بڵاوکردنەوەی کارو پرۆژەکانی حکومەت: ڕەخنە!

د. سه‌ردار عه‌زیز

کابینەی نۆیەم پوختەیەک لە کارەکانی بڵاوکردوەتەوە. لێرەدا لە سایەی فەلسەفەی بودجە و حوکمرانی دیموکراسی و شەرعی هەڵسەنگاندێکی بۆ دەکەم.

یەکەم، ئەم کارانەی کە ئەنجامدراون، جێگای خۆشحاڵی و دەستخۆشین، بەڵام لە میانەی چ پلان و دید و بودجەیەکدا ئەنجامدراون؟
دووەم، نەبونی بودجە، وەها دەکات ئێمە نەزانین بۆچی ئەم کارانە ئەنجامدراون. لێرەدا گرنگی بودجە باس دەکەم نەک تەنها وەک دۆکیومێنتێکی پڕ لە ژمارە، بەڵکو وەک بەشێکی سەرەکی لە عەقلانیەتی حوکمکردن.

بودجە بریتیە لە بەیانکردنی نیازی دەسەڵاتدار لەوەی کە چۆن لە گەڵ داهاتی گشتیدا مامەڵە دەکات. بڵاوکردنەوەی ئەم پلانە، دەرخەری ئەوەیە کە حوکمرانی لە سەر بنەمای شەرعیەتی خەڵک دەکرێت، نەک خواستی کەسێک یان گروپێک. 

سێیەم، بودجە لە ڕێگای خەڵک نوێنەرانی خەڵکەوە شەرعیەت وەردەگرێت. ئەو کاتە ئەنجامدانی هەر پرۆژەیەک وەک وەڵامدانەوەی خواستی خەڵک دەبێت نەک وەک ئینجازی کەسێک یان تیمێک.

چوارهەم، بودجە وەک پلانی سەرەتایی دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی پاشان بتوانین ئۆدیت یان تەدقیق بکەین. بۆیە بڵاوکردنەوەی ئەم پرۆژانەی ئێستا ناتوانرێت ئۆدیت بکرێت چونکە نازانین سەرەتا پلانەکان چی بوون، چەندێکیان لێ جێبەجێکراوە، بۆ، و چۆن و زۆر شتی تر.

پێنجەم، لە کاتێکدا هەموو حکومەتێک مافی خۆیەتی نمایشی کارەکانی بکات، بەڵام بۆ ئەوەی عەقلانی و دیموکراسی و شەرعی بێت، دەبێت نمایشی کارەکان وەها بێت کە وەڵامدەرەوەی خواسی و داواکاریی خەڵکی و کۆمەڵگا بێت، هەتا پرۆسەیەکی دانوستانی و پەیوەندی لە نێوان خەڵک و حکومەتدا دروست بکات. ئەو پەیوەندییە کە دەبێتە بنەمای شەرعیەت و سەقامگیریی و قبوڵکردن.

شەشەم، لە مۆدێلی چینییەوە فێر دەبین کە ژێرخان، تەنها ژێرخان نیە، بەڵکو هەموو پرۆژەیەک سیاسییە. بۆ کۆمەڵگای کوردیی وەها باشترە دیموکراسی بکاتە بنەما نەک گەشە یان دیڤۆلۆپمێنت. گۆڕینی گەشە بە دیموکراسیی زیانی زۆرە. ئەو ئیدیعایەی کە دەڵێت خەڵکی خزمەتگوزارییان دەوێت نەک ئازادی، مێژوی جیهان چەندین جار هەڵەبونی سەلماندوە. خەڵکی ئازادی و خزمەتگوزاریشییان دەوێت. 
حەوتەم، بڵاوکراوەکە هاواری ئەوە دەکات: بزانە چیم بۆ کردوون، بەڵام سەردەمیانەتر دەبوو ئەگەر ئەو پەیامەی بگەیەندایە، کە ئەو پلان و پرۆژانەی پێکەوە لە سەر ڕێکەوتین، چەندێکمان جێبەجێکردوە. ئەو کاتە حکومەت دەبووە ئەو ناوەندەی کە لە لایەن خەڵکەوە ڕاسپێرداروە بۆ ئەنجامدانی کارەکان.

11/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر