەکردنی ئەم واقیعەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. لۆک پێی وایە لە دۆخی سروشتیدا، هەمیشە مەترسی ئەوە هەیە کە مافی تاکەکان پێشێل بکرێت یان ناکۆکی توند دروست بێت.
ئەو پێی وایە کە دەوڵەت یان دەسەڵاتی سیاسی بۆیە دروست دەبێت تا مرۆڤەکان لە دۆخی سروشتی ڕزگار بکات. ئەمەش لە ڕێگەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییەوە دەبێت، کە تێیدا تاکەکان بەشێک لە ئازادیی خۆیان دەدەنە حکومەت، لە پێناو پاراستنی کەرامەت، ژیان و بژێوییان.
بەڵام کاتێک لە هەرێمی کوردستان، دەزگاکانی وەک پەرلەمان و حکومەت دەبنە کارتۆنی و بڕیاری ڕاستەقینە لە پشت پەردەوە سەرکردەی حیزب و بنەماڵەوە دەدرێت، ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە.
کاتێک دەسەڵات بە تەواوی دەزگاکانی دەوڵەت (دادگا، پۆلیس، پێشمەرگە، دارایی) بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و خێزانی قۆرخ دەکات، خۆی دەبێتە یەکەم هۆکاری داڕوخانی پەرۆشی و دڵسۆزیی خەڵک بۆ ئەو قەوارەیە.
ناتوانیت داوا لە هاوڵاتییەک بکەیت بەرگری لە قەوارەیەک بکات کە تێیدا کەرامەت و ئازادییەکانی پێشێل دەکرێت. بۆ هاوڵاتییەک کە مووچەکەی پاشکەوت دەکرێت و گەنجەکەی لەناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر لانی کەمی داواکاری گوزەرانی زیندانی دەکرێت، قەوارەکە لە تێڕوانینی جۆن لۆکەوە هێشتا لە (دۆخی سروشتیدایە). نەک لە ژێر سایەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیدا. لێرەدا دەگەینە بێهیواییەک کە هاوشێوەی وتەکەی ژان ژاک ڕۆسۆیە لە کتبێی "پەیمانی کۆمەڵایەتی"دا کاتێک دەڵێت، "مرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێت، بەڵام لە هەموو شوێنێک لەناو کۆت و زنجیردایە"
ئەم زنجیرە لە هەرێمدا بریتییە لە داخرانی ئاسۆکان، هیچ هاوڵاتییەک ژیانی پارێزراو نییە، دەیان و سەدان تاوانبار بەئازادانە دەسوڕێنەوە بەڵام ئەوەی بەدڵی دەسەڵاتی حیزبی نەبێت بەردەوام لەژێر هەڕەشەی لێپرسینەوەو گرتن و لێدان و لەناوبردندایە، بۆ ئەمەش نموونەی زۆر لەبەردەستدایە. کاتێک هاوڵاتی دەبینێت دەنگدان و گۆڕینی دەموچاوەکان هیچ لە جەوهەری سیستەمەکە ناگۆڕێت، چونکە هێزی ڕاستەقینە لای دەزگاکان نییە، بەڵکو لای چەک و پارە و هەڕەشەی حیزبییە. لە ژێر سایەی ئەم پێوەرانەدا، دەتوانین بڵێین کورد نەسەرکردەی هەیە و نە سیاسەتی نیشتمانی. ئەوانەشی شین و شیوەن بۆ مانەوەی ئەم واقیعە دەکەن، تەنها ئەو کەسانەن کە بەشێک لەو گەندەڵییەیان بەرکەوتووە و لەسەر ئەم دۆخە نادادپەروەریە دەلەوەڕێن. ئەوان باسی مەترسیی نەمانی قەوارەکە دەکەن، بەڵام خەمی نیشتمانیان نییە، بەڵکو ترسی نەمانی ئەو ئیمتیازات و ژینگە نادادپەروەرەیان هەیە کە تێیدا لە سەرووی یاساوە دەژین.
ئەوان شانازی بە دیموکراسییەتەکەی هەرێمەوە دەکەن کە تەنها لە سندوقی دەنگداندا کورتکراوەتەوە، لەکاتێکدا سندوقی دەنگدانەکەش لەبەر ساختەکاری و هەڕەشەو نانبڕین کەوتۆتە ژێرپرسیارەوە. دیموکراسییەتێک کە تێیدا تا سنوورێک ڕێگەت پێدەدرێت قسە بکەیت، بەڵام هیچ گوێیەک نییە بۆ بیستن، وەک ئەوەی قسەکردن تەنها ئامرازێک بێت بۆ بەتاڵکردنەوەی توڕەیی خەڵک و دروستکردنی شەرعیەتێکی ساختە بۆ ئۆلیگارشی خێزانی.
چاوەڕوانیی خەڵک بۆ وەرزی نوێی سیاسی، تەنها سوڕانەوەیە لەناو بازنەیەکی بەتاڵدا. ئەم وێناکردنە ئێمە دەچێتە ناو قووڵایی فەلەسەفەی عەبەسیەت و "ئەفسانەی سیزیف" لای ئالبێرت کامو.
سیزیف لەلایەن خوداوەندەکانەوە سزادراوە بەوەی بەردێکی گەورە پاڵ بنێت بۆ سەر لوتکەی چیایەک، بەڵام هەر کە دەگاتە لوتکە، بەردەکە خلۆر دەبێتەوە و ئەو دەبێت دووبارە لە سفرەوە دەست پێبکاتەوە.
پێکهێنانی حکومەتی نوێ و هیوای هەڵبژاردن لە هەرێمدا، ڕێک وەک ئەو بەردەی لێهاتووە، خەڵک بە ئومێدی گۆڕانکاری پاڵی پێوە دەنێن، بەڵام بەهۆی دوو زۆنی و قۆرخکاریی بنەماڵەیی، بەردەکە دەکەوێتەوە خوارەوە و تەنها ماندووبوون و بێهیوایی قووڵتر بۆ شەقام دەمێنێتەوە.
لەم کێشمەکێشەدا، بەشێکی گەورەی کۆسپ لەبەردەم گۆڕانکاریدا ئەو هێزانەن کە ناوی خۆیان ناوە "ئۆپۆزسیۆن". ئەوانە تیۆری (واقیعی ساختە)ی ژان بۆدیار پەیڕو دەکەن. سیاسەتیان لەسەر زەوییەوە گواستۆتەوە بۆ ناو شاشەکان، ئۆپۆزسیۆن بووەتە "پیشاندانی ناڕەزایەتی" نەک "کرداری ناڕەزایەتی". کارەکانی ئەوان لە سۆشیاڵ میدیا و ڕوونکردنەوەی فەیسبوک و بەیاننامەی بێ ناوەرۆک قەتیس ماوە، کە تەنها (توڕەیی خەڵک بەتاڵ دەکاتەوە) بەبێ ئەوەی ئاڕاستەی بکات. دەسەڵاتیش پێشوازی لەم جۆرە ئۆپزسیۆنە دەکات بۆ شەرعییەتدان بەو دیموکراسییەتەی پڕوپاگەندەی بۆ دەکات، دەسەڵات دەڵێت "ئێوە قسەی خۆتان بکەن و ئێمەش کاری خۆمان دەکەین".
ئەم ئۆپۆزسیۆنە ڕێک وەک کۆڵەکەیەک وەیە کە سەقفێک لەڕوخان دەپارێزێت، کار دەکات بۆ شەرعیەتدان بە سیستمەکە، بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن کە دەزانن یارییەکە پێشوەختە دیاریکراوە، پۆستی لاوەکی لە حکومەتە کارتۆنییەکەدا وەردەگرن، و بەمەش دەبنە بەشێک لەو "ماکیاجە" سیاسییەی تەنها ناشرینییەکانی دەسەڵات دادەپۆشێت. کاتێک ململانێ دەبێتە تەنها شەڕی میدیایی، دەسەڵات ترسی لێ نانیشێت، چونکە دەزانێت دەنگی ناو فەزای مەجازی هاوسەنگیی هێز ناگۆڕێت. وەک چۆن کارڵ مارکس دەڵێت، (فەیلەسوفەکان تەنها جیهانیان بە شێوازی جیاواز ڕاڤە کردووە، بەڵام مەبەستەکە گۆڕینی جیهانەکەیە).
ئۆپۆزسیۆنی کوردی تەنها دۆخەکە شیکار دەکات، بێ ئەوەی توانای گۆڕینی هەبێت، بەهۆی ئەوڕێگا هەڵەیەی لەسەری دەڕۆن، لەکاتێکدا دژن و لەکاتێکی کەشدا دەبنە برا و ڕیش سپی و هەندێک جاریش بەشداری دەکەن لەقاشکردنی کێکەکەدا.
ئەگەر سەیری مێژووی سەرکردە ڕاستگۆکانی جیهان بکەین، دەبینین ئەوان هەرگیز سازشیان لەسەر کەرامەتی گەل نەکردوە، چونکە تێگەیشتبوون کە گۆڕانکاری پێویستی بە گواستنەوەی فیکر هەیە بۆ ناو کرداری سەر شەقام.
مەهاتما غاندی دەیگوت "هەر کاتێک ڕووبەڕووی نادادپەروەری بوویتەوە، یەکەم ئەرکت ئەوەیە یاساکانی ڕەت بکەیتەوە."
بەڵام غاندی هێزێکی ڕاستەقینەی (یاخی بوونی مەدەنی) لە شەقامدا دروستکرد، تەنها پشتی نەبەست بە ووتاردان.
نێڵسۆن ماندێلاش کاتێک لە ئەفریقای باشوور ڕووبەڕووی ڕژێمی ئەپارتاید بووەوە و دواتر دەسەڵاتی گرتە دەست، بڕوای بە بونیادنانی دەزگای نیشتمانیی بێلایەن هەبوو، نەک دابەشکردنی دەستکەوتەکان بەسەر بنەماڵە و خێڵەکاندا، ئەو دەیگوت (مەزنیی نەتەوەیەک لەوەدا نییە کە سەرکردەکانی کێن، لەوەدایە کە دەزگاکانی چەندە دادپەروەرن).
ئەم وتەیەی ماندێلا ڕێک پێچەوانەی واقیعی قەوارەی هەرێمە کە تێیدا هەموو شتێک لە بەرژەوەندی دوو حیزب و دوو دەسەڵات و دوو خێزان و دوو زۆندا کورتبووەتەوە. گۆڕینی وەزیرەکان یان ڕێککەوتنی نوێی نێوان دوو زۆنەکە، تەنها وەک ماكیاجکردنی دەموچاوێکی مردوو وایە. هەتا ئەو کاتەی "چەک و پارە و بڕیاری سیاسی" لە دەستی حیزب و بنەماڵەدا بێت، هاوڵاتی هەر لەناو ئەو بازنە بەتاڵەی سیزیفدا دەمێنێتەوە.
کاتێک ماندێلا و غاندی گۆڕانکارییان کرد، تەنها ڕەخنەیان لە دەسەڵات نەگرت، بەڵکو بەدیلێکی ئەخلاقی و ڕێکخراوەییان پێشانی کۆمەڵگەدا، کە متمانەی خەڵکی بۆ گەڕاندنەوە. لە کاتێکدا کە لە هەرێمی کوردستان، شەقام لە نێوان دوو جەمسەری کوشندەدایە، یان بێهیوایی قووڵ و دانیشتن لە ماڵەوە، یان هاوارکردن و بەتاڵکردنەوەی توڕەیی لە فەزای مەجازیدا.
لەم زۆنگاوی ناعەدالەتی و ملهوڕی و گەندەڵییەدا، داواکردن لە خەڵک بۆ پارێزگاری لە قەوارەیەک کە لەسەر بنەمای هەڕەشە، کوشتن و گەندەڵی بنیادنرابێت، کارێکی زۆر قورس و مەحاڵە. حەزمان دەکرد ئێستا بە هەزاران خەڵک بهاتنایەتە سەر شەقام و بەرگریان لە هەرێمی کوردستان بکردایە، بەڵام ئەوە تەنها لە ژێر سایەی حکومڕانییەکی ڕەشید و دادپەروەردا بەرجەستە دەبێت، نەک لەم واقیعە پڕ لە چەوسانەوەیەدا. گەورەترین گرفت لێرەدا ئەوەیە کە "هێزی سێیەم" یان جێگرەوەیەکی نیشتمانیی ڕاستەقینە نییە کە بتوانێت متمانەی خەڵک بەدەست بێنێتەوە و چەمکی نیشتمانپەروەری لە چەمکی حیزبپەروەری جیا بکاتەوە.
ئایا لە کایەیەکی ئاوا قۆرخکراودا، هێشتا هیوایەک ماوە بۆ دروستبوونی جوڵانەوەیەکی مەدەنی یان ڕووناکبیریی ڕاستەقینە کە بتوانێت ئەم بەردەی سیزیف لە لوتکەدا ڕابگرێت؟
یان مێژووی ناوچەکەو ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی بەڕێوەیە بە ئاڕاستەیەکی جیوپۆلەتیکی تردا دەڕوات کە بە تەواوی لە دەرەوەی ئیرادە و کۆنترۆڵی فاکتەری ناوخۆییدایە ؟