دوو ڕێکەوتن!
دوو ڕێکەوتن، ئەڵێی سێوێکن بوون بە دوو کەرتەوە. یەکیان ئەوەی دەباشان، کە لە نێوان تاڵەبانی باوک و نەوشیروان مستەفا، یان باشتر بڵێم یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، و ئەمەی شاری جوانیش لەنێوان تاڵەبانی کوڕ و شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ.
بیرەوەرییەکانی هەڵبژاردن!
لە دوای ساڵی ١٩٩٢ەوە، یەکێتی و پارتی وەک دوو ڕکابەری سەرەکی لە هەڵبژاردنەکاندا بە هیچ شێوەیەک هێزی جەماوەری خۆیان تاقی نەکردبووەوە. لە یەکەم ڕکابەریدا، یەکێتی و پارتی هێزی خۆیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم، لە ساڵی ٢٠٠٥، بۆ یەکەم جار بە لیست و کاندیدی جیا ڕووبەڕووی یەکتری بوونەوە.
لەو هەڵبژاردنەدا، یەکێتی لە کۆی دەنگی بەشداربووان، بە ٢٤٠٢٦ دەنگ لە پێش پارتییەوە بوو. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، لە کۆی ژمارەی کورسیی بەدەستهاتوو، پارتی پێش یەکێتی کەوت، بە هۆی ئەوەی کە ژمارەی کورسیی پارێزگاکان ٤١ کورسی بوو بۆ هەر پارێزگایەک. هەربۆیە، پارتی بوو بە خاوەنی ٦١ کورسی، بەرانبەر بە ٤٨ کورسی بۆ یەکێتی.
ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە دانیشتوانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەو کاتەدا بە ١.٨ ملیۆن مەزەندە دەکرا، کە دوو هێندەی پارێزگای دهۆک و نزیکەی نیو ملیۆن لە پارێزگای هەولێر زیاتر بوو، بەڵام هەر وەک ئەوان ٤١ کورسی بۆ تەرخان کرابوو. هەر بۆیە، لە کۆی کورسیی بەدەستهاتووەکانی پارتی، بە تەنها لە دهۆک، پارتی ٣٣ کورسی بە کەمترین دەنگ بەدەست هێنا.
کورتەی ئەم گێڕانەوەیە بۆ ئەوە بوو کە پێتان بڵێم، لە دوای هەموو شکست و شەڕی براکوژی و کارەساتەکان، و لەگەڵ هەموو دەستێوەردان و فێڵ و تەڵەی هەڵبژاردنەکان، هێشتا جەماوەری دەنگدەر هەر یەکێتی لای پەسەنتر بوو تا پارتی. ئەمەش شتێک بوو کە پارتی، لە هەمووان زیاتر، تێی گەیشت کە دەبێ ئەم پارسەنگیی هێزە، بە هەرچ نرخێک بێت، لا سەنگ بکرێتەوە.
کورسییەکەی مام جەلال
لە کۆتایی نەوەدەکان، ئەو کاتەی پڕۆسەی ئاشتی نێوان پارتی و یەکێتی خەریک بوو شکڵی دەگرت، لە کۆبوونەوەیەکی مام جەلال لەگەڵ کادێرانی پێشکەوتووی یەکێتی، لە هۆڵی شەهید شەهاب لە بارەگای مەڵبەندی سلێمانی، بەشدار بووم.
مام جەلال وتی: «ڕازی بووین بەوەی کە بەرانبەر بە ئاشتی، واز لە هەموو ئەو داهات و پارانە بهێنین کە بە درێژایی ئەم ساڵانە پارتی لە ئیبراهیم خەلیل کۆی کردبوونەوە.»
بوو بە هەڵا لە نێو هۆڵەکە و مام جەلال وتی: «شەڕتان دەوێ، فەرموون چەک هەڵبگرن با پێشتان بکەوم.»
