سیاسەتی گۆڕاو و جوگرافیای نەگۆڕ

ئاریان فەرج

بەشداریکردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمی ئەسپاردەکردنی ڕابەری شەهیدی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵلا خامەنەئی، تەنیا بەشداربوون لە ڕێوڕەسمێکی نەریتی و ئایینی و بەجێگەیاندنی ئەرکێکی هاوسێیەتی نەبوو؛ بەڵکو تەتویجکردنی ئەو دۆکتەرین و دیدگا ستراتیژییە حەکیمانەیە بوو کە مێژوویەکە وەک پرەنسیپێکی نەگۆڕ پەیڕەوی دەکات؛ دیدگایەک کە بنەماکەی لەسەر "هاوسەنگیی هۆشیارانە"، "پاراستنی پەیوەندیی دراوسێیەتی" و هاوکات پاراستنی ئاسایشی هەرێم و تێگەیشتن لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی دراوسێکان بونیاد نراوە.

ئەم دۆکتەرینە لە گەرمەی شەڕی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلدا، کاتێک ناوچەکە لەسەر لێواری گڕکان بوو، تاقیکرایەوە و ڕاستەڕێی و دروستیی خۆی سەلماند. 

ئەو دەم سەرۆکی هەرێم بە دووربینییەکی نیشتمانی و خەمخۆرانەوە ڕێگەی نەدا خاکی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان یان پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەو بەم هەڵوێستە عەقڵانییە، هەم کوردستانی تا ئەندازەیەکی زۆر لە ئاگری ئەو شەڕە ماڵوێنکەرە پاراست و هەم پرەنسیپی دۆستایەتیی لەگەڵ تاراندا وەک دراوسێیەکی گرنگ و کاریگەر هێشتەوە.

نەیارانی کورتبینی ئەم دیدگایە پێیان وابوو بێلایەنی لەم جۆرە هاوکێشە ئاڵۆزانەدا پێگەی هەرێم لاواز دەکات؛ دەیانویست کورد سەرکێشانە و بێ خوێندنەوەی عاقیبەت و بێباک لەوەی چی بەسەر کوردستان دێت، خۆی لە جەنگەوە بگلێنێت. بەڵام ڕووداوەکان زۆر زوو سەلماندیان کە دیدگای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە "بێلایەنیی ئەرێنی"، واتە نەگۆڕینەوەی دراوسێیەتیی ئێران بە ڕق و دوژمنایەتی، هاوشانی هێشتنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ واشنتۆن، بۆ مانەوە و پاراستنی هەرێمی کوردستان لە کارەسات و زیانی کەمەرشکێن، سیاسەتێکی حەتمی و بێ بەدیل بوو. لە کۆتاییشدا هەر ئەو سیاسەتە بووە جێی ڕێز و تەقدیری هەموو لایەک، بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە، کە بینیمان بە چ ئاستێکی باڵا و دۆستانە پێشوازییان لە سەرۆکی هەرێم کرد.

ئەم سیاسەتە سازندەیە لەسەر ئەو بنەما لۆژیکییە دامەزراوە کە سیاسەت دەگۆڕێت بەڵام جوگرافیا جێگیرە؛ ئەمریکا دەکرێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، بەڵام ئێران وەک دراوسێیەکی هەمیشەیی ئەم هەرێمە دەمێنێتەوە. بۆیە حیکمەت و ژیری لە پاراستنی هاوسەنگیی نێوان سیاسەت و جوگرافیادایە؛ لە گرتنەبەری دیپلۆماسییەکی هێمن، ڕاشکاو و متمانەبەخشدایە کە بەرژەوەندییە باڵاکان لەسەرووی لایەنگرییە کاتییەکانەوە دادەنێت و قومارکردن بە ئاسایش و ئایندەی کوردستانەوە بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە. ئەمەش ڕوانگەی نەگۆڕ و ڕەسەنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانییە.

03/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر