مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەردەوام لەژێر سایەی هاوکێشەیەکی
پڕ لە کێشمەکێشدا بووە؛ ناکۆکی و ململانێی نێوان دوو هێزە باڵادەستەکە (پارتی دیموکراتی
کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ڕووخسارە هەرە دیارەکەی ئەم هاوکێشەیەیە.
ئەم پەیوەندییە کە بەردەوام لەنێوان ساردوسڕییەکی بێدەنگ و گرژییەکی گەرمدا هاتوچۆ
دەکات، تەنیا بازنەیەکی داخراوی نەهامەتی بۆ هاووڵاتیان بەرهەم هێناوە.
لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە؛ ئەویش ئەوەیە
کە تەنیا و تەنیا خەڵکی کوردستان باجی گرانی ئەم ناکۆکییانە دەدەن، لە کاتێکدا هێزە
هەلپەرستەکان و کاراکتەرە پۆپۆلیستەکان ئەم دۆخە نالەبارە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی
خۆیان دەقۆزنەوە.
کاتێک پارتی و یەکێتی ناتوانن لەسەر پرسە نیشتمانی و ستراتیژییەکان
بگەنە خاڵێکی هاوبەش، دامەزراوەکانی دەوڵەتداری لاواز دەبن و گوزەرانی خەڵک دەکەوێتە
مەترسییەوە. دیارە دەرەنجامی ئەم گۆمە لێڵە، تەنیا پەککەوتنی جومگەکانی حوکمرانی نییە،
بەڵکوو ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ سەرهەڵدانی جۆرە هێزێکی نوێی هەلپەرست کە ڕووخساری
ساختەی خۆی لەودیو دەمامکی ئۆپۆزسیۆنەوە حەشار داوە.
ئەم هێزانە، لەبری پێشکەشکردنی پرۆژەی ڕاستەقینە و بنیاتنەر
بۆ ڕزگارکردنی وڵات لە قەیرانەکان، مەلە لەناو ئاوی لێڵی ناکۆکییەکاندا دەکەن. ئەوان
لەسەر سۆزی برینداری خەڵک و تووڕەیی شەقام دەژین، بە بڵاوکردنەوەی دروشمی بریقەدار
و پۆپۆلیستی، پێگەی سیاسیی خۆیان بەهێز دەکەن، ئەمەو بێ ئەوەی هیچ چارەسەرێکی کردەییان
پێ بێت.
بەردەوامیی ناکۆکیی نێوان جەمسەرە سەرەکییەکانی دەسەڵات،
سووتەمەنی ڕاستەقینەیە بۆ مەکینەی هێزگەلی سیاسیی هەلپەرست و کاراکتەری پۆپۆلیست؛
چونکە ئەوانە تەنیا لەناو فەوزا و ململانێدا دەتوانن گەشە بکەن. ڕاستیی پێدراوەکانیش
پێمان دەڵێن کە ئەم بازنە خولاوەیە؛ پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە.
بۆیە ئەگەر پارتی و یەکێتی لەم قۆناغە هەستیارەدا درک بە مەترسییەکانی
داهاتوو نەکەن، بەردەوامیی ناکۆکییەکانیان دەرهاویشتە و لێکەوتەی مەترسیدارتری دەبێت.
چونکە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە نەک هەر قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان قووڵتر دەکاتەوە،
بەڵکوو ڕەوایەتی و پێگەی قەوارەی هەرێمیش دەخاتە بەردەم هەڕەشەی جیددی. لە لایەکی
تریشەوە، ڕێگا بۆ هێزە هەلپەرست و پۆپۆلیستە دەرفەتخوازەکان خۆش دەکات تا زیاتر جڵەوی
شەقام بگرنە دەست و بەسەر پشتی قەیرانی سیاسی
و پشێویی کۆمەڵایەتیدا بپەڕنەوە.
لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە پارتی و یەکێتی لەوە تێ بگەن کە کێشەکانیان
خزمەت بە هیچ لایەکیان ناکات، بەڵکوو تەنیا و تەنیا زەمینە بۆ نەیارەکانیان و
کاراکتەرە پۆپۆلیستەکان خۆش دەکات تا لەسەر حیسابی خەڵک ببنە پاڵەوان. چارەسەری ڕاستەقینەی
ئەم دۆخەش؛ لە ڕێککەوتنی نیشتمانی و چاکسازیی ڕیشەیی دایە، بۆ ئەوەی ڕێگری لەو هێزە
هەلپەرستانە بکرێت کە دەیانەوێت خەونی هاووڵاتیان بۆ بەرژەوەندیی تەسکی خۆیان بەکار
بهێنن.