لە درێژەی وتەکانیدا وتی: «دوای ئەوە، لە سەردانەکانی وەفدی پارتی بۆ سلێمانی، پێیان ڕاگەیاندووین کە داوای پارەی چی ئەکەن؟ خۆ سلێمانی گەلێ لە هەولێر و دهۆک پێشکەوتووتر و ڕازاوەتر و گوزەرانیش باشترە.»
ئەم جیاوازییە و جیاوازیی دەنگەکانی یەکێتی و پارتی، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ پارتی.
هەر بۆیە ڕێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی و پارتی، خولیای مام جەلال بۆ کورسی سەرۆکایەتی عێراق و ڕادەستکردنی کلیلی دەسەڵاتی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئابوری لە هەرێم، لە سەر سینییەکی زێڕ بە بارزانییەکان، بووە هۆی دواخستن و پاشکەوتنی سلێمانی و گەشەسەندن و پێشخستنی هەولێر. هەروەها بووە هۆی ئەوەی پارتی نەک یاری لە ماڵی خۆیدا دەکرد، بگرە وردە وردە دەستی لە ناو هەناوی یەکێتیش وەردەدا و، لە ڕووی کاری سیخوڕیشەوە، چالاکییەکانی خستبووە گەر بۆ کڕین و ملکەچکردنی سەرکردە باڵادەستەکانی یەکێتی، ئەوانەی دواتر ناونران پڕۆپارتییەکانی نێو یەکێتی.
دەرئەنجام!
دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە خۆکووژییانەی یەکێتی، کێشە کەوتە ناوماڵی یەکێتی و سلێمانی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووەوە پاشکەوتن و ناڕەزایەتییەکانیش ڕوو لە هەڵکشان بوو. تا دواجار زەمینەی جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان و دوو لەتبوونی هێز و سەنگی سلێمانی و ڕووداوەکانی دواتری لێ کەوتەوە.
ڕێکەوتنی دەباشان و مەرگی تاڵەبانی و دواتر نەوشیروان و پاشقوڵی پڕۆپارتییەکان!
دواجار و دوای هەڵکشان و داکشانێکی زۆر لە پەیوەندییەکانی بە هاوخەباتەکەیەوە، مام جەلال هەست بەو مەترسییە دەکات کە بە هۆکاری ڕێکەوتنی ستراتیژی و کورسی سەرۆکایەتی لە بەغدا و ڕادەستکردنی تەواوی ئیدارە و ئیرادە و ئابوری و دەسەڵاتەکانی هەرێم بە بارزانییەکان، چ زیانێکی گەیاندووە.
ڕێکەوتنی دەباشان و پاشقوڵی پڕۆپارتییەکان!
بەر لە ڕێکەوتنەکەی دەباشان، مام جەلال لە ناو ماڵی پارتی لە هەولێر، لە سەر مەزاری شەمسەدین مفتی و بە بەرچاوی فازڵ مەتنییەوە، تانەیەی گرتە مەلا مستەفا و فازڵ مەتنیش بە شایەتحاڵ گرت، بەوەی کاتێ ئەمان شۆڕشیان دەست پێکرد، مەلا مستەفایان بە تەکلیف هێنایەوە تا بیکەن بە سەرۆکی جووڵانەوەکە. ئیتر لێرە بە دواوە، مام جەلال وردە وردە لە هاوخەباتەکەیەوە نزیک بوویەوە، تا دواجار و بەر لەوەی جەڵتەی مێشک لێی بدات، ڕێکەوتنی دەباشانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا واژوو کرد. ئەم جەڵتەیە، جگە لە وەستانی مێشکی سەرکردەیەک، بووە مایەی ئیفلیجکردنی ڕێکەوتنی دەباشان و دواتریش مەرگی مام جەلالی بە سەردا هات و، وەک ئەو پەندەی ئەڵێ کە: «پشیلەی لێ نەما، مشک تلیلییەتی»، پڕۆپارتییەکانی ناو یەکێتی بۆ نزیکبوونەوە لە سەری ڕەش، پشتیان کردە گۆڕان و کەوتنە هەلەکە سەما.
مەرگی دوو ڕکابەر بۆ بارزانی بووە مایەی خۆشبەختی یان بەدبەختی؟
گەر مەرگی ئەم دوو سەرکردەیە چەند ساڵێک دواکەوتایە، ڕەنگ بوو ڕێکەوتننامەی دەباشان وەک خۆی جێبەجێ بکرایە و ئەو کات پارتی بە ٣٨ کورسییەوە، بەرانبەر بە ٤٢ کورسی پارلەمان، ئیتر باڵادەستی و بڕیاری یاسا دەرکردنی لە دەست دەدا. ئەوەی دەبوو بە مەترسیی ڕاستەقینە بۆ پارتی، ئەو یاسایانە بوو کە هەم یەکێتی لە سەر بنەمایان دامەزراوە و هەمیش گۆڕان بەو دروشمانە دەستی پێکردبوو. ئەو یاسا و ڕێسایانەی دەچوونە خزمەتی دیموکراسی و ئازادی و سەروەری دادگا و ئازادیی بیروڕا دەربڕین و کرانەوە، یاساگەلێک بوون کە بەر لە هەر حزبێک، پارتی پێیان دەترسا. بارزانییەکان لە دوای مەرگی تاڵەبانی و مستەفا هەلیان قۆستەوە بۆ زیاتر هەلاهەلاکردنی بلۆکی سەوز-نیلی، کڕینی کەسایەتی و سەرکردە و ڕۆژنامەنووس و نووسەر و چالاکوان، ئاراستەکردنی ڕاگەیاندن بە چاک و خراپ دژی ئەم دەڤەرە و ڕەمزەکانی و تا گەیشتن بە تەواوی ڕووداو و بوومەلەرزە و هەڵکشان و داکشانە سیاسییەکانی ئەم دەڤەرە، بەرانبەر بە ڕاگرتنی ئارامییەکی سەپاو بە سەر هەولێر و دهۆکدا.
ڕێکەوتنی نەوەی تاڵەبانی، نەوەی نوێ!
لە ڕێکەوتنی دەباشاندا، نەوشیروان مستەفا وتی: «عیبرەتی ئەم ڕێکەوتنە لە ئیمزاکردنی نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردنیدایە.» ئەمڕۆش شاسوار عەبدولواحید وتی: «گرنگی ئەم ڕێکەوتنە لە جێبەجێکردنیدایە، دەنا تەنها دەبێتە مەرەکەبی سەر کاغەز.»
ئەوەی گرنگە لێرەدا لەبەرچاوی بگرین لەم وتارە و ڕێکەوتنانەدا، ئەوەیە کە دەتوانم لەم خاڵانەی خوارەوە چڕیان بکەمەوە:
١- پارتی هێندەی براوەی یاریی سیاسی و یاریی هەڵبژاردن و یارییە نێودەوڵەتییەکان و ڕکابەرییە نابەرابەر و ناشەریفانەکان بوو، بەرانبەر یەکێتی و بزووتنەوە و جووڵانەوەکانی ناوچەی سلێمانی و دەڤەری سەوز-نیلی-پرتەقاڵی، هێندە براوەی پەیڕەو و پڕۆگرام و هەڵوێستە نشتیمانی و خزمەتگوزاری و ڕکابەرییە یاسایی و ئاساییەکان نییە.
٢- لە ١٩٩٢ەوە پارتی هەوڵی گەشەکردنی خۆی و لەناوبردنی تەواوی ڕکابەرەکانی دەدات لەم ناوچانەدا و، بەڵام هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ، نە پارتی لەم ناوچانە گەشەی کردووە و نە کۆی دەنگە دابەشبووەکانی ڕکابەرەکانی کەمی کردووە.
