لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ هەتا ئەمڕۆ، ٣١ ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون. ئەم ئامارە نافەرمیە، بەڵام ئامارێکی واقیعی ئەم هەرێمەیە، بەتەنیا ٣١ رووداو نیە، ٣١ چیرۆکی ناتەواوە، ٣١ دایک، خوشک، کچ یان هاوسەرە کە ژیانیان کۆتایی پێهاتووە،
هەر ژنێک کە دەکوژرێت، پرسیارێکی گەورە بەرامبەر کۆمەڵگا و دەسەڵات دروست دەبێت: بۆچی هێشتا ژنان لە ماڵ، لە شەقام و لە ژیاندا ئارام و پارێزراو نین؟ بۆچی تاوانباران زۆرجار هەست بە سزای یاسایی ناکەن؟ و دەستگیر ناکرێن، بۆچی خوێنی ژن هێشتا بە ئاسانی دەڕژێت؟
بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تاوانانە، هاوبەشی تاوانە. ئەو کۆمەڵگایەی لە کوشتنی ژنان بێدەنگ بێت، ڕێگە خۆشدەکات بۆ قوربانی تر.
ئێمە پێویستمان بە وتاری جوان نییە؛ پێویستمان بە دادپەروەرییە. پێویستمان بە جێبەجێکردنی یاسا، سزادانی تاوانباران، پاراستنی ژنان و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە بێسزاییەکە کە ژیانی ژنانی خستوەتە مەترسیەوە، هەر ژنێک کە دەکوژرێت، شکستی یەک خێزان نییە، شکستی هەموو کۆمەڵگایە.
ساڵانێکە هاوار دەکەین، نابێت هیچ ژنێک بەهۆی ڕەگەزەکەی ژیانی لێ بسەنرێت. هیچ تاوانبارێک نابێت لە ژێر چەتری بێسزایی خۆی بشارێتەوە، هەروەها پشتگوێخستنی دەنگی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتەوە، کەلێنکێکی گەورەیە ئەو دەسەڵاتەی گوێ لە ڕێکخراوەکانی خۆی نەگرێت و پڕۆژە و داواکارییەکانیان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان و پاراستنی ژنان بخاتە سەر ڕەفەی پشتگوێخستن، ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەم جۆرە تاوانانە، ئەم بێدەنگی و خەمساردییەی دامەزراوە فەرمییەکان، هیچ نییە جگە لە شەرعیەتدانی ناڕاستەوخۆ بە تاوان. پێویستمان بە بەڵێنی بێکردار نییە؛ ئیرادەی سیاسی و دادپەروەریمان دەوێت!
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تێر بووین لە دروشمی باق و بریق و لێژنەی بێئاکام. ئەوەی ئێستا دەبێت دەسەڵات جێبەجێی بکات، گوێگرتنی ڕاستەقینە لە ڕێکخراوەکان، جێبەجێکردنی دەستبەجێی ئەو پێشنیاز و پڕۆژە یاساییانەی کە ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی ژنان ساڵانێکە پێشکەشی دەکەن، جێ بەجێکردنی توندی یاساکانە بەبێ رەچاوکردن، ڕاوەستاندنی دەستبەجێی تێوەگلانی عەشایەری و ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر حیسابی خوێنی ژنان لە دادگاکاندا.
دادپەروەری بۆ هەموو قوربانییەکان، و پاراستنی ژیان و کەرامەتی ژنان، ئەرکێکە لەئەستۆی هەموو لایەکە.