هەرێمی كوردستان خاوەنی نزیكەی دوو ملیۆن و دوو سەد هەزار ئۆتۆمبێلە، رۆژانە هەشت بۆ نۆ ملیۆن لیتر بەنزینی پێویستە. كۆڵانێك نیە تەژی نەبێت لە ئۆتۆمبێل. هەم قەرەباڵغیەكی بێتام شەقامەكان و فەرمانگەو بازاڕو رێگاكانی گرتۆتەوەو هەم ژینگەی كوردستانی پیسكردووە. لەم نێوانەدا بەردەوام قەیرانێك بەرۆكی گیرفانی هاوڵاتیانی كوردستانی گرتووە كە بەرزی نرخی بەنزینە. لە كوردستان كەس لەو مەتەڵە تێناگات بۆچی لە پازدە پارێزگای عێراق نرخی لیترێك بەنزینی باش بە 450 چوار سەدو پەنجا دینارە، بەڵام تەنها لە هەرێمی كوردستان سەرووی هەزار دینارە. یەك چارەك لە هەولێر دووربكەوە لە بەنزیخانەكانی نزیك قوشتەپە سەرە نیەو بەنزینی چوارسەدو پەنجا هەزاری بكڕە. بەڵام لەناو هەولێر بەسەرەگرتنێكی زۆرەوە ئینجا دەتوانیت لیترێك بە 750 دینار بكڕیت.
هەرێمی كوردستان خاوەنی نەوتە، ماددەی خاوی خۆی هەیەو لەدەرەوە نایكڕێت، خاوەنی چوار پاوڵاگەی ناسراوی گەورەیە (كەورگۆسك، لاناز، كار، بازیان) لە دوكان و هەولێرو دهۆك و سلێمانی چەندین پاڵاگەوی دیكە هەن، بەس كەورگۆسك دەتوانێت بەنزینی هەموو هەرێمی كوردستان دابین بكات، بەس بازیان دەتوانێت شەش ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمبهێنێت، ئەم پاوڵاگانە دەتوانن بەنزینی هەموو عێراق دابینبكەن، بە بڕیاری فەرمی عێراقیش رۆژانە هەرێمی كوردستان 50 پەنجا هەزار بەرمیل نەوت وەردەگرێت، كەچی نرخی بەنزین گرانەو كاریگەری راستەوخۆی لەتەواوی بازرگانی و كاركردنی ناوخۆیی كردووە.
باشە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەم هەموو پاڵاوگەیەو بەم هەموو بیرەنەوتەو كۆمپانیاو دامودەزگای وزەیە بۆچی ناتوانێت نرخی بەنزین هاوتای پارێزگاكانی دیكەی عێراق بكات؟ بۆچی رێگا نادرێت سەرمایەدارو خاوەن بەنزینخانەكان ئازادانە بەنزین هاوردە بكەن و نرخی دابەزێت..هۆكار چیە دەزگا پەیوەندیدارەكان نرخی بەنزین جێگیر ناكەن وەكو عێراق، خۆ پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا كە دەبێت نرخی لیترێك بەنزین لە كوردستان هاوتای شارەكانی دیكەی عێراق بێت، بۆچی ئەم بڕیارە جێبەجێ ناكرێت؟. ئەندامانی كوردی پەرلەمانی عێراق ئێوە بۆچی كارێك ناكەن، تاكەی بەنزین ئاوا گران و قاتی بێت.
ئەگەر پاوڵاگەكان ناتوانن پێویستی ناوخۆ پڕ بكەنەوە بۆچی داناخرێن و بانگهێشت ناكرێن.. بەڕاستی ئەم بێ سەروبەرییەی لە نرخی بەنزین هەیە دەچێتە بواری چەتەگەری ئابوری و قازانجی ناشەرعی و قۆرغكردنی بازاڕ بۆ كۆكردنەوەی سەرمایە لەسەر حسابی هاوڵاتیان.
هاوڵاتیانی كوردستانیش نقەیان نیەو تەنها سێ رۆژ لە سەرانسەری كوردستان بێ جیاوازی و بێ خۆبواردن، وەرن ئۆتۆمبێلەكان بكوژێنینەوەو نەچینە سەركار، بایكۆتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بكەین بە مەدەنی و شارستانی و بێدەنگ و هەرا، تەنها یەك قسە دەكەین یان نرخی بەنزین وەكو شارەكانی دیكەی عێراق دەبێتە 450 چوارسەدو پەنجا دینار یان ئۆتۆمبێلەكان لێ ناخوڕین. خەباتی مەدەنی هیچ دژایەتی حكومەت و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و كەس و لایەنێك نیە، خەباتێكە بۆ بەرژەوەندی گشتی.