٣- ئەگەرچی تەواوی حزبەکان، لە یەکێتییەوە تا پارتی و هەرچی کەوتۆتە نێوانیانەوە، پشکدارن لە هەموو کارەساتە سەربازی و ئابوری و سیاسییەکانی هەرێم، بەڵام ئەگەر حزبەکان لە ڕووی سزای جەماوەر و ئاڵوگۆڕی هێز و گۆڕانی باڵانسەوە بە سەر پادار و بێپایەکان دابەشیان بکەین، ئەوا پارتی پادارە و تەواوی ئەوانی دیکە بێپان. هەر بۆیە، پارتی پشکی شێری لە چەقباستوویی پڕۆسەی سیاسی و یاسایی و دیموکراسی و دەستوری و ئیداری و ئابوری بەردەکەوێ. هەر بۆیە، هەتا پارتی وەک جەمسەرێکی نێگەتیڤ نەخرێتە ژێر ڕکێفی گۆڕانکارییەوە، هەرێمی کوردستان لە چەقبەستوویی ڕزگاری نابێت. دەنا، تەواوی حزبەکانی دیکە پاروویەکی ئاسانن لە بەردەم سزادانی جەماوەر.
٤- یەکێتی هێزێکی کاریگەر و چەقی بیرکردنەوەیە لە گۆڕانکاری لە هەرێمدا و هەرچی ڕێکەوتنە گەورەکانە لە هەرێم، هەمیشە لایەکی یەکێتیی بووە. هەر بۆیە، بەوەی پارتی بیری لە لاوازکردن یان لەناوبردنی یەکێتی کردبێتەوە، دواجار بە زیانی خۆی شکاوەتەوە. دەبوو پارتی هێندەی خۆی ئارەزووی مانەوەی یەکێتی بکردایە، دەنا ئەوەی بۆ یەکێتی هەڵدەکەوێ لە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەوانی دیکە، بۆ پارتی هەڵناکەوێت. چونکە پارتی هەموو ڕکابەرێک لە سنووری خۆی ڕەت دەکاتەوە و سیستەماتیک لێی دەدات، بۆیە سەرجەم جەمسەرەکان ئاسان یەک دەگرن دژ بە پارتی، نەک پێچەوانەکەی.
ماوەوەتەوە بڵێم، ئەگەر ڕێکەوتنی ستراتیژی تاڵەبانی باوک لەگەڵ پارتی بۆ یەکڕیزی و یەکڕەنگی و پەنجا بە پەنجای دەسەڵات و داهات بووبێ، ئەوا ڕێکەوتنی دەباشانی تاڵەبانی باوک و نەوشیروان مستەفا بۆ کۆتاییهێنان بوو بە هەژموونی سەپێنراوی پارتی، بەڵام مەرگی یەک لە دوای یەکی دوو ڕکابەرەکەی بارزانی و خیانەتی پڕۆپارتییەکان لەباریان برد.
ئەگەرچی لێرە و لەوێ بە گاڵتەجاڕییەوە باس لە هەڵسوکەوتەکانی تاڵەبانی کوڕ دەکرێ و جاروبار شاسوارەکەش بە سوارێکی گلاو وێنا دەکرێ، بەڵام پێ دەچێ هەموو عیبرەتەکانی ئەو سەرکردە ڕکابەرانەی پارتی پێش خۆیان لە هەگبەی ڕێکەوتنەکەی شاری جواندا کۆکردبێتەوە. ئەوەی سیاسییە موخەزرەمەکان بەرانبەر بارزانییەکان پێیان نەکرا، تۆ بڵێی لەم بارودۆخەی ئەمڕۆماندا بەم دوو سەرکردە گەنجە بکرێ؟ ئەوەی بۆ من گرنگە ئەم هەنگاوە بەرانبەر پارتی سەربگرێ و پارتی مل بدات بۆ داواکانیان. هەم هەرێم لە چەقبەستوویی ڕزگار دەکات و هەمیش کوردستان یەک ڕەنگ و یەک جوگرافیا و، دواجاریش، بەرەو یەک سوپا و یەک کاسەیی دەبات. یەکێتی و نەوەی نوێش، جگە لە قازانجی سیاسی، باوەڕ ناکەم قازانجی دارایی و سەربازی لێ بکەن، دەنا هەر لە ڕێوە سیحرەکەیان بەتاڵ دەبێتەوە.