عەبدولەتیف و ئارەزو و دەزگا

د. سه‌ردار عه‌زیز

کەیسی د. عەبدولەتیف کەیسێکی ئاسایی نیە، لە زۆر ڕوەوە لە هەمان تاوانی قەشە مەسیحییەکان دەچێت لە کڵێسەکانی ڕۆژئاوا. لێرەدا گرنگە ئەم پرسە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە ببینرێت، نەک بۆ ئەوەی عەبدولەتیف بناسین بەڵکو بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی کەسێک دەتوانێت لە پێگەیەکی وەهادا بە کاری لەوجۆرە هەستێت؟
ئارەزوی مرۆڤ بێ سنورە. مەدەنیبون یان کۆمەڵگاییبون، سنوردارکردن و ڕێکخستنی ئارەزووە. بۆ ڕونکردنەوەی بێسنوری ئارەزوو، چیرۆکێک هەیە کە ئەم پرسە ڕون دەکاتەوە، دەڵێن جارێک لە کەسێک دەپرسن؛ ئایا چەندێک پارەت هەبێت بەسە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، هەمیشە بڕێک زیاتر لەوەی کە هەتە. بەو مانایە ئەگەر ملیونێکت هەبێت، بیکەی بە ملیون سەد هەزار باشترە، ملیون و سەدت هەبێت بیکەی بە ملیون و دوو سەد باشترە. 
لە ڕاستیدا ئەمە کرۆکی فەلسەفەی دۆلۆزە، بە جۆرێک دۆلۆز دەڵێت دەبێت ئارەزوو لە هەناو سیستەمی سەرمایەداریدا هێندە هانبدەین، هەتا ئارەزوی مەرگی دەکات. خۆتان دەزانن کە سیستەمی سەرمایەداریی و بازاڕ لە سەر بنەمای ئارەزوو هەڵدەسوڕێت.
قەشەکانی کڵێساکان، وەهایان لە خۆیان دەڕوانی کە ئەوان هێندە پێگە و پیرۆزی و دەسەڵاتیان هەیە کە خەڵکی و یاسا لێیان ناپێچننەوە. ئەم باوەڕە دونیایەکی لەلا دروستکردبوون کە دەکرێت ئەوەی ئارەزوی دەکەن بیکەن، چونکە لێپرسیننەوە لێیان مەحاڵە. دیارە دۆخێکی وەها زیاتر هانی ئارەزوی مرۆڤ دەدات.
سروشتی ئارەزوو وەهایە کە هەتا زیاتر سنورەکان ببەزێنێت زیاتر چێژ دەچێژێت. بۆیە ئەگەر کەسێک سنوری نەبێت، لە ئەنجامدا دەبێتە ئاژەڵ. (لێرەدا ئاژەڵ بەمانای کۆمەڵایەتی بەکاردەبەم، نەک زیندەوەر، چونکە زۆربەی ئاژەڵان سنور و ڕێسای تایبەتیان هەیە).
لەم ڕەوەوە عەبدولەتیف پیرۆزی و پێگە و دەزگای هەبوو لە گەڵ پشتیوانیدا، کە وەهای لێدەکات سنور بۆ ئارەزوەکانی شل کات. لێرەوە ڕۆڵی یاسا و دەزگا و سزاو و لێپیچینەوە دێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە سزادانی ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگی هەیە، نەک بەوەی ئەو خۆی سزا دراوە، بەڵکو پەیامی ئەوە بدرێت کە کرداری لەو جۆرە بەبێ سزا تێناپەڕێت.
ئەم کەیسە گرنگە بە تایبەتی لە ڕوی دەزگاییەوە، چونکە؛
یەکەم، کاتێک کەسێک لە پێگەیەکدایە، یان ڕۆڵێک دەبینێت، دەبێت وەها بیر لەخۆی بکاتەوە کە هەوڵیداوە، هەتا بیسەلمێنێت بۆ کۆمەڵگا، کە شایستەی ئەو ڕۆڵ پێگەیەیە. نەک لە بەر خۆدی خۆی. 
دووەم، ئەو ڕۆڵ و پێگەیە، وەک متمانەیەکە کە بەخشراوە بە کەسەکە نەک لەبەر تایبتمەندی ئەو، بەڵکو لەبەر هەوڵ و تواناکانی.
سێیەم، بۆیە هەوڵ و تواناکان بۆ ئەوە نین بۆ مەبەستی ئارەزوی شەخسی بەکاربێت 
چوارهەم، ئەمە تایبەت نیە بە هیچ مرۆڤێکەوە، بەڵکو هەموو مرۆڤێک توانا و خواستی ئەوەی تیادایە کە ئەگەر بگاتە باوەڕێک کە کەس دەستی پێناگات، ئەوا خۆی لە سەروی ئەوانیترەوە دەبینێت و نامرۆڤانە دەسەڵاتەکەی پیادەدەکات. 
پێنجەم، متمانە کرۆکی دەزگا و بەڕێوەچونیەتی. ڕەفتاری بێسنور کۆتایی بە متمانە دەهێنێت. دەزگا بەبێ متمانە لە دەزگابوون دەکەوێت. چونکە پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵگادا دەپچڕێت، بۆیە پشتیوانی و ناوەکییکردن لە دەست دەدات.
لە سەروی هەموو ئەمانەوە پرسێکی تری ئاڵۆز هەیە ئەویش خۆ پیرۆزکردنە. کەس پیرۆزنیە، بەڵام هیچ هێندەی خۆپیرۆزکردن کاریگەرنیە لە سەر گەوجاندنی کۆمەڵگا و خودیش. یەکێک لەو گەندەڵانەی کە لە بەغدا دەستگیرکراوە، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیونیدا هاواری دەکرد، دوای عەلی کوری ئەبوتالیب کەسی تری وەک من پاک نیە. دیارە هەڵوەشاندنەوەی دەربڕینەکە خۆی ڕوونە کە درۆ و خەڵک فریودان و خۆفریودان بوو. 
دەبێت ڕێساکە وەها بێت: ئەوەی پێگەیەکت بۆ بە دەست دەهێنێت، تواناتە. ئەوەی لە پێگەکەدا دەتپارێزێت ڕەفتارتە. 

01/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر